ستیڤن بلانك توێژەر و تایبەتمەندی پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ئەمریكا بۆ گوڵان: پۆتین ناتوانێت شكستی شەڕەكەی لەگەڵ ئۆكرانیا قبووڵ بكات

ستیڤن بلانك  توێژەر و تایبەتمەندی پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ئەمریكا بۆ گوڵان:  پۆتین ناتوانێت شكستی شەڕەكەی لەگەڵ ئۆكرانیا قبووڵ بكات

 

 

ستیڤن بلانك توێژەری باڵایە لە پڕۆگرامی ئیرۆئاسیا لە ئەنستیتۆتی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەكی، شارەزا و تایبەتمەند و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا، كاروبارە سیاسی و سەربازییەكانی ئاسیا و ئەوروپا و ئاسایشی نێودەوڵەتی و، لەم ڕووەوە چەندین كتێب و توێژینەوە و وتاری نووسیوە، هەروەها لەلایەن ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمریكا و چەندین ناوەندی توێژینەوەوە ڕاوێژی پێ كراوە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و بەرەوپێشچووون و ئاراستە و دەرئەنجامەكانی شەڕەكەوە.

 

* زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە كاردانەوە و پەرچەكردار و هەڵوێستی یەكگرتووی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرانبەر شەڕەكەدا مایەی پێشبینی و چاوەڕوانیی ڕووسیا نەبووە، لێرەدا مەبەستمانە بپرسین ئێوە چۆن لە كاردانەوەی ڕۆژئاوا دەڕوانن لەم ڕووەوە و ئایا لە ئاستی خواستی و چاوەڕوانییەكاندا بووە؟

- من پێم وایە پێویستە ڕۆژئاوا كار و كۆششی زیاتر بكات لەم ڕووەوە، ئەویش لە سۆنگەی ئەوەی كە ڕووسیا بۆ سەردەمانێكی دوورە كە لە ناكۆكی و بەربەرەكانێدایە لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوا و پرسەكە تەنیا پەیوەست نییە بە شەڕەكەی لەگەڵ ئۆكرانیادا، هەرچەندە دەبێت ئەوەش دووپات بكەینەوە كە ڕێگاچارەكە ئەوەیە كە چەكی پێویست بدرێت بە ئۆكرانیا بۆ ئەوەی بتوانێت شكست بكاتە چارەنووسی ڕووسیا و بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە بە سەریدا سەربكەوێت.

* ئاشكرایە كە سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاری و پاڵپشتیی ئۆكرانیا دەكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا چەندین ڕێكار و سزای ئابووری و داراییان لە دژی ڕووسیا گرتووەتەبەر، ئێوە چۆن لە كاریگەری و دەرئەنجامەكانی ئەم سزایانە دەڕوانن؟

- سزاكان كاریگەرییان هەبووە، ئەگەرچی ڕەنگە بە ئاست و ئەندازەی خوازراو نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی دەبێت لەم ڕووەوە بوترێت ئەوەیە كە دەبێت سزای سەختتر لە دژی ڕووسیا بگیرێتەبەر.

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ڕووسیا هەمیشە خۆی بە هێزە سەربازی و توانای سوپاكەیەوە هەڵدەكێشا، كە ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی وەك هێزێكی گەورە و مەزن لە ڕووسیا بڕوانرێت، بەڵام دواتر ئەدایەكی خراپی ئەم سوپایە بەدی كرا، تەنانەت ڕووسیا پەنای بردە بەر ئێران بۆ بەدەستهێنانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئۆكرانیا، هەروەها هاوردەكردنی چەك لە كۆریای باكوورەوە، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- ئەوەی پەیوەست بێت بە هاوردەكردن و بەدەستهێنانی چەكەوە لە ئێران، ئەوا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە لەم ساتەوەخت و قۆناغەدا بەرژەوەندییەكانی هەردوولایان یەكیان گرتووە، وەك هاوسەرگیریی بەرژەوەندی لێ هاتوووە، چونكە ئێران پێی وایە ڕووسیا پاڵپشتییەكی سیاسی و تەنانەت سەربازیشی دەكات بۆ بەدەستهێنان و دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، ڕووسیاش لەم هەلومەرجەی شەڕەدا پێویستی بە چەكە و لە ئێرانیشی دەكڕێت. ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە كۆریای باكوورەوە، ئەوا ئاشكرایە كە ئەم وڵاتە هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتی و پشتیوانیی ڕووسیا و هەروەها چین دەدات، لە بەرانبەر سزاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هیچ یەكێك لەو دوو وڵاتەش ڕەخنەی لێ ناگرن لە بەرانبەر تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكانی، لە بەرانبەردا ڕووسیا پێویستی بەوەیە كە وڵاتێك هەبێت و لێی دڵنیا بێت كە دەتوانێت چەكی لێ بەدەست بهێنێت، یان چەكی لێ هاوردە بكات.

