بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە یادی حەفتا و حەوت ساڵەی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە یادی حەفتا و حەوت ساڵەی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا

لە یادی 77 ساڵەی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، یەکەمین کۆماری کورد لە سەردەمی نوێدا، پیرۆزبایی لە گەلی کوردمان لە هەموو شوێنێکی کوردستان وھەندەران دەکەین.
لە 22ی کانوونی دووەمی ساڵی 1946، پێشەوا قازی محەمەد بە سەرۆکایەتیی حزبی دیموکراتی کوردستان لە مەیدانی چوارچرای شاری مھاباد، بە ئامادە بوونی جەنابی بارزانی «زەعیمی شۆڕشی بارزان» و ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی پارچەکانیتری کوردستان، کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند و بۆ یەکەمین جار ئەو ئاڵایەی لە ١٧ دیسامبری ١٩٤٥ دا ھەڵکرا بوو، بە فەرمیی کرایە ئاڵای کوماری کوردستان. ئەو ڕێوڕەسمە مەزنە نوێنەرایەتیی ناسنامەی کوردی لە چوارچێوەی ئەزموونێکی ساوادا کرد، کە دیمەنەکانی دیموکراسی و مافی گەلانی لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیانی تێدا ڕوون و بەرچەستە بوو.
کۆماری کوردستان خەونی ڕەوای دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردانەی لە سەر خاکی کورد بۆ گەلێک، کە خاوەنی گشت بنەماکانی سەربەخۆیی و دەوڵەتی هاوچەرخە بەرجەستە کرد، بە بێ ئەوەی بەدیهاتنی ئەم خەونە کاریگەریی بخاتە سەر سەروەریی یان قەوارەی هیچ یەکێک لە دەوڵەتانی دەوروبەری.

گەرچی تەمەنی کۆمار درێژ نەبوو، بەڵام ئەم ئەزموونە نەمرە گەلێک دەستکەوتی بەرهەم هێنا کە دەربڕینی خواستەکانی گەلی کوردمان بوون. ئەوە بوو سوپای میللی کورد (هێزی پێشمەرگە)ی دامەزراند و، زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی ڕاگەیاند و، قوتابخانەکان کرانەوە و ڕۆژنامەگەری و شانۆ دامەزران و ئافرەتان تێکەڵی گۆڕەپانی ژیانی نوێی کوردستانی بوون و پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دامەزرێندرا.
دوابەدوای ڕووخانی کۆماری کوردستانیش، لە ئەنجامی بارودۆخی ئاڵۆزی نێودەوڵەتیی ئەو سەردەمە و لەبەر کۆمەڵە هۆکارێکی ئاشکرا، قازی محەمەد لە ڕۆژی 17ی کانوونی یەکەمی 1946، ئاڵای کوردستانی ڕادەستی مستەفا بارزانیی نەمر کرد کە سەرۆکی ئەرکانی حکوومەتەکەی بوو، بۆ ئەوەی هێمای نەتەوەیی کورد بپارێزێت. لەبەر ئەمە، تا ئەمڕۆ گەلی ئێمە لە کوردستان، لە 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکدا ڕۆژی ئاڵای کوردستان وەک یادێکی مێژوویی و نیشتمانی بەرز ڕادەگرێت، کە لە ساڵی 2004 ئەم یادە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کرا و چەسپێنرا.
پاش دادگاییکردنێکی شێوەیی، فەرمانی لەسێدارەدان بۆ سەرۆکی کۆمار قازی محەمەد دەرکرا و لە 31ی ئاداری 1947 جێبەجێ کرا، بەوەیش ئەزموونی کۆماری کوردستان کۆتایی هات، بەڵام بیری ئازادی و ماف و سەربەخۆیی هەر بە زیندوویی لە یادگەی گەلی کورد مایەوە و، ئەم گەلە بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مستەفا بازانیی نەمر درێژەی بە خەباتی خۆی دا لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەدیهێنانی خواستە مرۆڤانەکانی خۆیدا. بارزانیی نەمر کۆڵەکەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی لە سەدەی بیستەمدا چەسپاند و ڕابەرایەتیی شۆڕشێکی درێژخایەنی کرد لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کورد و وەرگرتنی داننانی نێودەوڵەتی بە ڕەوایەتیی ئەم خەباتە.بەم شێوەیە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازیی ئەو، پرسی کوردیان خستە سەر نەخشەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیستمی نێودەوڵيتییەوە.
کاروانی خەبات بەوەندە نەوەستا و، ئەوەبوو لە پاش لێکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975، دەستەبژێرێکی ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەو کات بە ناوی (سەرکردایەتیی کاتی) ناسران دووبارە ڕیزەکانی بزووتنەوەی کوردیان چەسپاندەوە و ئاگری شۆڕشیان هەڵکردەوە، کە ئەمە مایەی دەستخۆشی و پیرۆزکردن بوو لەلایەن بارزانیی نەمرەوە کە بڕیاری بەردەوامیدانی بە سەرکردایەتیکردنی حزب و شۆڕش دا. ئەو سەرکردایەتییە کاتییە کاک ئیدریس بارزانیی هەمیشە لەیاد و سەرۆک مسعود بارزانی و ژمارەیەک تێکۆشەری لاوی لەخۆ گرتبوو، کە سەرکردایەتیی گەلی کوردیان لە قۆناخێکی نوێدا کرد کە قۆناخێک بوو چەندین داستان و سەرکەوتنی بەخۆوە بینی، هەروەها ساتەوەختی سەختیشی بەخۆوە بینی کە تیایدا گەلی کورد باڵاترین شێوەکانی قوربانیدان و خۆبەختکردنی تۆمار کرد. پاش لەدەستدانی کاک ئیدریس بارزانیی نەمریش، سەرۆک مسعود بارزانی بە لێهاتوویی و دانایی و ئازایەتیی خۆی لە سەرکردایەتیکردنی کوردستان بەردەوام بوو تا گەیشتن بە قۆناخێکی نوێ کە ترۆپکەکەی لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا بەدی هات بە دامەزراندنی ئەزموونێکی نوێی کورد کە هەڵقوڵاوی بیری ڕوونی ئەو بوو لە بارەی ئازادی و سەربەخۆیی و حوکمڕانی، ئەویش ئەزموونەکەی هەرێمی کوردستان بوو. ئەوە بوو پەرلەمان و حکوومەتی کوردستان پێک هێنران و ئەم ئەزموونە دیموکراسییە ساوایە گەشەی کرد تا بە ئەمڕۆی سەقامگیری و سەربەخۆیی لە بڕیاری سیاسی و گەشەی هەموو ڕووەکانی ژیان گەیشت. هەرچەندە ئێمە هێشتا خوازیاری پێشکەوتن و گەشەی زیاترین، بەڵام ئەوەی کوردستان و گەلی کورد پێی گەیشتووە دەستکەوتێکی ناوازەی مێژووییە و شایانی ئەوەیە هەموومان شانازیی پێوە بکەین.
لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و هێزی پێشمەرگەی قارەمان لە هەموو شوێنێکی کوردستانی خۆشەویستدا، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کۆماری کوردستان و گشت شەهیدانی کوردستان کە بە درێژایی ساڵانی خەبات و بەخشین و قوربانیدان گیانی خۆیان بە نیشتمان و بە ئازادی بەخشی.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان-ی
پارتی دیموکراتی کوردستان
22ی کانوونی دووەمی 2023

Top