ئایا كەشی سارد هاندەرە بۆ نەخۆشی؟

ئایا كەشی سارد  هاندەرە بۆ نەخۆشی؟

پێشتر پسپۆران هۆكاری زیاد بڵاوبوونەوەی هەڵامەت و ئەنفلوەنزایان لە وەرزی زستاندا دەگەڕاندەوە بۆ زیاد كۆبوونەوەی خەڵك لە ژوورە داخراوەكانی ماڵەوەدا، بەڵام لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێی زانكۆی نۆرتئیسترن لە شاری بۆستون هاتووە كە هۆكاری بایۆلۆژی لەپاڵ مەسەلەكەدایە، بەوەی كە كەشی سارد بەرگریی لووت بەرانبەر بە ڤایرۆسەكان لاواز دەكات، بۆنموونە دابەزینی تەنیا پێج پلەی سێلسیەس بەرگریی لووت بەرانبەر بە ڤایرۆسەكان تا نزیكەی 50% كەم دەكاتەوە، ئەمەش پاساوە بۆ زیاتر تووشبوون بە هەڵامەت و ئەنفلوەنزا لە وەرزی زستاندا. پاش گەیشتنی ڤایرۆس بە بۆشایی لووت، خانە ناوپۆشەكان بە خێرایی چالاك دەبنەوە بۆ دوورخستەوە و فڕێدانیان، كەشی سارد ئەم كردارەی بەرگری لە لووتدا تێك دەدات، بەمەش توانای فڕێدانی ڤایرۆسەكان كەم دەبێتەوە. لە لایەكی دیكەوە، كە ڤایرۆس یان بەكتریا دەگاتە بۆشایی لووت، ئەوا خانەكانی ناوپۆشی بەشی پێشەوەی لووت بە خێرایی ملیۆنان بڵۆقی زۆر وردی پڕ لە شلە EV دەردەدات، كە گەردیلەی بكوژی ڤایرۆس و بەكتریا لەخۆدەگرن بە شێوەی microRNA بەمەبەستی قەتیسكردنیان پێش دروستكردنی هەوكردن لە خانەكاندا، كەشی سارد ئەم كاردانەوەی بەرگرییەی لووت تێك دەدات و كوالێتی و ژمارەی بڵقەكان تا رێژەی 40% كەم دەكاتەوە، ئەمەش ئەگەری هەوكردن بە ڤایرۆس و بەكتریا زیاد دەكات.

 

Top