ئەرخەوان بابان: دروومان باشترین شتە بۆ كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ

ئەرخەوان بابان:  دروومان باشترین شتە بۆ كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ

 

 

توانای ئافرەت لە ئەنجامدانی كۆمەڵێك ئەرك بە یەكەوە و لە یەك كاتدا لە ڕووی زانستییەوە ڕاستییەكی سەلمێندراوە، بەپێی توێژینەوەیەكی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەركەوتووە مێشكی پیاوان بۆ ئەوەی هزر و هۆشی لە كارێكەوە بچێتە سەر كارێكی دیكە، بەراورد بە ئافرەتان پێویستی بە ماوەیەكی درێژتر و توانایەكی زیاتر هەیە، واتە دەتوانین بڵێین هێزی هزر و مێشكی ئافرەتان لەو بوارەدا خێراترە، ئەو توێژینەوەیە لەسەر 140 پیاو و ئافرەت تاقی كراوەتەوە، هەروەها توێژینەوەكان ئەوەیان سەلماندووە كە مرۆڤ لە یەك كاتدا دەتوانێ سێ ناوچە لە مێشكیدا بەكار بخات، بەڵام پیاوان پێویستیان بە كات و هێزی زیاتری مێشك دەبێت، هاوكات سەلمێندراوە ئافرەتان بە هۆی ئەزموونی كاركردنیان لە ماڵ و لە دەرەوە و ڕاییكردنی كاروباری خێزانی هەمیشە پشتئەستوورن بە تواناكانی خۆیان و بڕوای تەواویان بە هێزی ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان بە یەكەوە هەیە، هەر ئەوەش وای كردووە لە ئەنجامدانی كۆمەڵێك ئەرك بە یەكەوە سەركەوتوو بن.

ئەرخەوان بابان خانمێكی دانیشتووی تاراوگەیە و دایكی سێ منداڵە، وێڕای ئەركی دایكایەتی لە چەندین بواردا ئەسپی خۆی تاو داوە و لە نێوان دایكایەتی و ئەركی مامۆستایەتی و بەهرەی دەستڕەنگینی توانیویەتی هاوسەنگی لە ئەركەكانی ڕابگرێت. لەم دیمانەیەش لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەكات.

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

 ئەرخەوان بابان وەك خۆی باسی كرد، لە شاری هەولێر لەدایك بووە و هاوسەرگیری كردووە و دایكی سێ منداڵە و ساڵی 2007/ 2006 لە زانكۆی سەڵاحەدین كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری، لە بەشی ئابووری خوێندنی تەواو كردووە. ئێستا دانیشتووی وڵاتی سویدە و هەر لەو وڵاتەش خوێندوویەتی. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «دیپلۆمم هەیە لە بواری تەندروستی و جوانكاری، واتا هەم مەیك ئەپ ئاڕتیست و هەم نەیڵ ئارتیست و شارەزاییەكی باشیشم هەیە لە بواری دیاریكردنی جۆری پێست و گرنگیدان بە پێستی دەم و چاو و پاككردنەوەی پێستی دەم و چاو هەروەها مەساج و مەناكیر و پێداكیر. ساڵی 2018 دووبارە زانكۆم تەواو كرد لە وڵاتی سوید، ئێستا دەرچوی زانكۆی لینشۆپینگم (Liu) وەكو مامۆستا لە سوید كار دەكەم».

‏‎لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە چ خوێندنەوەیەكت بۆ كاركردنی ئافرت و بەشداریكردنی لە دابینكردنی بژێوی خێزان هەیە؟ ئەرخەوان بابان

گوتی: «من بە تەواوەتی باوەڕم بە یەكسانیی ئافرەت و پیاو هەیە. دڵنیام لەوەی كە ژن دەتوانێ شان بە شانی پیاو كار بكات و ئابووریی سەربەخۆی خۆی هەبێت. زۆر گرنگە ژنان بتوانن لەسەر قاچەكانی خۆیان بوەستن و ئامانجی خۆیان دیاری بكەن، تاوەكو بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو بنێن و بیپێكن. هەر مرۆڤێك لە هەر ئامانجێكدا خۆی دۆزییەوە، كە كاری بۆی كرد، سەركەوتوو دەبێت، ئەو كات دەتوانێت وەكو پیشەی سەرەكی بژێویی ژیانی پێ دابین بكات. چونكە كاتێك مرۆڤ ئابووریی سەربەخۆی خۆی دەبێت، لە ڕووی دەروونییەوە زیاتر باوەڕی بە خۆی دەبێت و متمانەكی زۆر بە خۆی دەكات، وا بیر دەكاتەوە و دەڵێت، بەڵێ منیش دەتوانم جێ پەنجەم دیار بێت لە دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانەكەم و ببمە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی ئەركی سەرشانی ئەندامانی دیكەی خێزانەكەم، لە هەمان كاتدا دەتوانم پاڵپشتیی خێزانەكەم بكەم».

