ئایین و پاراستنی شكۆی خێزان

ئایین و پاراستنی شكۆی خێزان

 

 

خێزان بنچینە و بناغەی كۆمەڵگە و وڵاتە، بۆیە نیشانەی سەركەوتنی وڵات لە سەركەوتنی خێزان خۆی دەبینێتەوە. هەر تاكێك كاتێك پۆستێكی ئیداری، سیاسی، بازرگانی، یان هەركارێكی دی وەردەگرێت، لە خێزانێك هاتووە، جا نابێت چاوەڕێی ئەوە لەو كەسە بكەین، كە چاكسازیمان بۆ بكات كە لە ناو خێزانیدا، كە پڕە لە گەندەڵیی خێزانی، وەكو باب فێڵ لە منداڵەكانی دەكات، منداڵەكان فێڵ لە بابیان دەكەن، ژن و مێرد متمانەیان پێك نایەت، كەواتە ئەو كەسە لەم خێزانە شكستخواردووە هاتووە، بۆیە ناتوانێت فەرمانگەیەكی پاك و دوور لە گەندەڵی دروست بكات.

خودای گەورە دەفەرموێت: «إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ» [الرعد:11]واتە: هیچ گەلێك ناگۆڕین، مەگەر نەفسی خۆیان نەگۆڕن .

عن النعمان بن بشير رِضي الله عنهما قال: سمعت رِسول الله صلى الله عليه وسلم يقول: «أَلَا وَإِنَّ فِي الْجَسَدِ مُضْغَةً إِذَا صَلَحَتْ صَلَحَ الْجَسَدُ كُلُّهُ، وَإِذَا فَسَدَتْ فَسَدَ الْجَسَدُ كُلُّهُ، أَلَا وَهِيَ الْقَلْبُ». متفق عليه.

واتە: لە لاشەی مرۆڤ پارچە گۆشتێك هەیە، ئەگەر چاك بوو، ئەوە هەموو ئەندامانی لاشەی چاك دەبن، ئەگەر ئەو پارچە گۆشتە خەراپ بێت، ئەوە هەموو ئەندامانی لاشەی خەراپ دەبن، ئەویش دڵە.

مەبەستم لەم نموونەیە ئەوەیە، خێزان بۆ وڵات و شار و دێهاتەكان وەكو دڵ وایە، كەواتە ئەگەر خێزانەكان باش بن، ئەوە وڵاتیش باش دەبێت، ئەگەر خێزان سەركەوتوو نەبێت و شكستی هێنابوو، كۆمەڵگەش شكست دەهێنێت.

بە پێویستی دەزانم كە بۆ زیاتر پاراستنی شكۆی خێزان چەند خاڵی سەرەكی بخەمە ڕوو:

1- ڕێزگرتن و گوێڕایەڵیی دایك و باوك :

( وَقَضىٰ رَبُّكَ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا ۚ إِمَّا يَبْلُغَنَّ عِندَكَ الْكِبَرَ أَحَدُهُمَا أَوْ كِلَاهُمَا فَلَا تَقُل لَّهُمَا أُفٍّ وَلَا تَنْهَرْهُمَا وَقُل لَّهُمَا قَوْلًا كَرِيمًا) سورة الاسراء  (23)

واتە: خودای گەورە فەرمانی پێ كردوون، چاكەكار بن لەگەڵ دایك و باوكتان، ئەگەر داواكارییەكیان هەبوو، ناكرێت پێیان بڵێن ئۆف، بەڵكو دەبێت بەو پەڕی نەرمونیانییەوە وشەی جوانیان بۆ دەرببڕن .

2- دروستكردنی خۆشەویستی لە نێوان ئەندامانی خێزان بەگشتی و لە نێوان كوڕو كچ بەتایبەتی، هەروەها كچ و ژن برا (دش) و بووك و خەسوو .

