پاڵه‌وان بوون زۆر شت ده‌گه‌یه‌نێت بۆ ئێمه‌

پاڵه‌وان بوون زۆر شت ده‌گه‌یه‌نێت بۆ ئێمه‌

باخان عوسمان تۆپى باله‌ى یانه‌ى ئه‌فرۆدێت
یانه‌ى وه‌رزشیی ئه‌فرۆدێت له‌ پارێزگاى سلێمانى كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یارییه‌كانى ئاستى كچان تاكه‌ یانه‌ى شاره‌كه‌یه‌ كه‌ گرینگی به‌ تواناكانى كچانى شاره‌كه‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین یاریزان له‌ یارییه‌ جیاوازه‌كان له‌ خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌، یارى باله‌ش یه‌كێك له‌و یارییانه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌ى كارگێڕى یانه‌كه‌ گرینگی پێویستى پێ ده‌ده‌ن، ئه‌فرۆدێتى سلێمانیش یه‌كێكه‌ له‌و یانانه‌ كه‌ گرنگى زۆر به‌ سه‌رجه‌م یارییه‌ وه‌رزشییه‌كان ده‌ده‌ن یارى باله‌ش گرنگى تایبه‌تمه‌ندی خۆى هه‌یه‌ له‌ یانه‌كه‌ تیپێكى به‌هێزیان له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراقدا هه‌یه‌ ، له‌ زۆربه‌ى چالاكیه‌ وه‌رزشییه‌كان ساڵانه‌ تیپه‌ جیاوازییه‌كانیان به‌شدارن، تیپى باله‌ى یانه‌كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین یاریزانى به‌توانایه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ خوله‌كانى كوردستان و عێراق به‌شدارن، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ى خوله‌كانى باله‌ یاریزانانى یانه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ كێبڕكێ دابوونه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ و شه‌ڕكردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى نازناوه‌كانى كوردستان و عێراق، یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فرۆدێت باخان عوسمان-ه‌ ناوبراو له‌دایك بووى پارێزگاى سلێمانیه‌ و ده‌رچووى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشییه‌ و ئێستا مامۆستایه‌ له‌ زانكۆی سلێمانى ، ئێمه‌ش له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵى ئه‌نجامدا.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
* به‌ شێوه‌یه‌كى گشتی ئاستی یارى باله‌ له‌ كوردستان چۆن ده‌بینی ؟
- ئاستی یاری بالە بۆ کچان زۆر خراپە ئەمەش بۆ ئەوە ئەگەرێتەوە کەمی خول و پاڵەوانێتى کەمی یانەکان بۆ تیپی کچان لەشاریکی گەورەی وەک سلێمانی تەنھا دوو یانە ھەیە تیپی ھەیە لەکاتیکدا زیاتر لە١٣ یانە ھەیە لەشارەکەدا.

*ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كه‌م كه‌ ته‌نیا یه‌ك جاره‌ له‌ سالێكدا تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌ووپێش نه‌چێت؟
- كه‌می پاڵه‌وانێتیه‌كان و ئاستى یارییه‌كه‌ به‌ره‌وو دواوه‌ هاتووه‌ له‌ ساڵه‌كانى پێشوودا زۆر ترین یانه‌ هه‌بوو كه‌ تیپى باله‌ى كچانیان هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا ته‌نها حه‌وت بۆ هه‌شت یانه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌موو هه‌رێمى كوردستان، بۆیه‌ یارییه‌كه‌ به‌ره‌وو دواوه‌ رۆیشتووه‌.
* چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌رز بكرێته‌وه‌؟
- پێم باشه‌ گرینگی به‌م یارییه‌ بدرێت به‌ تایبیه‌تى له‌لایه‌ن یانه‌كان و لیژنه‌ى ئۆڵۆمپی كوردستان خول و پاڵه‌وانێتى زیاتریان بۆ بكرێته‌وه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ سالێكدا یه‌ك خول هه‌بێت و خوله‌كه‌ش به‌ چه‌ند رۆژێك ته‌واو بێت.
* گرفتى وه‌رزشیى یارى باله‌ له‌ چى ده‌بینى ؟
- گرفته‌كان زۆرن نه‌بوونى پاڵه‌وانێتى و نه‌بوونى هۆڵى تایبه‌ن و نه‌بوونى فێرگه‌یه‌كى باله‌ له‌لایه‌ن یانه‌كانه‌وه‌، نه‌بوونى پێداویستیه‌كانى یارى باله‌ و مادی و نه‌بوونى پاڵپشتى بۆ ئه‌م یارییه‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی وه‌رزشییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووى گرفتن.
*پاڵه‌وان بوون چى ده‌گه‌ێنێ لای ئێوه‌؟
-پاڵه‌وان بوون زۆر شت ده‌گه‌یه‌نێت بۆ ئێمه‌ هه‌ستَكى خۆشت پێ ده‌به‌شخێت زیاتر هانت ده‌دات به‌رده‌وام بین له‌ ڕاهێنان، چونكه‌ ماندوو بوونت به‌ زیاده‌ نه‌ رۆیشتووه‌.
*به‌ نیازی چى بۆ داهاتووی خۆت وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-به‌نیازی ئه‌وه‌م زیاتر راهێنان بكه‌م تاكو زیاتر له‌ خوله‌كاندا ده‌ربكه‌وم و درێسى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بپۆشم له‌ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌دا ئاستێكى باش پێشكه‌ش بكه‌م.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كانى كوردستان په‌نا بۆ هێنانى یاریزانى بیانى ببه‌ن؟
- به‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام یاریزانى بیانى و راهێنه‌ری بیانى بێت بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر ئه‌زموون وه‌ربگرین، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ ناو بازانه‌یه‌كداین شته‌كان هه‌مووى دووباره‌یه‌.
*تێروانینى كۆمه‌ڵگه‌ چۆنه‌ بۆ ئێوه‌ى وه‌رزشكار؟
-تێروانینى كۆمه‌ڵگه‌ تاكو ڕاده‌یه‌ك باشه‌ له‌ ئێستادا بۆ وه‌رزش، چونكه‌ وه‌رزش زۆر شت ده‌به‌خشێت له‌ زۆر شتى خراپیش دوورت ده‌خاته‌وه‌ بۆ ته‌ندروستى مرۆڤ باشه‌، وه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ مه‌شخه‌له‌تى ژیان و تۆره‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشیی؟
-زیاتر گرینگی به‌ یارییه‌كانى تر بدرێت به‌ تایبه‌تى یاری باله‌ى كچان، چونكه‌ لاى ئێمه‌ هه‌موو شتێك بۆ تۆپى پێى یه‌ و یارییه‌كانى تر بوونه‌ته‌ قوربانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئاورێك له‌ یارییه‌كانى تریش بدرێته‌وه‌.
*خه‌ونى داهاتووت چیه‌ وه‌كو وه‌رزشكارێك؟
-خه‌ونى وه‌رزشیم ئه‌وه‌یه‌ به‌شدارى خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ هیچمان كه‌متر نییه‌ له‌و وولاتانه‌ى ده‌ره‌وه‌.
*حه‌ز ناكه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ تۆش یه‌كێك له‌ یاریزانانى بی؟
-به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان بوونى نییه‌ و داشنامه‌زرێت، چونكه‌ ولاتێكى سه‌ربه‌خۆ نین.
*خۆشترین یاده‌وه‌ری وه‌رزشیت چیه‌ كه‌ هه‌موو كات له‌ یاده‌وریت ماوه‌ته‌وه‌؟
-وه‌رزى رابردوو توانیمان ببینه‌ یه‌كه‌مى عێراقی و به‌ باشترین لیبرۆی عێراق هه‌ڵبژێردرام ئه‌وه‌ بۆمن هه‌ستێكى خۆش بوو.

*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا.
- ده‌ستخۆشى له‌ گۆڤاری گوڵان ده‌كه‌م به‌هیواى ئه‌وه‌م زیاتر ئاوه‌ڕ له‌ یارى باله‌ى كچان بدرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن یانه‌كانه‌وه‌ و خول زیاتر بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاریزانى كچمان زیاتر بێت.

 

Top