سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە دەكات

ڕۆژی شەممە 24ی كانوونی یەكەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دكتۆر مەشعان ئەلخەزرەجی سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە خەبات و تێكۆشانی گەلانی عێراق هەبوو و، سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و لەیەكنزیككردنەوەی پێكهاتەكان و لێكتێگەیشتن و برایەتی و تەبایی نێوانیان. هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا میوانداریی سەدانهەزار پەنابەر و لێقەوماوی كردووە و، ئەزموونی هەرێمی كوردستانی وەك سەرمەشقێكی باش بۆ بەشەكانی تری عێراق لەقەڵەم دا.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و هەڵەكانی ڕابردوو ئاڵوگۆڕ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر بار و گوزەرانی خەڵك لە پارێزگاكانی ناوەند و باشووری عێراق.

Top