نەخێر بۆ ئابووریی ڕەیعی بەڵێ بۆ كشتوكاڵی بەردەوام

نەخێر بۆ ئابووریی ڕەیعی بەڵێ بۆ كشتوكاڵی بەردەوام

 

پێش ئەوەی گرنگیی دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان ڕوون بكەینەوە، زۆر پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە زانستی ئابووری لەم سەردەمەی ئێستاماندا، ئامانجی ئەوەیە كە هانی كۆمەڵگە تازەپێگەیشتوو و پەرەسەندووەكان بدات، تاكو بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و نموونەیی سەرجەم سەرچاوەكانی سرووشتی و مرۆیی خۆیان بقۆزنەوە، بۆ وەدیهێنانی چاكترین بەرهەمی نەتەوەیی بەردەست و بە كەمترین تێچوو، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی ئەوپەڕی قازانجی داهاتی دارایی بە مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ كۆمەڵگە.

مەبەست لە گەشەی ئابووری ئەوەیە تا چەند تێكڕای داهاتی نەتەوەیی و تێكڕای داهاتی تاك لە كۆمەڵگەدا گەشە دەكات، بەڵام چەمكی گەشەسەندنی ئابووری بریتییە لە تێكڕای گەشەی سەرتاپاگیری و هاوسەنگیی گشت كەرتەكانی كۆمەڵگە و تاك و هەرێمە جوگرافی و ئیدارییەكان.

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە تا چەند گۆڕانكاری ئەنجام بدرێت لە ئابووریی ڕەیعی (تاكلایەنە یان دوولایەنە) بۆ ئابووریی بەرهەمهێنان بە مەبەستی وەدیهێنانی ئاسایشی خۆراك، ئەوەش بە گرتنەبەر و جێبەجێكردنی سیستمی كشتوكاڵیی بەردەوام دێتە دی.

مەبەست لە ئاسایشی خۆراك دەستەبەركردنی خۆراكی پێویست و تەندروستە بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە، بە چاوپۆشین لە كات و هەلومەرجی سەختی كەشوهەوا و ئاسایش، ئەمەش بە بەهای خۆراكی فرەچەشن، كە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زیادبوونی بەردەوامی بەكاربردن و بەرز و نزمیی نرخ و تێچووی بەرهەمهێنان. ئاسایشی خۆراك چەندین ڕێكاری پێویست لەخۆ دەگرێت، بۆ گونجان لەگەڵ هەر كەموكووڕییەك كە لە ئایندەدا لە بەرهەمهێنان بێتە ئاراوە، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتی كەمبوونەوەی كۆمەكی خۆراك بە هۆی سەرهەڵدانی وشكەساڵی و پەتاكانی كشتوكاڵی، یان بە هۆی پەككەوتنی هۆیەكانی گواستنەوە، لەبەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، یان بە هۆی نالەباریی دۆخی ئەمنی، هەروەها بەهۆی پێكدادان و جەنگە نێودەوڵەتییەكان.

بە گوێرەی بڕیارەكانی ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی نەتەوە یەكگرتووەكان، گرنگترین پایە و بنەمای ئاسایشی خۆراك بریتییە لە، بەردەستبوون، دابینكردن، بەكارهێنان و سەقامگیری.

بەردەستبوون: واتا بەردەوامی لە دەستەبەركردنی خۆراك بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە، لە ڕێی پاڵپشتیكردنی پرۆسەكانی بەرهەمهێنانی خۆراك و دابینكردنی دادپەروەری لە دابەشكردندا، دیارە ئەمەش پێویستی بەوەیە دەسەڵاتە تایبەتمەندییەكان چاودێریی چاكی بەڕێوەبردنی زەویی كشتوكاڵی جووتیاران بكەن، بەردەوامیش ڕێنمایی و كەرەستە و كەلوپەل و پەیین و تۆ و دەرمانی دژە پەتای كشتوكاڵییان پێ بدەن، هەروەها كارئاسانییان بۆ بكەن لە ڕووی پرۆسەی بەبازاڕكردن و هەناردەكردن و هاندانیان تا كۆگا دابین بكەن، بۆ پاراستنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لەگەڵ هاندانی پیشەسازیی كشتوكاڵ و دامەزراندنی پڕۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر و باڵندە و ماسی لەگەڵ پاراستنییان لە ڕكابەری، ئەمەش بە قەدەغەكردنی هاوردەی ئەوەی كە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت.