* ئایا ئەمە ئاماژە نییە بەوەی كە ڕووسیا وردە وردە چەكی لێ دەبڕێت؟ ئایا بە تێڕوانینی ئێوە تا كەی ڕووسیا دەتوانێت درێژە بە شەڕەكە بدات، بەتایبەتی لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕووسیا لەم شەڕەدا تووشی چەندین پاشەكشە و شكست بووەتەوە؟

- لە ڕاستیدا بنچینەی كێشەكە ئەوەیە كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین كەسێك و كەسایەتییەكە كە ناتوانێت ئەو ڕاستییە قبووڵ بكات كە لە شەڕەدا تووشی دۆڕان و شكست هاتووە، لەم ڕوانگەیەوە ئامادەیە تا سەر بجەنگێت. سەرەڕای ئەو كاولكاری و كوشتارەی كە لە شەڕەكە دەكەوێتەوە و دێتەئاراوە، ئەوەتا هێشتا لە هەوڵ و كۆششی هاوردەكردنی چەكی زیاترە لە هەر دوو وڵاتی ئێران و كۆریای باكوورەوە، بە دەیان هەزار سەربازی زیاتر ئامادە دەكات و مەشقیان پێ دەكات و ڕەوانەی بەرەكانی شەڕیان دەكات و، هێرشەكانی بۆ تێكشكاندنی ژێرخانە سەرەكی و بنەڕەتییەكانی ئۆكرانیا چڕ دەكاتەوە. هەروەها پەنا دەباتە بەر هەڕەشەكردن، یان ئاماژەكردن بە ئەگەری پەنابردنەبەر بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە كە لە شەڕەكەدا تووشی شكست و دۆڕان نەبێتەوە.

* ئەگەر لەبارەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانە سەرەكییەكانی ئۆكرانیاوە پرسیار بكەین، ئایا پێت وایە تا چەند ئەمانە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتین، بەتایبەتی كە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان هەیە بە ژیانی خەڵكی مەدەنییەوە، -وەك ژێرخانی ئاو و كارەبا- و تا چەند دەبنە هۆی ئەوەی ئاراستە و ئاقاری شەڕەكە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا بگۆڕن؟

- ئەوەی تا ئێستا بەدی دەكرێت و ئاشكرایە ئەوەیە كە بە ئامانجگرتنی ژێرخانە بنەڕەتییەكانی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئاراستە و تەوژمی شەڕەكە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت شرۆڤەكارییەك بۆ هۆكار و پاڵنەرەكانی پشت ئەم هێرش و بە ئامانجگرتنانە بكەین، ئەوا بە تێڕوانینی من ئەوەیە كە ڕووسیا دەیەوێت بەم شێوەیە ژیان لە نێو وڵاتی ئۆكرانیادا پەك بخات، بە چەشنێك كە سەرۆكی ئەم وڵاتە ڤلۆدۆمیر زیلینیسكی ناچار بە سازشكردن و ئاشتی بكات.

