پڕۆفیسۆر دكتۆر خالید حەیدەر بۆ گوڵان:   بانكی ناوەندیی عێراق بڕە دۆلارێكی زیاتری خستووەتە بازاڕەوە و چاوەڕوان دەكرێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ دۆخی جارانی بگەڕێتەوە

پڕۆفیسۆر دكتۆر خالید حەیدەر بۆ گوڵان:     بانكی ناوەندیی عێراق بڕە دۆلارێكی زیاتری خستووەتە بازاڕەوە و چاوەڕوان دەكرێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ دۆخی جارانی بگەڕێتەوە

 

داشكانی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار كە لە بازاڕە ناوخۆییەكانی عێراق و كوردستاندا پێی دەگوترێت هەڵكشانی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، ئەوەش ناسەقامگیرییەكی گەورەی لە دۆخی بازاڕ درووست كردووە. لە دوای پێكهێنانی كابینە وەزارییەكەی محەمەد شیاع سوودانی كە وا چاوەڕوان دەكرا، بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بێتە خوارەوە، ڕاست بارودۆخەكە پێچەوانە بووە و یەك دۆلاری ئەمریكی گەیشتە 1552 دینار، بە ڕادەیەك لە هەندێك مامەڵەدا ئەو بەهایەشی تێپەڕاند. ئەمەش بانكی ناوەندیی عێراقی ناچار كرد، چەندین جار ئەو هەواڵانە ڕەت بكاتەوە كە باس لە دەستكاریكردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەكات. بۆ قسەكردن لەسەر ناسەقامگیریی دۆخی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پڕۆفیسۆر دكتۆر خالید حەیدەر پسپۆڕ و شارەزا لە دۆخی دارایی و ئابووری و مامۆستا لە بەشی ئابووری لە زانكۆی سلێمانی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.

 

* ناسەقامگیریی بەهای دراوی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بۆ جارێكی دیكە ئەو مشتومڕی لێ كەوتەوە، كە ئایا چارەنووسی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دراوە بیانییەكانی دیكە، بەتایبەتی دۆلار، بە كوێ دەگات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئێوە وەكو پسپۆڕ و شارەزایەكی بواری دارایی و ئابووری، خوێندنەوەتان بۆ ناسەقامگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چییە؟

- پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەكە دەبێت شیكردنەوەیەكمان بۆ دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق بەگشتی هەبێت، بەتایبەتی دوای شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و هەڵكشانی بەهای نەوت و بەرزبوونەوەی یەدەگی دراوی بانكی ناوەندیی فیدراڵی عێراق، كە لە مێژووی خۆیدا ڕیكۆردی وای تۆمار نەكردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی پێشتر حكومەتی عێراق بە هۆی ئەوەی بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار شكاند، بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی لە 118 هەزار دینار بەرەو 145 هەزار دینار بەرز كردەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی بە درێژایی ساڵێك زیاتر حكومەتی كاربەڕێكەر نەیتوانی زۆر لە پڕۆژە و كارەكانی جێبەجێ بكات، ئەمەش دراوێكی یەدەگی گەورەی بۆ عێراق دروست كرد. كەواتە بە هەموو پێوەرەكان عێراق لە دۆخێكی دارایی باشدایە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەكەی باش بێت، بەتایبەتی دۆخی ئەو گەندەڵییە دارایی و ئابوورییەی كە سیاسییەكان دەستیان تێیدایە و زۆر مەترسیدارە و بەردەوام تاوانی شووشتنەوەی پارە ئەنجام دەدەن.

* لەم بارودۆخەدا بانكی ناوەندیی عێراق وەكو كاراكتەرێكی گرنگ چەندین جار ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە باس لە دەستكاریكردنی بەهای دیناری عێراقی دەكات، بە لانی كەم لە ماوەیەكی نزیكدا ناكرێت و نابێت دەستكاریی بەهای دینار بكات، لە ڕێی ئەو پەنجەرەیەی فرۆشتنی دۆلارەوە، كەواتە هۆكاری ئەوە چییە كە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دراوە بیانییەكان، بەتایبەتی دۆلار خۆی ڕاناگرێت و بەردەوام لە دۆخێكی ناسەقامگیری هەڵبەز و دابەزدایە؟

- هەموومان دەزانین بانكی ناوەندی لە ڕێگەی كڕینەوەی دۆلار و فرۆشتنی بە نرخێكی دیاریكراو لەو پەنچەرەیەی كە پێی دەوترێت پەنچەرەی فرۆشتنی دۆلار، كۆمەڵێك بانك و بازرگان بڕی دۆلاری زۆریان دەست دەكەوێت، بەڵام كاتێك ئەم بانكە كە مامەڵە لەگەڵ بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكاش دەكات و بانكە ئەمریكییەكە بە تۆمەتی تاوانی شووشتنەوەی پارە كۆمەڵێك بانك دەخاتە لیستی ڕەشەوە، ئەو بانكانەش ژمارەیەكیان لە ناوخۆی عێراقدا مامەڵە بە كڕین و فرۆشتنی دۆلار دەكەن، بەمەش بانكی ناوەندیی عێراقیش ناچار دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو بانكانە نەكات، بەمەش خستنەڕووی دراوی دۆلار لە بازاڕەكاندا كەم دەبێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر حیسابی خستنەڕوو و دواتر بەرزبوونەوەی بەهاكەی، لێدوانەكانی بانكی ناوەندیی عێراق بە دەنگ داواكاریی سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانەوە نایەت، تاوەكو بەهای دیناری بەرز بكاتەوە، ئەوەش بە واتای ئەوەیە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بگەڕێنێتەوە نزیك بەهای جارانی، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە فرۆشتن و تەحویلكردنی داهاتی نەوت و سیاسەتەكانی بانكی ناوەندیی ئەمریكا تا ئاستێكی بەرز دەستێوەردانی هەیە، خستنەڕووی دۆلاریش لە نێوان 40-50% كەمی كردووە، ئەمانە هەمووی وایان كرد بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی كەم ببێتەوە و، لە بازاڕەكاندا بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بۆ 152- 152،500 هەزار دینار بەرز ببێتەوە.

