شـانازی بەخۆتەوە بكە

شـانازی بەخۆتەوە بكە

 

لە زانستی پەرەپێدانی مرۆییدا ئەوە چەسپاوە كە مرۆڤ بەگشتی بوونەرێكی گەورەیە، خاوەنی بیر و هزرە، ئەفراندن و داهێنان بەرهەمی بیری مرۆڤە، عەقڵانی ترین كاری مرۆڤ ئەوەیە كە خۆی بناسێت، ئاستی خۆی بزانێت و بەهرە و تواناكانی خۆی بدۆزێتەوە و پەرەیان پێ بدات، لەپاڵ ئەوەیشدا بە كەموكورتیەكانی خۆی ئاشنا بێت و هەوڵی بەردەوامی هەبێت بۆ پڕكردنەوە و چاككردن و خۆپێگەیاندن.
گەورەیی مرۆڤ ئەوەیە شانازی بەوەوە بكات كە هەیەتی و هیچ كات خۆی بەكەم نەزانێت، ئەوەی نیەتی هەوڵی بەدەستهێنانی بدات، كاتێك وەك خودی خۆت دەردەكەویت ئیتر ئازادانە و بێ ترس بەربەستەكان دەشكێنیت و پلەكان دەبڕیت، هەرگیز پێویستت بەوە نییە وزەی خۆت بەفیڕۆ بدەی لە خۆنمایشكردن، بەڵكو تۆ دەبیتە پێشڕەو و نموونەی باڵای ئەوانی تر.
خۆبوون، شانازیت پێ دەبەخشی، شانازی بەخۆكردن، شانازییەك كە متمانە بەخۆبوونت پێ دەبەخشێ و دەبیتە ئەو كەسەی هیچ كەست لا بچووك نییە و خۆیشت لەكەس بەكەمتر نازانی، چونكە هەمیشە لە هەوڵدایت بۆ ئەوەی بگەی بە كەسە پێشەنگەكانی پێش خۆت و دڵخۆشیشی كاتێك ئەوانەی خوار خۆت گەشە دەكەن و پێ دەگەن.
ئەمانە ئەگەر بۆ مرۆڤ بەگشتی جێی بایەخ و گرنگ بێت، دەبێت ئەوانە بۆ ئافرەت چەندجار گرنگ بن، چونكە هەركات ئافرەت سەنگی خۆی زانی خێزان بایەخی بۆ دەگەڕێتەوە و كۆمەڵگا ئاسوودە دەبێت، هاوسەنگی دێتە ئارا وكەس بەچاوی كەم سەیر ناكرێ و هیچ كەسیش لەقەبارەی خۆی گەورەتر نایەتە بەرچاو.
لە مێژە وتراوە (خۆت بە، بۆ ئەوەی ئەوانی تر وەك خۆیان ببینیت)

 

هێشوو دارا سەلیم، بەرپرسی ئەنجومەنی دەوروبەری سلێمانی_یەكێتی ئافرەتانی كوردستان

Top