دابینكردن: مەبەست لەمەدا هاوسەنگی و گونجانە لە نێوان نرخەكان و توانای دارایی تاكەكان لە بەدەستهێنانی كەلوپەلی خۆراك، ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتیكردنی جووتیاران و كارگەكانی بەرهەمهێنان هەیە، چ بە كەمكردنەوەی باج، یان بە پێشكەشكردنی سولفە و قەرزی درێژخایەن. دەبێت داهاتی دارایی تاك ڕێگەی ئەوەی پێ بدات بتوانێت ئەوەی پێویستیەتی لە خۆراك و دەرمان و شتی دیكەی گوزەرانی بەدەستی بهێنێت.

بەكارهێنان: واتا چۆنێتیی بەكارهێنان و بەكاربردنی خۆراك لەلایەن تاكەكانەوە، بێ زێدەڕۆیی، ئەم هەنگاوەش لە ڕێی دەزگا بەرپرسەكانەوە ئەنجام دەدرێت، بە پێشكەشكردنی ڕێنمایی بە تاكەكانی كۆمەڵگە، سەبارەت بە بەهای خۆراكیی هەر بەرهەمێك و ئاستی پێویستیی كۆمەڵگە بەو بەرهەمە، بەڵام دوور لە زێدەڕۆیی.

سەقامگیری: واتا پاڵپشتیكردنی نرخی كەلوپەلی خۆراك، بەتایبەتی لە كاتی بەرز و نزمیی بازاڕ و بەرزبوونەوەی لە ڕاددەبەدەری نرخەكان، چ بە هۆی چاوتێبڕین و تەماعكاریی هەندێ لە بازرگانەكان، یان بە هۆی كەمیی بەرهەم لە ئەنجامی كارەساتی سرووشتی، یانیش بە هۆی ململانێی چەكداری و شەڕی ناوخۆ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە تووشی چەندین نەخۆشیی جەستەیی و دەروونی ببن.

تا ئێستا كۆمەڵگەی كوردستانی هەر بە كۆمەڵگەیەكی بەكاربەر دەژمێردرێت، چونكە زۆربەی كەلوپەلی خۆراكی لە دەوڵەتانی دیكەوە هاوردە دەكرێن، لە پاڵ هاوردەكردنی داودەرمان و كەرەستەی تەكنیكی و بیناش، ئەمەش بەو واتایەیە كە داهاتی نەتەوەیی نزیكە لە سفر، كەواتە بەهای كۆتایی كاڵا و خزمەتگوزاریی بەرهەمهێنراو لە میانی ساڵێكی تەواودا لە ڕێی هۆكارەكانی بەرهەمهێنانی نیشتمانییەوە ئەنجام دەدرێت، بەهای ئەو بەرهەمەی لە كوردستان هەناردە دەكرێت، ناگاتە قەبارەی هاوردە، واتا هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی خۆراك لە كوردستان هەیە.

ئەگەر بەردەوام پشت بە داهاتی (ڕەیعی) ببەستین لە كوردستان، وەك پشتبەستنی تەواو بە داهاتی پتڕۆڵ و گومرگ و دارایی، كە پەیوەست نین بە پرۆسەی بەرهەمهێنان، ئەوا دەرئەنجام و لێكەوتەی مەترسیداری بەدوادا دێت، ئەمەش بەو واتایەیە كە ئابووریی هەرێم پەیوەستە بە گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان (لە سرووشتی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر و ئاستی بەكارهێنانی گوشار لەلایەن بەغداوە بەرانبەر حكومەتی كوردستان)، هەروەها پەیوەستە بە گۆڕانكارییە دەرەكییەكان (پەیوەندیی هەرێم بە دەوڵەتانی دراوسێ)، سەرباری ئەو گۆڕانكارییانەی ئابووری كە جیهانیان هەژاندووە، وەك دابەزینی نرخی پتڕۆڵ و بەرز و نزمیی دراوی قورس، یان كەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانیی جیهانی، یانیش سستیی بازاڕ و خانووبەرە، هەموو ئەو فاكتەرانە كاریگەریی نەرێنیان دەبێت بەسەر ئەو كۆمەڵگەیانەوە كە پشت بە داهاتی ڕەیعی دەبەستن، كە دواجار دەبێتە هۆی مایەپووچبوون و داڕمانی سیستمی حوكمڕانی و لەناوچوونی یەكجارەكی.

