دكتۆر خەلیل غازی دۆسكی بۆ گوڵان:   بانكی ناوەندیی عێراق پێیان وتووین بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر دیناری عێراقی جێگیر دەبێتەوە، بەڵام كاتی پێویستە 

دكتۆر خەلیل غازی دۆسكی بۆ گوڵان:     بانكی ناوەندیی عێراق پێیان وتووین بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر دیناری عێراقی جێگیر دەبێتەوە، بەڵام كاتی پێویستە 

 

 

ناجێگیریی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر دیناری عێراقی و هەڵكشانی 100 دۆلاری ئەمریكی بۆ سەرووی 163 هەزار دینار، ناسەقامگیری و شڵەژانێكی گەورەی لە ناو بازاڕە ناوخۆییەكانی عێراق و كوردستاندا لێ كەوتەوە، كاریگەریی نەرێنیی كردە سەر دۆخی جووڵەی ئاڵووێری بازرگانی و جموجووڵی بازاڕیشی سست كرد. داشكانی بەهای دینار و هەڵكشانی بەهای دۆلاری ئەمریكی لە 20/12/2020ـەوە دەستی پێ كرد، ئەو كاتەی حكومەتی عێراق بە ڕەزامەندیی بانكی ناوەندی لە پێناو چارەسەركردنی كورتهێنان و پێدانی مووچەكان نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێكی ئەمریكی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد كرد، بەمەش 100 دۆلاری ئەمریكی لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە نێوان 148 بۆ 149 هەزار دینار جێگیر بوو، تا لە 11/12/2022ـەوە داشكانی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار سەقفی 163 هەزار دیناری تێپەڕاند. بۆ قسەكردن لەسەر هۆكارەكانی هەڵكشانی بەهای دۆلار و كاریگەرییەكان و ڕێگەچارەسەرەكان، دیدارێكمان لەگەڵ دكتۆر خەلیل غازی دۆسكی ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ساز دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* ناجێگیریی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی شڵەژانێكی نەك تەنیا نەختینەیی لێ كەوتووەتەوە، بەڵكو نرخەكانی كاڵا و شمەكەكانیشی بەرز كردووەتەوە، هەرچەندە بانكی ناوەندی بڕیاری داوە بڕە دۆلارێكی زیاتر بخاتە ناو بازاڕەوە، بەتایبەتی لە ڕووی فرۆشتنی دۆلاری حەواڵە، كە بازرگان و بزنێسكارەكان بۆ هێنانی شمەك و كەلوپەلەكان پێویستیانە، كەچی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر دینار هەر بە بەرزی ماوەتەوە، ئایا هۆكاری ئەم ناجێگری و بەرزییە لە نرخی دۆلار بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- بانكی ناوەندیی عێراقی دۆلاری ئەمریكی بە دوو ڕێگەی ڕاستەوخۆ ئەویش بە شێوەی نەختینەیی، واتا كاش، هەروەها بە شێوەی دۆلاری حەواڵە خستووەتە بازاڕ، بانكەكە بەشە زۆرەكەی فرۆشتنی دۆلار بە شێوەی دۆلاری حەواڵەیە، دۆلاری حەواڵەش ئەو دۆلارەیە كە بانكی ناوەندی بە نرخێكی پاڵپشتیكراو دەیفرۆشێتە بازرگان و ئەو كۆمپانییانەی بەو دۆلارە شمەك و كاڵا لە دەرەوەی وڵات دەهێنن، بەمەش كۆمپانیا و بازرگانەكان بە دۆلاری پاڵپشتیكراو پێداویستییەكانی ناوخۆ لە كاڵا و شمەكەكان دابین دەكەن. كێشە سەرەكییەكە لێرەدا سەری هەڵداوە، كاتێك بانكی ناوەندی ڕێكاری نوێ و توندی پەیڕەو كردووە بۆ پێدانی دۆلاری حەواڵە، بەوەی دەبێت لەمەودوا ئەو بازرگان و كۆمپانییانەی شمەك و پێداویستییەكان لە دەرەوە دەهێنن، لیست و وەسڵی كڕینەكانیان لە شوێنی سەرەكی پێشكەش بە بانكەكە بكەن، ئەمەش وای كردووە، خواست لەسەر كڕینی ئەو دۆلاری حەواڵەیە كەم ببێتەوە، لە بری ئەمەش بازرگان و كۆمپانیاكان بە نرخێكی زیاتر لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا دۆلار دەكڕن بۆ دابینكردنی بڕە دۆلاری پێویست، بۆ كڕین و هێنانی كاڵاكانیان، بەمەش نرخی دۆلار ڕووی لە بەرزی كردووە.

* رێكارەكەی بانكی ناوەندی بۆچی لە لایەن بازرگان و كۆمپانیاكانەوە توندە، لە كاتێكدا لە پێناو ئاودیونەكردنی دۆلار و ڕێگری لە گەمەكردن بە نرخەكەی، بانكی ناوەندی لەسەر داوای ئەمریكا ئەم كارەی كردووە؟

