خشڵ و كەرەستەی كوردەواری لە بازاڕی مۆدێرنی شەوانەدا

خشڵ و كەرەستەی كوردەواری لە بازاڕی مۆدێرنی شەوانەدا

خشڵ و كەرەستەی كوردەواری زیاتر لە شوێنە گشتییەكان و بازاڕەكاندا و بە ڕۆژ زیاتر هەن، ئێستا شەوانە لە كوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی چەندین شوێنی گشتیی وەك بازاڕ و شوێنی دانیشتن و كافی و پیاسە كردن كراونەتەوە، شەوانە گەنجان و خێزان و كچان بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆشی سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن، شەقامی غەزالی لە هەولێر چەند ساڵێكە كراوەتەوە، بازاڕێكی شەوانەیە و دەیان شوێنی كافێ نۆشكردن و هەروەها بەم دواییە چەندین شۆپی بچووكی كەرەستە و پێداویستی تێدا كراوەتەوە، سارا سوارە، ئەو كچەی هەمیشە گرنگی بە خشڵ و كەرەستەكانی كوردەواری داوە، لە زۆربەی شوێنە گشتییەكاندا گرنگی بە كەلتووری كوردەواری دەدات، پێشتر لە چەندین مۆڵ و بازاڕی مۆدێرندا شۆپێكی بچووكی تایبەت بە خشڵ و كەرەستەی كوردەواریی كردووەتەوە، چەندین كەرەستەی كوردەواری لەو شوێنەدا نمایش كردووە، خەڵك و گەشتیارانیش بۆ بینین و كڕینی خشڵ و كەرەستەكان ڕوو لە شوێنەكە دەكەن، جگە لە وێنەگرتن و سناپكردن لەگەڵ شوێنەكە، هەروەها هەندێكیان كەرەستەكان دەكڕن بۆ خۆیان یان بۆ بە دیاری بۆ كەسانی دەوروبەریان دەبەن، ڕۆژانە لە دوای ڕۆژئاوابوون ئەو شوێنە پڕ خەڵك دەبێت و نزیكەی پێنج كارمەند لەو شۆپە بچووكە كوردەوارییەدا بۆ وەڵامدانەوە و دابینكردنی داواركاریی خەڵك كار دەكەن.

 

Top