خەو و پەستانی خوێن

خەو و پەستانی خوێن

لەكاتی نووستنێكی ئاسایی و تەندروستدا، پەستانی خوێن بە رێژەی 10-20% دادەبەزێت كە پێی دەگوترێت دابەزینی شەوانەی پەستانی خوێن Nocturnal dipping. كەم خەوی، یان خەوی ناتەندروست رێگە لەم دابەزینەی شەوانەی پەستانی خوێن دەگرێت. لێكۆڵینەوكان جەخت دەكەنەوە كە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەكاتی شەو یان لەكاتی خەودا، پەیوەندی هەیە بە نەخۆشیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، واتە بەرزبوونەوەی بەردەوام بە درێژایی تەمەن كە پێویست بە چارەسەر دەكات. دانەبەزینی پەستانی خوێن لەكاتی شەودا ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك زیاد دەكات، لەگەڵ نەخۆشیی گورچیلە و كەمبوونەوەی هاتووچۆی خوێن بۆ مێشك. لە لایەكی دیكە، گەلێك توێژینەوە ئەمەیان روون كردووەتەوە كە كەم خەوی یان پچڕبوونی خەو، هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەكاتی رۆژدا، بەتایبەتی لە تەمەنی ناوەڕاستدا واتە 36-55 ساڵی.

 

Top