بازرگانیكردن بە وێنەی ئافرەتان ڕابگرن
جێگای خۆشحاڵی و شانازییە كە دەبینین لە كوردستان بە سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار چاپ دەكرێن و بە ئاسانی دەكەونە بەر دەستی خوێنەران، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە هاووڵاتیان لە ئاستێكی شیاون بۆ نووسینی بابەتی هەمەڕەنگ و خوێندنەوەیان. ئەگەرچی ڕەنگە هەموو ئەو بڵاوكراوانە لە ئاستێكی بەرز نەبن، یان هەموو بابەت و وتارەكان زانستییانە و ئەكادیمی نەبن، بەڵام بوونیان نیشانەی پێشكەوتن و ئازادیی ڕۆژنامەوانییە و دەكرێ هیوادار بین كە بەرە بەرە بڵاوكراوەكانی بەرەو زانستیكردن و بەرزكردنی ئاستی بابەتەكانیان هەنگاو بنێن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كاتێك سەرنجم دا، تەنیا یەكێك لە ژمارەكانی گۆڤارەكەمان، كە وێنەی ئافرەتێكی لاو و جوانی لەسەر بوو، بە تەواوی فرۆشراوە (هەرچەند ئەم وێنەیەش پەیوەندی بە بابەتێكی گۆڤارەكە هەبوو، كە لەسەر جلوبەرگی كوردیی ئافرەتان بوو)، بەڵام بۆم جێگای داخ بوو، كە بۆ دەبێت لە كوردستاندا گۆڤارەكان تەنیا بە هۆی وێنەی سەر بەرگیان سەرنجی خەڵك ڕابكێشن، نەك بە هۆی بابەتەكان. ئاخۆ خەڵكی ئێمە دەبێت تەنیا تینووی وێنەی ئافرەتی جوان بن، نەك زانست و ئەدەب و هونەر و ...؟!
جێگەی داخە كە ئەمڕۆ دەبینین هەندێ لە بڵاوكراوەكان لە جیاتی ئەوەی لەسەر بەرگیان وێنەی گونجاوی باشترین و بەرزترین بابەتیان بڵاو بكەنەوە، وێنەی ئافرەتاتی جوان و هەندێ جاریش نیوە ڕووت بڵاو دەكەنەوە، ئێمە كە باس لە پێشكەوتن و شارستانییەت دەكەین و خۆمان بە ڕۆشنبیر دەزانین و شانازی بە خۆمانەوە دەكەین، دەبێ زۆر هوشیارتر لەوە بین و بزانین بەرەو چ ئاراستەیەك هەنگاو دەنێین و، دەبێت بڕوامان بەوە هەبێت، كە پێشكەوتن تەنیا ڕووكەش نییە. كەواتە بۆ دەبێت كۆمەڵگەی ئێمەش ببێتە یەكێك لە وڵاتانەی كە بازرگانی بە جەستەی ئافرەتەوە دەكەن؟
ئەگەر ڕێژەی فرۆشتنی بڵاوكراوەكان زۆر نزمە، دەبێت سەر لە نوێ پێداچوونەوەیەكمان بۆی هەبێت، بۆ ئەوەی بزانین لەو قۆناغەدا خەڵك پێویستی بە چ بابەتگەلێك هەیە و چی سەرنجیان ڕادەكێشێت، نەك ئەوەی بە وێنەی ئافرەت سەرنجی خەڵك بۆ بڵاوكراوەكان ڕابكێشن، چونكە ئەمە گەورەترین تاوانە دژ بە ئافرەت و خوێنەرانیش لە ئەنجامی ئەم شێوازەی بڵاوكردنەوەی وێنەی ئافرەتان تووشی لادان دەبن.
ئێستا لە هەموو دونیادا زۆر ڕێكخراوی نێونەتەوەیی كار بۆ ئەوە دەكەن، كە چیتر بازرگانی بە جەستەی ئافرەت و منداڵەوە نەكرێت و لە هەوڵی ئەوەدان، بە بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی خەڵك، ئەم دیاردە ناشیرینە بنبڕ بكەن، كەچی لە كوردستانی خۆمان دەبینین، ئەم دیاردەیە ڕوو لە زیادبوونە و بەداخەوە ڕۆشنبیران و خوێندەوارانمان لە جیاتی ئەوەی دژ بەم جۆرە كارە ڕابوەستن، ڕێگەی بۆ خوش دەكەن و، بە كارێكی ڕۆشنبیرانەی لە قەڵەم دەدەن و، وادەزنن ڕۆشنبیری ئەوەیە كە جوانیی ئافرەت بكەینە كەرەستەی بازرگانی، خاوەن بڵاوكراوەكانیش بۆ ئەوەی فرۆشی بڵاوكراوەكەیان زۆر بێت، سوود لەم شێوازە ناشارستانییە وەردەگرن، بێ ئەوەی بیر لە كاردانە نێگەتیڤەكانی لەسەر كۆمەڵگە و لاوی كورد بكەنەوە.
بە پێویستی دەزانم، نە تەنیا ڕێكخراوی ئافرەتان، بەڵكو هەموو ڕێكخراوە مرۆییەكان بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە كارێكی جددی بكەن، ئەگەرچی ڕێژەی فرۆشتنی بڵاوكراوەكانیشمان بێتە خوارەوە، چونكە ئێمە دەبێت، كار بۆ ئەوە بكەین، لاوەكانمان بێ ئەوەی پێویستییان بە وێنەی سەرنجڕاكێش و نیوەڕووتی ئافرەت بێت، بۆ سوودوەرگرتن لە بابەتەكان و بەرزكردنی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری گۆڤار و ڕۆژنامە بكڕن و بیخوێننەوە.
پەرەدان بە چاپكردنی وێنەی ئافرەتانی ڕیكلام لەسەر بەرگی بڵاوكراوەكان، دوورە لە ئامانجی بەرزكردنی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان و چاپكردنی وێنەی ئەو ئافرەتانە لەسەر بەرگی بڵاوكراوەكان تەنیا بە مەبەستی زیادكردنی ڕێژەی فرۆشتنی بڵاوكراوەكان، دەبێتە هۆی ئەوەی خۆمان ڕێگە بۆ ئەوە خۆش بكەین، كە لاوەكانمان ڕێگەی هەڵە بگرنە بەر.
دهۆك بەڕۆژی