شارێك بۆ درامای كورد

شارێك بۆ درامای كورد

درامای كوردی، هەڵەیە، دروست ئەوەیە بڵێین «درامای كورد». دراما هونەری نواندنە. نواندنیش لە فۆرمی كورتە فیلم، فیلمی درێژ، بەڵگە فیلم، كارتۆن فیلم، زنجیرەی فیلم، شانۆ، شانۆی شەقامدا پێشكەش دەكرێت. هونەری دراما یەكێكە لەو هونەرانەی لە نێو جەماوەری ناوخۆ و دەرەوەش، زۆر بە هەڕمێن و كاریگەرە. ئەو پەیامەی هونەری دراما دەیگەیەنێت، تایبەتمەند و كاریگەرە، بە هونەرەكانی دیكە ناگات.

ئا/ تاریق كارێزی

شارێك بۆ درامای كورد

ئەمڕۆ بینەری كوردستان ناچارە تەماشای درامای بیانی بكات. ئیدی ئەو درامایە چ بە زمانی دیكە بێت، یان دۆبلاژی كوردی بێت. بەرهەم هێنانی درامای خۆماڵی لە نێو كورددا لە ئاستی هیچدایە. ئەمەش بۆشاییەكی گەورەی دروست كردووە، خەڵكی كوردستان ناچارن بە تەماشا كردنی درامای بیانی، ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە. لە ڕووی كولتوورییەوە، مرۆڤی كوردستانی دەكەوێتە بن كاریگەریی گوتاری درامای بیانییەوە، ئەو گوتارەش گوزارشت لە دید و ڕوانین و دنیابینی و پەیامی ئەو نەتەوەیە دەكات كە دراماكەی هێناوەتە بەرهەم. ئەمەش لە ڕووی كولتوور و دیدی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە، جۆرێك لە باڵادەستی بیانی بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت، دواجار ئێمە (وەك جڤاك و نەتەوە) دەكەوینە بەر هەژموونی هونەر گوتاری نەتەوەكانی دیكەوە، هونەر گوتاری ئەوی دی (نەتەوەی دیكە) لێی چاوەڕوان ناكرێت گوازرشت لە دید و خەون و دنیابینی و پەیامی ئێمەی كوردستانی بكات. نەخێر، خۆ كارێكی لەو جۆرە ئەركی ئەوانی دی نییە، بەڵكوو ئەركی گەڵاڵە كردنی هونەر گوتاری خۆماڵی، لە ئەستۆی خۆماندایە، ئێمەش لەو ئاست و بوارەدا كەمتەرخەمین، تا ئەم ساتەوەختە، زڕ و بێ بەرهەمین.

شارێك بۆ درامای كورد

بۆ دەرچوون لەو بەستێنەی هونەری ئێمەی تێدا قەتیس بووە و لە قات و قڕیدایە، پرۆژە و پلان، پاشان كار و مكوڕ بوون پێویستە. یەكەمین هەنگاویش بە ئاراستەی هەستانە سەر پێمان وەك نەتەوە لە ڕووی هونەری دراماوە، دروست كردنی شاری درامای كوردە. نە لە ڕووی یاساییەوە ڕێگرییەك هەیە، نە لە ڕووی ئازادییەوە بەربەستێك لە بەردەم پرۆژەی شاری درامای كورددا هەیە. ئێمە سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانمان هەیە. دەكرێت سەندیكا گرووپێك بە ناوی گرووپی شاری دراماوە دابمەزرێنێت. لەو گرووپەدا هونەرمەند و شارەزایانی دراما لە تێكڕای لقەكانی سەندیكا بكرێنە ئەندام. ئەو گرووپە مەرج نییە زوو زوو كۆ ببنەوە، دەكرێت هەر لە ڕێی ئینتەرنێتەوە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن. لە سۆشیال میدیادا دەتوانن گرووپێك دروست بكەن، ڕۆژانە ئاگایان لە یەك بێت. ئەو گرووپە دەرگا بكاتەوە و پێشوازی لە زۆرترین پێشنیار بكات. بە مانگ و بە ساڵ گفتوگۆ بكەن. سەرەنجام پێم وایە لە ماوەی سێ تا چوار مانگ دەتوانن گەڵاڵە نامەیەك بۆ هونەری دراما دابڕێژن، تێیدا، بۆ نموونە ئەم شتانە بخرێنە ڕوو:
-شاری درامای كورد، یان شاری درامای كوردستان، لەبەر كۆمەڵێك خەسڵەت، لە فڵانە شاری كوردستان بێت.
-شاری دراما لە ڕووی داراییەوە پشت بە كۆمەكی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و هاتنە دەستی سەرمایەدار و دارا و دەوڵەمەندانی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان ببەستێت.
-شارەكە، لە نموونەی هۆلیوود و بۆلیوود پیشەییانە كار بكات، هەموو پێداویستێكی ژیان و گوزەران و مانەوەی تێدا بێت.
-شاری دراما خاوەن پرۆژەی وەبەرهێنان و بازرگانی بێت، بەو جۆرەی داهاتی مانگانەی بۆ دابین بكات.
-لە شاری درامادا پەیمانگای مەشق و ڕاهێنان و پێگەیاندنی ئەكتەر و تەكنیكار و هەموو هونەركارانی تێدا بێت.
-دەرگای شاری دراما بە ڕووی هونەرمەندانی تێكڕای پارچەكانی كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش، كراوە بێت.
-بەرهەمی شاری درامای كورد پێویستە لە هەموو ڕوویەكەوە لە ئاستێكی بەرزدا بێت، كە زۆر بە ئاسانی بتوانێت كێبڕكێ لەگەڵ درامای بیانیدا بكات و بینەری كورد و كوردستانیی لێ بستێنێتەوە.
-كەناڵەیلی ئاسمانیی كوردستان بە یاسا و ڕێنمایی پەیوەست بكرێن، بەرهەمی شاری درامای كورد بكڕن و پیشانی بدەن.
ئەمانە چەند پێشنیارێكی سەرەتایی و سادەن، دراماكاران دەتوانن زۆر چڕ و پوخت، بەو جۆرەی لە بەرژەوەندی درامای كورددایە، دەیان خاڵی دیكەی بخەنە پاڵ، خۆبەخشانە و لەخۆ بوردووانە كار بۆ بەدی هێنانی دەزگایەكی هەستیار و گرنگی لەم جۆرە بكەن. لە پاڵ ئەوەشدا، سەرمایە بە شێوەیەكی پوخت و ڕوون بخرێتە خزمەتی گەشە پێدانی درامای كوردستانەوە.

شارێك بۆ درامای كورد
Top