* ڕەنگە ئەگەر شەڕەكەش كۆتایی پێ بێت، ئەوا دەرئەنجامەكانی هەر بەردەوام بن، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە پرسی ئاسایشی وزەی وڵاتانی ئەوروپاوە، كە ئەم وڵاتانە نایانەوێت چیتر لە بەر ڕەحمەتی هاوردەكردنی وزەی ڕووسیادا بن. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم شەڕە تا ڕاددەیەك هۆكار بووە بۆ ئەوەی ئەوروپا پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە ئاسایشی وزەدا بكات و، كارێك بكات چیتر هێندە پشتبەستوو بە وزەی ڕووسیا نەبێت ؟

- لە ڕاستیدا بارودۆخەكە لەم ڕووەوە ئاشكرایە، ئێمە ئەوە بەدی دەكەن كە ڕووسیا بەردەوامە لەسەر پەنابردنەبەر ئەوەی دەتوانین پێی بڵێین ئیبتیزازی وزە لە بەرانبەر وڵاتانی ئەوروپادا، بەڵام دەتوانین بڵێین ڕووسیا نەیتوانیوە لەم ڕووەوە ئامانجەكانی خۆی بپێكێت و بگرە شكستی هێناوە، چونكە ئەوروپا توانیویەتی سەرچاوەی بەدیل بۆ هاوردەكردن و بەدەستهێنانی وزە پەیدا بكات، ئەوەتا خەریكی هاوردەكردنیەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و هەروەها لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە. كەواتە پوختەی قسەكە ئەوەیە كە ئەو گەمە و ئیبتیزازی وزەیەی ڕووسیا بە كاری هێنا و پەنای بۆ برد، بێهوودە بووە و شكستی هێنا و نەیتوانی ئامانجەكانی بەدی بهێنێت.

* هەر لە میانەی ئەم شەڕەی ئێستادا چەندین جاری ڕووسیا و خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین ئاماژەی دا بە ئەگەری پەنابردنەبەر بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی، ئەمەش مشتومڕێكی زۆری لێ كەوتەوە، هەندێ شرۆڤەكار و چاودێریش بە دووری دەزانن، هەندێكی دیكەش پێیان وایە دەبێت ئەم پرسە بە جددی وەربگیرێت، دید و تێڕوانینی ئێوە چییە لەم ڕووەوە و ئایا پێت وایە ئەمە ئەگەرێكی ڕاستەقینەیە و نابێت فەرامۆش بكرێت؟

- وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویست بەوە دەكات كە شرۆڤەكارییەك بۆ خودی كەسایەتیی سەرۆكی ڕووسیا بكرێت، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لە دەوروبەریدان و كاروبارەكانی بۆ هەڵدەسووڕێنن، كە لەم ڕووەوە پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە خودی سەرۆكی ڕووسیا و تەنانەت كەسە نزیكەكانیشی ئەوەیان بە ئاشكرا ڕاگەیاندووە كە ئۆكرانیا مەرجەكانی بوونی بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری تێدا نییە و شایستەی ئەوە نییە كە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ بمێنێتەوە و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. دواتر ئەگەر بمانەوێت ئەمە گرێ بدەینەوە بە وەڵامی پرسیارەكەوە، ئەوا پێم وایە ئەم قەناعەتەی سەرۆك پوتین وای لێ كردووە كە لە دۆخێكدا بێت كە ئەگەری ئەوەی لێ بكەین بیر بكاتەوە لە پەنابردنەبەر ڕێگاچارەیەكی لەم چەشنە، ئەمە بەو مانا و واتایە نییە كە ئیدی بەكارهێنانی ئەم چەكە لەلایەن ڕووسیاوە هەر ڕوو دەدات، بەڵام من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە كەسایەتیی سەرۆك پوتین بە چەشنێكە كە بەرگەی شكست و دۆڕان ناگرێت. هەر چۆنێك بێت من پێم وایە ئەگەر ڕووسیا بكەوێتە حاڵەتێكیشەوە كە خۆی بە ناچار بزانێت ئەم چەكە بەكار بهێنێت، ئەوا لەو باوەڕەدا نیم لە ڕووی سەربازییەوە دەرئەنجامێكی بەرچاوی لێ بكەوێتەوە. بەڵام پێم وایە بەكارهێنانەكەی- لە حاڵەتی ڕوودانیدا- تەنیا یەكێكی دیكە دەبێت لە هەوڵەكانی ڕووسیا بۆ زیاتر تێكشكاندن و كاولكردنی ژێرخانی وڵاتی ئۆكرانیا.

Top