پاڵنەرەكانی خەمۆكی و چارەسەر كردنی

پاڵنەرەكانی خەمۆكی و چارەسەر كردنی

 

خەمۆكی بریتییە لە حالەتێكی شڵەژانی دەروونی كە 264 ملیۆن كەس لە جیهاندا پێوەی دەناڵێنن، هەندێك جا ر كەسی توشبوو بە خەمۆكی وەكو كەسێكی ئاسایی دەردەكەوێت وكاری ڕۆژانەی خۆی دەكات، بەڵام زۆرینەی كات كەسی توشبوو بە خەمۆكی هەوڵی شاروونەوەی دەدات و داوای یارمەتی لە كەسی تر ناكات و پێی باشترە بەبێ دەنگی بمێنێتەوە. توێژینەوەكان دەریانخستووە كە ئافرەتان زیاتر تووشی خەمۆكی دەبن كە 15_25% ی ئافرەتان و 10_15%پیاوان تووش ئەبن .

نیشانەكانی خەمۆكی و كەسی توشبوو ؟

٭ ئەو كەسانەی كە تووشی خەمۆكی دەبن ئارەزووی كاروچالاكی ڕۆژانەیان نامێنێت و تووشی بێهیوایی و خەمباری دەبن و ئارەزووی نەمان لەو چالاكییانەی كە بۆ كەسانی ئاساییی چێژ بەخشن و لە حاڵەتە توندەكانیشدا بیر لە خۆكوشتن دەكەنەوە .

٭كەسی توشبوو بەخەمۆكی ئارەزووی دیداری هاورێكان و خێزانەكەی ناكات و كەمتر تێكەڵی كەسانی چوار دەوری دەبێت .

٭كەسی توشبوو هەستەكانی لە دەست دەدات سەرباری ئەوەی باری تەندروستی زۆرباشە .

٭هەست كردن بەئازاری ویژدان و ئەوەی كە شایەنی هیچ شتێكی باش نییە، یاخود وابیر ئەكاتەوە كە بووە بە بارگرانی بەسەر كەسانی چواردەورییەوە.

٭كەسی توشبوو توانای وەڵام دانەوەی پرسیاری نابێت .

٭خاوبوونەوەی قسەكردن لەو كەسەدا دروست ئەبیت كە تووشی خەمۆكی بووە.

٭دابەزینی كێشی لەش و سەرئیشە .

٭كەمتر گرنگی بەپاك و خاوێنی دەدات .

٭پشت بەستن بە كحول و دەرمانی هێوركەرەوە .

-هۆكارەكانی خەمۆكی

٭بۆماوەیی گرنگترین هۆكارە بۆتووشبوون بە خەمۆكی .

٭لەدەستدانی كەسێكی نزیك بەهۆی ئەوەی لەژیاندا نەمابیت یان هەرهۆكارێكی دێكە .

٭توشبوون بەنەخۆشییەكی قورس یان دڕێژخایەن .

٭زۆرجار بەهۆی ئەو ژینگەیەی تێیدا ئەژی وكاریگەری لەسەری .

٭كێشەی خێزانی و گرنگی نەدان بە ئەندامانی خێزان .

٭باری خراپی ئابووری و دارایی .

٭بەهۆی گرانی ئیش كردن و پیشە .

٭ئەنجامدانی تاوانێك یان كەسێكی بینیووە تاوانێی بە ئەنجام گەیاندووە .

٭شكست لەكارێك یان لە تاقی كردنەوەدا بەتایبەتی بۆ قوتابی لە قۆناغەكانی خوێندندا .

-ئەگەر خەمۆكی بەردەوام بێت و چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی چی ؟

٭قەڵەوی .

٭ئازاری جەستە .

٭ئاڵودەبوون بەماددە سڕكەرەكان .

٭قەلەقی و فۆبیایی كۆمەڵایەتی و ترس .

٭كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانی وكێشە لەكار كردندا .

٭ ئەو كەسانە بیر لەخۆكوشتن ئەكەنەوە .

٭یان ئازاردانی خود و برینی دەست .

سێ چارەسەر هەیە كە ماڵپەری سەیدەتی بڵاوی كردۆتەوە بۆ ئەوەی خەمۆكی كەم بكرێتەوە .

٭شۆكۆلاتەی ڕەش بخورێت چونكە میزاج باشتر دەكات و نیشانەكانی خەمۆكی كەم دەكاتەوە .

٭وەرزش كردن وزەی ئەرێنی جەستە زیاد دەكات و بیركردنەوەی نەرێنی كەم دەكاتەوە .

٭رۆژانە چونە بەر هەتاو چونكە بەركەوتن بە تیشكی خۆر نیشانەكانی خەمۆكی كەمدەكاتەوە .

چارەسەری خەمۆكی

٭چارەسەری خەمۆكی بەندە بە ڕێژەكەیەوە، هەیە نەخوشییەكەی سوكە و دەكرێت بە سەردانی پزیشكی تایبەت و سەرجەم ڕێگاچارەكانی چارەسەری دەروونی چارەسەر بێت، یان ئەوەی كە مامناوەندە بۆ قورس دەكرێت لەگەڵ چارەسەریەكدا دەرمانیش وەربگرێت بەتایبەتی لەكاتی بوونی ئازاری خود یان هه وڵی خۆكوشتن و لە هەرحاڵەتێكدا بیت ئەندامانی خێزان چاودێری كەسەكە بكەن، كە ئایا چارەسەرەكان بەرەو باشتر دەروات یان نا، نەخۆش هەیە پێویستی بە دەرمانە و ئەبێت بە دەرمان چارەسەری بۆ بكرێ، یان چارە سەری دەروونی بە گفتووگۆ لەگەڵ پزیشك یان توێژەرانی دەروونی پسپۆر و بە توانا بەبێ ئەو گفتووگۆیە هەم یاریدەی دەستنیشانكردنی ڕادەی توندی بۆ نەخوشییەكە و هۆكارەكانی دەدات، هەم پرۆسەی چارەسەری ئاسانتر دەكات و نەخوش هەیە پێویستی بەوەیە لە نەخوشخانەدا بمێنێتەوە و چارەسەر وەربكرێ، بەڵام گرنگترین شت بۆ نەخوشەكە پاڵپشتی خێزان و هاورێ و كەسانی نزیكن، نەخۆشی خەمۆكیش وەكو هەر نەخوشییەكی دیكەی وەكو سەر ئێشە و سك ئێشە.... نەخۆشییەكی ئاساییە، بۆیە ئەو كەسەی سەردانی دكتۆری پسپۆر دەكات كەسێك نییە تێك چووبێت بەڵكو حاڵەتێكی دەروونی كاتی هەیە و چارەسەر ئەبێت، میوزیك چارەسەرە بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی خەمۆكی بوون، زاناكان لە توێژینەوەیەكی نوێدا ئەوەیان سەلماندووە و ئاشكرایان كردووە كە گوێ گرتن لە مۆسیقا چارەسەرە بۆ نەخۆشی خەمۆكی و بێزاری، هاوكات هۆكارێكە بۆ ڕزگار بوون لە نەخۆشییە توندەكان.

 

بێلان ڕۆژبەیانی

 

Top