‏‎ ئەرخەوان بابان سەبارەت بەوەی كە وەكو خانمێكی دەستڕەنگین و بە سەلیقە، لە نێوان كاری ناوماڵ و دایكایەتی و پەروەردەكردنی منداڵ، چ هێزێك پاڵی پێوە ناوە كە هونەری دەستڕەنگینی و دروومانیش تاقی بكاتەوە؟ دەڵێت: «من جگە لە كاری ناوماڵ و دایكایەتی، مامۆستاشم، بەڵام حەز و ئارەزووم بۆ كاری دەستی و هونەر وای لێ كردووم، كەوا دەست بدەمە كاری دروومان، بەڵام ئەوە كار سەرەكیم نییە، واتا مەبەستم ئەوەیە بژێوی ژیان لە ڕێگای ئەوەوە بە دەست ناهێنم. دەتوانم بڵێم كارم بۆ هەر كەسێك كردبێت، پارەم وەرنەگرتووە لە بەرامبەر كارەكەم. چونكە تا ئێستا تەنیا وەكو هیوایەت لەو بوارەدا كار دەكەم. من هەموو كارێكی دەستی وەكو هونەر دەبینم، ئەو كاتانەی كە زۆر بێتاقەت و سترێس دەبم، خەریكی كارێكی دەستی دەبم، جا چ كاری چنین بێت، یان دروومان و دروستكردنی ئیكسسوارات. لە هەمان كاتدا هەوڵ دەدەم خۆم فێری ژەنینی گیتاریش بكەم. كاری دروومان بەتایبەت زۆر چێژبەخشە بۆ من. كاتێك بیرۆكەیەك لە مێشكم چەكەرەی دەكات، دەیكەمە وێنە و دەیخەمە سەر كاغەز، دوای ئەوە شێوازی بڕینەكەی دەكەمە سەر كاغەز، ئەنجا دەیبڕم، دوایی دەیخەمە سەر قوماش، ئەو كات زۆر بە تاسەوە دەست دەكەم بە دروومانی و چاوەڕێی ئەنجامەكەی دەكەم. چونكە زۆر هەستێكی خۆش و جوانە كاتێك ئەنجامەكەی دەبینی كە ڕێك ئاوا دەرچووە كە لە خەیاڵتدا وێنەت كێشاوە. حەزدەكەم پێتان بڵێم كە دروومان باشترین شتە بۆ كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ.

ئەرخەوان بابان ئەوەش ناشارێتەوە كە كارەكەی كاریگەری لەسەر دایكایەتی دروست كردووە. ئەوەتا دەڵێت: «هەموو كارێك كاریگەریی خۆی هەیە لەسەر دایكایەتی، جا زۆر یان كەم. من لەبەر ئەوەی پیشەی سەرەكیم نییە، هەوڵ دەدەم لەو كاتانە كاری دروومان بكەم، كە دەستم بەتاڵە. ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دایكایەتی و كاری دەرەوە زۆر قورسە. چونكە دەبێت هەم دایك بیت، هەم پەروەردەكار بیت، هەم بەخێوكەر بیت. من توانیومە كاتەكانم بە شێوەیەكی ڕێكوپێك دابەش بكەم، بەڵام گرنگییەكی تەواو بە دایكایەتییەكەم دەدەم، دوایی كار و پیشەو حەز و خولیا و ئاواتەكانم».

‏‎ ئەرخەوان بابان سوپاسی هاوسەرەكەی دەكات و دەڵێت: «بابی منداڵان هاوكارم بووە و زۆر سوپاسی دەكەم، بەڵام زۆربەی كات هەوڵم داوە لەسەر پێیەكانی خۆم بوەستم و، تا پێم بكرێ داوای یارمەتی لە كەس نەكەم، چونكە من بە سرووشتی خۆم حەز ناكەم داوای هاوكاری لە كەس بكەم. دەمەوێ هەمیشە ئەو ژنە بەهێزە بم كە بووم و هەم.

‏لە وەڵامی ئەو دواپرسیارەشدا كە بۆ داهاتوو، بۆ ئەو بەهرەیەی كە هەتە چ پڕۆژەیەكت هەیە؟ گوتی: «بێگومان پڕۆژەم هەیە و دەمەوێت لە داهاتوودا وەكو دیزاینەر كار بكەم. بەڵام جیاوازی هەیە لەوەی كە لە كوردستان بژی، یان ئەوروپا. ئەگەر لە كوردستان بژیم، دەتوانم هەم مامۆستایەتییەكەم بكەم بە پڕۆژەیەكی سەربەخۆ، هەم پەرە بە تواناكانم بدەم و وەكو دیزاینەر كاری دروومان بكەم. جگە لەوەش وەكو دەمەوێت مەیكپ و نەیل ئاڕتیست سەنترێكی جوانكاریم بۆ خانمان هەبێت».

 

Top