3- دادپەروەری لە نێوان ئەندامانی خێزان بەگشتی، یەكسانی و دادپەروەری جیاوازن، بۆیە دەڵێم دادپەروەری، بۆ نموونە كچێكت هەیە تەمەنی سەرووی 15 ساڵە و كچێكی دیكەشت هەیە تەمەنی لە خوار 10 ساڵە، كەواتە ئەگەر بایی هەزار دینار چكلێت بۆ كچە بچووكەكەت كڕی و بە هەمان شێوە بە یەكسانی حیساب لەگەڵ كچە گەورەكەت بكەیت، ئەوە دادپەروەری نییە و ستەمت لە كچە گەورەكەت كردووە. بۆیە دادپەروەری بە پێی پێویست بڕیاری لەسەر دەدرێت .

خودای گەورە دەفەرموێت : «اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَیٰ». واتە: دادپەروەر بن، ئەوەیان نزیكترینە لە تەقوایی.

4- لاسایینەكردنەوە. زۆرێك لە خێزانەكان بە هۆی لاساییكردنەوەی ناشەرعی و ناتەندروست شكۆی خێزانییان لەدەست داوە. زۆرێك لە خەڵكی لە دەوامی فەرمی لە كۆلێژ و شایی و هیتر .. لە جلوبەرگ لاسایی یەكتری دەكەنەوە، بەوەش زیانی ماددیی زۆریان بەردەكەوێت ئەمەیان لە ناو ژنان و كچان زۆر باوە، لە ناو پیاوان سەیارە گۆڕین باوە كە بووەتە نەخۆشیی مۆدێل و لە مونافەسەی یەكتری ساڵانە سەیارەكانیان دەگۆڕن و زیانێكی زۆری ماددییان بەردەكەوێت و، كێشەی خێزانییان بۆ دروست دەبێت، بگەرە جاری وایە گەیشتووەتە جیابوونەوە و تێكچوونی شیرازەی خێزانێك و بووەتە هۆی پچڕانی دوو بنەماڵەی گەورە .

خودای گەورە بە خەراپ ناوی ئەو كەسانەی هێناوە كە كوێرانە شوێنی خەلكی دیكە دەكەون و ئیسراف و زیادەڕۆیی زۆر دەكەن و ئەوانەشی كە ڕەزیلی دەكەن»، (وَالَّذِينَ إِذَا أَنفَقُوا لَمْ يُسْرِفُوا وَلَمْ يَقْتُرُوا وَكَانَ بَيْنَ ذَٰلِكَ قَوَامًا) [الفرقان:67].

5- پاراستنی نهێنی لە ناو خێزان. بەداخەوە لە سەردەمی ئێستادا كە تێیدا دەژین، زۆرێك لە خێزانەكان بە هۆی نەپاراستنی نهێنیی خێزانی، شكۆی خێزانییان لە دەست داوە. ئەگەر تەماشا بكەین، ئەوانەی كە دزییان لێ دەكرێت، ئەو ماڵانەن كە نهێنییان نییە، لەوەش خەڕاپتر ئەوەیە ژن و مێرد نهێنیی ژووری نووستنیان بێننە دەرەوە. پێغەمبەری سەروەرمان (د.خ) نەفرەتی لەو جۆرە ژن و مێردانە كردووە و دەفەرموێت : «قول النبي صلى الله عليه وسلم: إنَّ مِن أَشَرِّ النَّاسِ عِنْدَ اللهِ مَنْزِلَةً يَومَ القِيَامَةِ، الرَّجُلَ يُفْضِي إلى امْرَأَتِهِ، وَتُفْضِي إِلَيْهِ، ثُمَّ يَنْشُرُ سِرَّهَا. رِواه مسلم».‏.‏

واتە: خەراپترین كەس لەلای خودای گەورە لە ڕۆژی قیامەت، ئەو پیاوەیە كە دەچێتە لای ژنەكەی و كاری شەرعی (سەرجێی) لەگەڵ ئەنجام دەدات و، دواتر لە ناو خەڵكی باسی دەكات كە لەگەڵ ژنەكەی خۆی چی كردووە. ئەوە ژنانیش دەگرێتەوە، كاتێك لەگەڵ یەكتری دادەنیشن و باسی پیاوەكانیان دەكەن.

