خه‌ونی هه‌موو یاریزانێك ئه‌وه‌یه‌ خۆی له‌ لوتكه‌دا ببینێت

خه‌ونی هه‌موو یاریزانێك ئه‌وه‌یه‌ خۆی له‌ لوتكه‌دا ببینێت

په‌رژین سه‌لام ڕاهێنه‌رى زوومبا و ئایرۆبیك له‌ ناحیه‌ى پیره‌مه‌گروون
سه‌نته‌رى قه‌زا و ناحییه‌كانى شاره‌كانى كوردستان ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ژماره‌ى هۆڵه‌كانى وه‌رزشیی تێدا زیاتر ده‌بێت، ئافره‌تانى كوردستانیش له‌ ئێستادا زیاتر روو له‌ وه‌رزشیی له‌ش رێكى و له‌شجوانى و و هێزى له‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌م یارییانه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندن دایه‌، ئافره‌تان و خانمانى شاره‌كانى كوردستان كه‌ گرنگى زۆر به‌م وه‌رزشه‌ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ خاوه‌ن له‌ش و لارێكى رێك، ڕه‌نگه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوودا ئه‌م یارییه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌م یارییانه‌ى كه‌ ئافره‌تانى وه‌رزشكار به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر روو له‌م یارییه‌ بكه‌ن كێبڕكێ له‌ سه‌ر ئه‌نجامى گه‌وره‌ بكه‌ن له‌ پاڵه‌وانیتیه‌كان، له‌ ئێستادا هۆڵه‌كانى شاره‌كانى كوردستان خاوه‌نى چه‌ندین ئافره‌تى به‌توانان له‌م وه‌رزشه‌، یه‌كێك له‌و په‌رژین سه‌لام-ه‌ ، ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 1990ى پیره‌مه‌گرونه‌ و ماوه‌ى چه‌ند سالێكه‌ راهێنه‌رى له‌شجوانی و زوومبا و ئایرۆبیك و فیتنسه‌ له‌ هۆلێكى ناحیه‌ى پیره‌مه‌گروون و پێشتری یاریزانى چه‌ندین یاری جۆراوجۆرى له‌گه‌ڵ یانه‌كانى كوردستان ئه‌نجامداوه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* یارى له‌شجوانى له‌ چ قوناغێكه‌ له‌ كوردستان چۆن ده‌بینی ؟
- له‌ ئێستادا به‌ره‌وپێشچوونێكى باشى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ له‌ چاو ساڵانى رابردودا.
*ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كه‌م كه‌ ته‌نیا یه‌ك جاره‌ له‌ سالێكدا تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌ووپێش نه‌چێت؟
- كه‌مى پاڵه‌وانێتى تا ڕاده‌یه‌كى مامناوه‌د كار ده‌كاته‌ سه‌ر ئاستى به‌ره‌وپێشچوونى ئه‌م یارییه‌، چونكه‌ ئه‌م یارییه‌ زیاتر حه‌زێكى تاكه‌ كه‌سییه‌ و پێویستییه‌كه‌ بۆ ته‌ندروستى و له‌شجوانى.
* چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌رز بكرێته‌وه‌؟
- بۆ به‌ره‌وپێشوونى ئه‌م یارییه‌ پێویسته‌ ڕاهێنه‌رى به‌توانا و شاره‌زا په‌روه‌رده‌ بكرێت، هه‌روه‌ها هۆڵى تایبه‌ت به‌ خانمان دابین بكرێ، پاشان نرخی به‌شدارى هۆڵه‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌ له‌ تواناى خانماندا بێت.
*پاڵه‌وان بوون چى ده‌گه‌ینێ لاى تۆ؟
-پاڵه‌وان بوون له‌ یارى له‌شجوانیدا یه‌كه‌م ته‌ندروستییه‌كه‌ى باشه‌ و دووه‌میش له‌ش و لارێكى جوان و هێزێكى سروشتى واتا تۆ پاڵه‌وانى.
* گرفتى وه‌رزشیى یارى باله‌ له‌ چى ده‌بینى ؟
- پێویسته‌ هاوكارى زیاترى ئافره‌تى وه‌رزشكار بكرێته‌وه‌ و نه‌بوونى پێداویستى وه‌كو شوێنى تایبه‌ت بۆیان دابین بكرێ.
*به‌ نیازی چى بۆ داهاتووی خۆت وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-وه‌كو ڕاهێنه‌رێك و مامۆستایه‌كى وه‌رزش و یاریزانێك له‌ بوارى وه‌رزشدا ده‌مێنه‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌بم هه‌وڵى به‌ره‌ووپێشچوون ده‌ده‌م.
*بڕیارت نه‌داوه‌ تیپێكى كچان دروست بكه‌ى؟
- ئه‌گه‌ر خواى گه‌وره‌ یارمه‌تیده‌ر بێت له‌ داهاتوو له‌ بوارى تۆپى پێى كچان تیپێكى شاهانه‌ دروست ده‌كه‌م.
*تێڕوانینى كۆمه‌ڵگه‌ چۆنه‌ بۆ ئێوه‌ى وه‌رزشكار؟
- وه‌رزش دونیایه‌كی پاك و جوانه‌ گوناهه‌ به‌ چاوی گومانى ناشیرین سه‌یر بكرێت، هه‌ر چه‌نده‌ ئێستا تاڕاده‌یه‌ك خه‌ڵك هۆشیاره‌.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشیی ؟
- له‌ كوردستان وه‌رزش زۆر بێناز كراوه‌ كه‌مترین گرنگی پێ ده‌درێت له‌ كاتێكدا ده‌توانی له‌ رێگه‌ى وه‌رزشه‌وه‌ ووڵاته‌كه‌ت به‌ جیهان بناسێنێ، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ كوردستان به‌رپرسانى وه‌رزشیی خه‌ونه‌ وه‌رزشییه‌كانى ئێمه‌یان له‌ چاڵ ناوه‌.
*زیاتر چ خه‌لێك روو له‌ ئێوه‌ ده‌كات؟
-ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى روو له‌ هۆڵى وه‌رزشیی ده‌كه‌ن به‌ پله‌ى یه‌ك زیاتر ئه‌وانه‌ن كه‌ كێشى له‌شیان زۆره‌ و به‌ده‌ست قه‌له‌وییه‌وه‌ ده‌نالێنن، چینێكى گه‌نج حه‌ز به‌ وه‌رزشی له‌شجوانى و هێزى له‌ش ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وانه‌ى نه‌خۆشى شه‌كره‌ و چه‌وری خوێن و لاوازی ماسولكه‌ و فه‌قه‌راتیان هه‌یه‌ به‌ رێنمایی پزیشك ڕه‌وانه‌ى هۆڵى وه‌رزشیی ده‌كرێن.

*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ له‌ داهاتوو؟
-خه‌ونی هه‌موو یاریزانێك ئه‌وه‌یه‌ خۆی له‌ لوتكه‌دا ببینێت.
*خۆشترین یاده‌وه‌ری وه‌رزشیت چیه‌؟
-خۆشترین یاده‌وه‌ری وه‌رزشییم له‌ ژیانى وه‌رزشیمدا زۆره‌، به‌ڵام جوانترینیان ناسینى هاوسه‌رم بوو.
*به‌ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامیی؟
- له‌ یارى تۆپى پێى به‌ میسی.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا.
- ده‌ستخۆشى له‌ گۆڤاری گوڵان ده‌كه‌م ،هیوادارم وه‌رزش له‌ كوردستاندا گرنگی پێ بدرێت و فه‌رامۆش نه‌كرێت.

 

Top