كەمیی پۆتاسیۆم هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن

كەمیی پۆتاسیۆم هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن

پۆتاسیۆم زۆر گرنگە بۆ هێشتنەوەی ئاستی دروستی شلە لە ناو خانەكانی لەشدا، لەگەڵ هاوسەنگكردنی ئاستی بەرزی سۆدیۆم كە هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها پۆتاسیم ڕۆڵی هەیە بۆ ڕێكخستنی لێدانەكانی دڵ و هاندانی فرمانی دروستی ماسوولكە و دەمارەكان لەگەڵ دروستبوونی پرۆتین و میتابۆلیزمی كاربۆهیدرات. جگە لەمانە، پۆتاسیۆم دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی دیواری بۆڕییەكانی خوێن، ئەمەش هاندەرێكی ترە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن. لە چەند لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە كەمیی پۆتاسیۆم لە لەشدا Hypokalemia پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئەگەری ڕوودانی جەڵتەی مێشكەوە هەیە، هەروەها زیادكردنی پۆتاسیۆم لە خۆراكدا هاندەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن. پێویستیی ڕۆژانەی پۆتاسیۆم بۆ كەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 1600-2000 ملگم (40-50 میللی ئیكویڤالەنت mEq). خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە پۆتاسیۆم: سەوزە گەڵا تاریكەكانی وەكو سپێناغ، سڵق، خاس، پاقلەمەنییەكان، شیر و بەرهەمەكانی، ماسی، كوولەكەی زستانی، كاكڵەكانی گوێز یان باوی، مۆز، پرتەقال، سندی، كاڵەك، قەیسی.

 

Top