6- بۆ پاراستنی شكۆی خێزان دەبێت ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە هەبێت. كاتێك منداڵەكان گەورە بوون و كاردەكەن و پارە دێننەوە ماڵەوە، ناكرێت منداڵەكانتان پشتگوێ بخەن و ڕاوێژیان پێ نەكەن، ئەو كات شكۆی خێزانتان لە دەست دەدەن.

قال تعالى (وَشَاوِرْهُمْ فِي الْأَمْرِ) .

7- دەبێت دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكانیان هاوڕێ بن و، لە نزیكەوە گوێ لە دەردەدڵی و موعاناتیان بگرن و، هەوڵی چارەسەركردنیان بدەن و هاوكاریان بن، نەك منداڵ نەتوانێت باسی نهێنیی ژیانی ڕۆژانەی خۆی بكات. دەبێت خەمخۆری سەرەكی دایك و باوكی بن، ئەگەرنا هاوڕێیەكی برسی لە دەرەوە هاوكاری دەكات و پاڵپشتی دەكات و گوێ لە نهێنییەكانی دەگرێت و دواتر لە خشتەی دەبات و بۆ مەرامە خراپەكانی خۆی بەكاری دەهێنێت و، منداڵەكەی تۆش دەبێتە قوربانی و لە دەستت دەڕوات، بۆیە خۆت ت چاودێری منداڵ و كەسە نزیكەكانت بێت و هاوڕێ خەراپەكانیان لێ دوور بكەیتەوە.

هەروەكو پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت :

النبي صلى الله عليه وسلم قال: ((كلُّكم رِاعٍ، وكلُّكم مسؤولٌ عن رِعيَّتِه، والأمير رِاعٍ، والرجل رِاعٍ على أهل بيته، والمرأة رِاعية على بيت زوجها وولدِه، فكلُّكم رِاعٍ، وكلُّكم مسؤول عن رِعيَّتِه))؛ متفق عليه

واتە: هەمووتان شوان و چاودێر و سەرپەرشتیارن، هەروەها بەرپرسیارن لە سەرپەرشتیارییەكەتان، سەرۆك سەرپەرشتیارە، پیاو سەرپەرشتیاری خانەوادەكەیەتی، ژن سەرپەرشتیاری ماڵی مێرد و منداڵەكانیەتی، بۆیە هەمووتان سەرپەرشتیارن و هەمووشتان بەرپرسیارن لەو سەرپەرشتییایەی كە پێتان دراوە .

لە ڕۆژی دوایی (یوم القیامة) لە گۆڕەپانی لێكۆڵینەوە، ئەوانەی بەرپرسیارەتییان هەبووە و كەمتەرخەم بوون، دەفەرموێت: ئەوانە ڕابگرن ئەوانە بەرپرسیان (وَقِفُوهُمْ ۖ إِنَّهُمْ مَسْئُولُونَ ) الصافات /24.

لە دایكێكیان پرسی: كام منداڵت لە هەمووان خۆشتر دەوێت؟

لە وەڵامدا گوتی: ئەوەی بچووكە و تا گەورە دەبێت. ئەوەی نەخۆشە و تا چاك دەبێتەوە .ئەوەی لە سەفەرە و تا دەگەڕێتەوە . ئەمە پێی دەگوترێت پاراستنی شكۆی خێزان .

ئیمامی شافیعی دەفەرموێت: چەند شت هەن، تایبەتمەندیی خۆتە و پێویست ناكات، خەڵكی بیزانن، لەوانە: تەمەنت چەندە؟ :سەروەت و سامانت چەندە؟ بیر و ڕات چییە؟ بۆ كوێ سەفەر دەكەیت؟

ئەم خاڵانەش ئەگەر بە نهێنی مانەوە، ئەوە شكۆی خۆت و خێزات پاراستووە .

 

 

 

 

مەلا رەعد نووری ئۆمەربلی

بەڕێوەبەری مزگەوتەكان و پشكنین لە دیوان وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینی

Top