ده‌مه‌وێ خزمه‌تى وولاتى خۆم

ده‌مه‌وێ خزمه‌تى وولاتى خۆم

سروه‌ فازیل یاریزانى بۆكسین له‌ وولاتى فیله‌ندا

ده‌مه‌وێ خزمه‌تى وولاتى خۆم
هه‌ر چه‌نده‌ له‌ كوردستان وه‌كو پێویست گرنگیی به‌ یارییه‌كانى بۆ كسێنى كچان نه‌دراوه‌ وه‌كو پێویست له‌ شاره‌كان، به‌ڵام حه‌ز و خولیا رێگه‌ى به‌و یاریزانانه‌ نه‌داوه‌ كه‌ خه‌ونه‌كانیان بێ بایه‌خ بێ، چه‌ندین كچه‌ یاریزانى به‌توانامان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان به‌ ئالای كوردستان به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى سه‌ر ‌وئاستى ئه‌وروپا ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و یاریزانه‌ به‌توانایانه‌ش كه‌ پاشه‌ رۆژێكى باشى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستى وولاتانى ئه‌وروپا ئه‌ویش كچه‌ یاریزان(سروه‌ فازیل پالانى) له‌ دایك بووى كه‌مپى ئه‌لتاش له‌ عێراق له‌ ساڵى 1995، ئێستا یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ دیاره‌كانى تیپى(PRO BOXING) له‌ ووڵاتى فیله‌ندا یارى ده‌كات خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستى ووڵاته‌كه‌ى و هه‌ڵگڕی ڕه‌گه‌زنامه‌ى ئه‌و ووڵاته‌شه‌، بڕیاره‌ له‌ مانگى 3ى ئه‌مساڵ به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كى پیشه‌گه‌ری بكات وه‌كو كچه‌ كوردێك، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد و ئه‌ویش وه‌لامى پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌ كارزان كانه‌بی
*چۆن بوو یارى بۆكسێنت هه‌ڵبژارد؟
-سه‌ره‌تا له‌ رێگه‌ى هاوڕێیه‌كى خۆمه‌وه‌ هاتمه‌ نێو ئه‌م یارییه‌ كه‌ زۆرجار باسى یارى بۆكسینى ده‌كرد بۆم، منیش زۆر به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ حه‌زم له‌م یارییه‌ بوو، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى كه‌سێك بووم ده‌ستم بگرێ بۆ ئه‌وه‌ى بێمه‌ نێو ئه‌م یارییه‌.
*هه‌ست ناكه‌ى وه‌رزشێكى قورست هه‌ڵبژاردوه‌ به‌ تایبه‌تى بۆ ئێوه‌ى ئافره‌تان كه‌ زیاتر خۆى له‌ شه‌ڕ ده‌بینێته‌وه‌؟
- به‌لێ ڕاسته‌ یارییه‌كى زۆر قورسه‌، به‌ڵام رێژه‌ى خۆشیم بۆ یارییه‌كه‌ زۆره‌ بۆیه‌ هیچ كات هه‌ست به‌ قورسی ناكه‌م.
*پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنى ئه‌م وه‌رزشه‌ له‌ چى ده‌بینی؟
-گرینگیدان به‌م یارییه‌ له‌ سه‌ر ئاستى ئه‌وروپا و به‌ تایبه‌تى له‌ وولاتى فیله‌ندا، وه‌ گرنگیی دان به‌ سه‌رجه‌م وه‌رزشكاران و هه‌بوونى پلانى گرنگ ئوانه‌ هه‌مووى وات لێ ده‌كات ئومێدت بۆ دروست بێت.
*چ هه‌ستێكت هه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا شان به‌ شانى ئه‌وروپپیه‌كان وه‌رزش ده‌كه‌ى؟
-وه‌كو ژیانێكى خۆش ده‌بینم و هه‌ستێكى یه‌كجار خۆشم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وروپییه‌كان یارى ده‌كه‌م و ده‌جه‌نگه‌م بۆ به‌ده‌ست هێنانى ئه‌نجامی شایسته‌ و وا هه‌ست ده‌كه‌م یه‌كه‌م یارى كوردم.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى به‌ گشتى له‌ سه‌ر ئاستى ئه‌وروپا؟
-له‌ ئه‌وروپا زۆر سه‌خته‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى بۆ كچه‌ وه‌رزشكارێكى ئه‌وروپی ده‌كرێت بۆ په‌نابه‌رێكى وه‌كو من ناكرێ.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى كورد بۆ نێو ئه‌م وه‌رزشه‌ به‌ تایبه‌ت؟
-بۆ كچى كورد زۆر سه‌خته‌، چونكه‌ كه‌لتووری خۆمان رێگه‌ به‌ ئه‌وه‌ نادات كاتى یارى جلی وه‌رزشیی له‌ به‌ر بكه‌یت به‌م شێوه‌یه‌ بێت.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ یاریزانێكى كورد؟
-هه‌چى حه‌زت لێیه‌ تاقی بكه‌وه‌، چونكه‌ تاقی كردنه‌وه‌باشترین شته‌ بۆ خودی مرۆڤ، ده‌مه‌وێ ئاست و ئه‌نجامى گه‌وره‌تریش به‌ده‌ست بهێنم.
*بڕیارت نه‌داوه‌ بگه‌رێته‌وه‌ كوردستان و ئه‌كادیمیایه‌ك دروست بكه‌ى بۆ ئه‌م یارییه‌؟
-تا ئێستا بڕیارم نه‌داوه‌ بگه‌رێمه‌وه‌ كوردستان، به‌ڵام هه‌ر كات بڕیارمدا بگه‌رێمه‌وه‌ كوردستان ده‌مه‌وێ خزمه‌تى وولاتى خۆم بكه‌م باشتره‌ تاكو ئه‌وروپا.
*زۆر جار به‌ ئاڵاى پیرۆزى كوردستان به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان ده‌كه‌ى بۆچى؟
- چونكه‌ ئه‌وه‌ ره‌مزی منه‌، چونكه‌ من كچه‌ كوردم .
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێكى پاڵه‌وانى كورد؟
-خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ ببمه‌ نموونه‌ی كچى كورد له‌ سه‌ر ئاستى ئه‌و یارییه‌.
*پلانتان چیه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌؟
-پلانى من ئه‌وه‌یه‌ بتوانم نموونه‌یه‌كی جوانى كوردستان پێشكه‌شى ئه‌وروپا بكه‌م.
*وه‌كو پاڵه‌وانێكى كورد به‌نیازى ئه‌وه‌ نیت تیپێكى كوردستانى دروست بكه‌ى له‌ وولاتى فیله‌ندا؟
-حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و كاره‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌م بۆ كوردستان، به‌ڵام لێره‌ رێگه‌م پێناده‌ن ئه‌و كاره‌ بكه‌م.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- زۆر سوپاسى گۆڤاری گوڵان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى به‌ سه‌رجه‌م وه‌رزشكارانى كوردستان ده‌كات.

Top