كاتێك بەردەوام ئەوە فەرامۆش دەكرێت كە ڕۆژێك دێت پتڕۆڵ لە كوردستان نامێنێت، یان خواست لەسەری كەم دەبێت، ئەمە كارەساتێكە بۆ خۆی، چونكە ئەو كاتە ناتوانرێت بەو داهاتە كەلوپەلی خۆراكی پێویست، یان داودەرمان و كەرەستەی پزیشكی هاوردە بكرێت، تەنانەت كار دەگاتە ئەوەی مووچەی كارمەندانیش ڕابگیرێت و خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی پێشكەش نەكرێت، دواجار كۆمەڵگە دابڕمێت.

ئێستا كاتی هاتووە، لەسەر حكومەت و هەموو حزبە كوردستانییەكان پێویستە لە جیاتی ئەوەی ڕوو بكەنە كوتلە و كوتلەكاری و لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگە لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی و تاكە كەسی، دەبێ بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئەستۆ بگرن و بە دوای هۆكارەكانی گۆڕینی كۆمەڵگەی كوردستانی بۆ كۆمەڵگەی بەرهەمهێن بگەڕێن، كۆنگرەی زانستی ساز بكەن، هەروەها توێژینەوە پێشكەش بكەن و چارەسەری گونجاو بخەنە ڕوو، بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك بۆ نەوەكانی ئێستا و ئایندە،.

كاتی ئەوە هاتووە هەموو حزبە كوردستانییەكان بناغەی سیستمێكی ئابووری و بەرهەمهێن دابڕێژن، هەروەها هەیكەلبەندیی ئابووریی نیشتمانی كارا بكەنەوە، بە ڕەچاوكردنی ئەو توانایەی لە كوردستان هەیە لە داهات و توخمەكانی بەرهەمهێنان (زەوی، كار، سەرمایەی ڕێكخستن)، هاوكات پشتبەستن بە وزەی نوێبووەوە (كە لە ئاو و با و وزەی خۆر وەرگیراوە)، دیسان كاری بەردەوام بۆ وەدەستهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدان، ئەوەش بە دامەزراندنی پڕۆژەگەلی ئابووری و بەرهەمهێنان، كە دەبنە هۆی زیادكردنی داهاتی نەتەوەیی و وەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری بۆ دەستەبەركردنی ئایندە و ژیانێكی خۆش و سەربەرزانە بۆ نەوەكانی داهاتوو.

جێبەجێكردنی سیاسەتی گەشەپێدانی بەردەوام پێویستی بە بنیادنانی بناغەگەلێك هەیە بۆ وەبەرهێنانی كشتوكاڵی بەرهەمهێن، ئەمەش بە دابینكردنی ئاودێری ئەنجام دەدرێت، لە ڕێی بنیادنان و دروستكردنی بەنداو و پۆند و چاككردنی تۆڕەكانی هاتوچۆ و پاراستنی ژینگە، هەروەها پاڵپشتیكردنی پیشەسازیی دەرمان و پەیین، لەگەڵ پێشكەشكردنی پاڵپشتیی بەردەوام بۆ جووتیاران و هاندانی پیشەسازیی كشتوكاڵی و گەشەپێدانی سامانی ئاژەڵ و ماسی، دواجار پاڵپشتیكردنی پیشەسازیی گەشتوگوزار و پاراستنی بەرهەمە نیشتمانییەكان.

 

Top