-  بانكەكە لە ئێستادا بە هەندێك ڕێكاری نوێ و توند كار دەكات و ئامادە نییە دۆلار بداتە ئەو هاوردەكار و بازرگانەی شمەك و كاڵا لە دەرەوە دەهێنێت، بێ ئەوەی لیست و وەسڵی كەلوپەلەكەی بە ڕوونی و شەفافییەت پێشكەشی بانكەكە بكەن، زۆر لە بازرگان و گەورە كۆمپانیاكان ئەم ڕێكارە نوێیەیان پێ باش نییە، چونكە كاتێك فاتوورە و وەسڵەكان دەهێننە بانكی ناوەندی، هەموو ئەم لیستانە دەچێتە بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج و دەبێت گومرگ و باجی داهاتی هەمووی لێ بدەن، ئەمە لە كاتێكدا پێشتر بۆ خۆدزینەوە لە باجی گومرك و باجی داهات، ئەو لیست و وەسڵ و بەڵگەنامانەی هێنانی كاڵا و شمەكەكانیان پێشكەش بە بانكەكە نەدەكرد، بۆیە ئەوان ڕێگەیەكی ئاسان و باشتریان بۆ خۆیان پەیڕەو كردووە، لە بری ئەوەی بچن دۆلاری حەواڵە بەو ڕێكارانە وەربگرن و باجێكی زۆریش بدەن، ڕاستەوخۆ دەچن لە بازاڕەكاندا بە كاش و نەختینەیی بڕە دۆلارێكی زۆر دەكڕن، بەمەش خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەكانی ئاڵووێری دراودا بەراورد بە خواست، زۆر كەم دەبێتەوە و دەبێتە هۆكاری هەڵكشانی بەهای دۆلار.

* كەواتە ئەو هەواڵانەی باس لە كەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلاری حەواڵە دەكات لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە ڕاست نییە، مەسەلەكە ئەوەیە خواست بۆ كڕینی دۆلاری حەواڵە نییە، چونكە بەپێی ڕێكارە نوێیەكان ئەو بازرگان و كۆمپانییانەی كاری قاچاخچێتی دەكەن، چیتر ناتوانن خۆیان لە باج و گومرگ بدزنەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا بانكەكە بەنیازە ئەم ڕێكارە نوێیانەی فرۆشتنی دۆلاری حەواڵە كەم بكاتەوە؟

-  زۆر لە گەورە كۆمپانیاكانی هاوردەكردن لە زۆربەی خاڵە سنوورییەكانەوە بەتایبەتی لە خاڵی سنووری بەسرەوە شمەك و كەلوپەلەكانیان بێ گومرگ و پێدانی باجی داهات دەهێننە ناو عێراقەوە، بۆیە 100 دۆلاری ئەمریكی باشترە لە ناو بازاڕەكاندا بە 160 هەزار دینار بكڕن، نەوەكو ئەوەی لە بانكی ناوەندی بە 148 هەزار دینار بكڕن و لەگەڵیدا گومرگ و باجێكی زۆری داهات بدەن، لێرەدا بە هەڵە بڵاو دەكرێتەوە گوایە بانكی ناوەندی ئەو بڕە دۆلارەی دەیفرۆشێت بە شێوەی حەواڵە، كەمی كردبێت، تەنانەت بانكی ناوەندی ڕایگەیاندووە ئەو بڕە دۆلاری پێویستە بە حەواڵە دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام ئەو كەسانەی ئامادەن بیكڕن، زۆر كەمە، لەبەر ڕێكارە نوێیەكەی بانكی ناوەندی و بۆ خۆدزینەوە لە پێدانی باجی گومرگ و باجی داهات، بانكی ناوەندی ڕایگەیاندووە كە 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشن، كەچی تەنیا خواست لەسەر 40 ملیۆن دۆلار هەیە.

ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆ پێدانی پسوولەی كڕین و هێنانی ئەو كاڵا و شمەكانەی لە دەرەوە دەهێنرێت، بۆ ڕێگرتنە لە ئاودیوكردنی دراوی قورسی گرانبەهای دۆلار كە بازاڕەكانی دەوروبەرمان بەتایبەتی ئێران كە زۆر پێویستیەتی، بەمەش نرخ هەڵاوسانی لە ناو بازاڕەكانی ناوخۆی عێراق و كوردستانی لێ كەوتووەتەوە و شوێنەوارەكانی زۆر مەترسیدار دەبن لەسەر گرانی و بێبازاڕی و ناجێگریی دۆخی ئاڵووێری بازرگانی. سەبارەت بە تەوەری پرسیارەكەتان كە تایبەتە بە چارەسەركردنی بارودۆخەكە، ئێمە وەكو لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چەند جارێك لەگەڵ بانكەكەدا گفتوگۆمان لەسەر ڕێكارە نوێیەكانی بانكەكە كردووە و پێیان وتووین زەحمەتە ئەو ڕێكارانە ئاسانكاریی تێدا بكەین.

* كەواتە چارەنووسی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر دیناری عێراقی چی لێ دێت؟ ئایا نرخەكان هەر وا بە بەرزی دەمێنێتەوە و بەم نزیكانە دەتوانین دۆخێكی جێگیری بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر دیناری عێراقی ببینین؟

-  بانكی ناوەندیی عێراق پێیان ڕاگەیاندووین بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر دیناری عێراقی جێگیر دەبێتەوە بەڵام كاتی پێویستە، بڕیاردان و ئاراستەكردنی كارەكانی ئەم بانكە زەحمەتە، چونكە بانكی ناوەندیی عێراق بانكێكی سەربەخۆیە و دەسەڵاتێكی زۆری هەیە و بۆ پەرلەمان و حكومەت نییە دەستێوەردان لە كاروبارەكانیدا بكەن، بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دراوە بیانییەكانی دیكە، بەتایبەتی دۆلاری ئەمریكی، بە كۆمەڵێك هۆكاری ئابووری و سیاسی و سەقامگیریی عێراقەوە بەستراوەتەوە، بۆ نموونە: ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕێندرێت و تەنانەت بێتە پەرلەمان، لەبەر ئەوەی بودجەیەكی گەورەیە و حكومەتی عێراق دەستكراوە دەبێت كۆمەڵێك پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لەسەرانسەری عێراقدا جێبەجێ بكات، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەهێزییەك دەداتە بەهای دینار و عێراق لە ڕووی ئابووری و داراییەوە جێگیر دەبێت.    

Top