* دەڵێن ئاودیوكردنی دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی عێراق و كوردستان بۆ ئێران و سووریا هەیە، ئەگەر ئەم حاڵەتە هەبێت، تاچەند كاریگەریی لەسەر ناسەقامگیریی بەهای دۆلاری ئەمریكی دەبێت؟

- لە دوای شەڕی ئۆكرانیا و ڕووسیا تەنیا دۆلاری ئەمریكییە كە توانیویەتی بەهاكەی خۆی بپارێزێت، ئەو وڵاتە زۆر بە وردی چاودێریی دراوەكەی و بەهاكەی و مامەڵە گەورەكان دەكات، بەڵێ ڕاستە وڵاتی ئێران و سووریا كە بە دۆخێكی خراپدا تێپەڕ دەبن، تا ڕاددەیەكی زۆر پشت بە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق دەبەستن بۆ بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریكی، لەلایەكی دیكەوە فرۆشتنییەكانی نەوتی عێراق بە دراوی دۆلارە و لە كاتی گۆڕینەوە و ئاڵوگۆڕكردنیدا سیاسەتێكی دارایی و نەختینەیی وا پەیڕەو دەكرێت كە بەهای دۆلار ئەوەندە دانەبەزێت كە وڵاتانی دراوسێ بۆ ئاودیوكردنی سوودی لێ وەربگرن. كڕینی دۆلار لە پەنچەرەی دراو لەلایەن كۆمەڵێك كۆمپانیای گەندەڵكار، یان تێوەگلاو لە ئاودیوكردنی دۆلاری ئەمریكی بۆ بازاڕەكانی ئێران و سووریا زیانی گەورەی بە ئابووریی عێراق و ناسەقامگیریی دینار گەیاندووە.

* وەك باست كرد خستنەڕووی دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا كەمی كردووە، بەڵام هۆكاری بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار چییە، كە بە ئاشكرا لە بازاڕەكانی نێوخۆدا هەستی پێ دەكرێت؟

- دۆلاری ئەمریكی لە جیهاندا بەهایەكی بەرزی هەیە و دۆخێكی سەقامگیری هەیە، ئەوە دراوی دیناری عێراقییە ڕووبەڕووی دۆخێكی بەهای ناسەقامگیر دەبێتەوە، گەندەڵیی سیاسی و مەترسیی زۆر لە سیاسەتمەدار و گەورە كۆمپانیاكان لە لێپرسینەوە، وای كردووە پارەكانیان بكەن بە دۆلار بۆ ئەوەی بینێرنە دەرەوە، بەتایبەتی دوای هێنانەوەی پارەیەكی زۆری گەندەڵی و لێدوانە بەردەوامەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەوەی كۆمەڵێك كۆمپانیا و گەورە سەرمایەدار دەستگیر دەكات و پارەكانیان بلۆك دەكات، هەموو ئەم لێپرسینەوە و ترسانە وای كردووە هەوڵی ناردنە دەرەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بدەن، كاتێك ناتوانن هەوڵی ئەوە دەدەن پارەكانیان بخەنە بواری وەبەرهێنان و دروستكردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی گەورە، كە پێویستی بە كەرەستەی بیناسازی و جوانكاری هەیە و تەنیا بە دۆلار لە دەرەوەی وڵات بەدەست دێت.

* زۆر باسی بانكی ناوەندیی عێراق و سیاسەتەكانی و مەركەزییەتی ئەو بانكە و ناشەفافییەتی دەكرێت، هەڵسەنگاندنت بۆ بانكی ناوەندی چییە؟

- لە هەموو ئەم ناسەقامگیری و دۆخەدا بانكی ناوەندی كاراكتەرێكی سەرەكییە، بۆ نموونە: كۆمەڵێك ئیجرائاتی بانكی ناوەندی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە گرتوویەتیە بەر، بۆ نموونە مامەڵەكانی بانكەكە لەگەڵ بانكەكانی ناوخۆ و دەرەوە دەبێتە ئەلكترۆنی، لەم بارودۆخەشدا دەستی مرۆڤ كەم دەبێتەوە و دەبێتە ژمارە و هەمووی مامەڵە و هاتوچۆی دراو شەفافتر دەبێت، هەموو گەندەڵكار و ئەو كەس و كۆمپانیا و حزبانەی دەستیان لە ئاودیوكردن و شووشتنەوەی پارەدا هەیە، ترسیان لا دروست دەبێت بەوەی بانكی ناوەندی دۆخەكە كۆنتڕۆڵ دەكات. ئەمە هەمووی وا دەكات ئەو دۆلارەی بە گەندەڵی دەستیان دەكەوت، كەمتر ببێتەوە، بەمەش ناچار دەبن پارەكانیان دەربهێنن و بیگۆڕنەوە بە دۆلار و لە وەبەرهێناندا بە گەڕی بخەن. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەكەش بانكی ناوەندیی عێراق بڕە دۆلارێكی زیاتری خستووەتە بازاڕەوە و چاوەڕوان دەكرێت وردە وردە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ دۆخی جارانی بگەڕێتەوە. زۆر جاریش باس لە سەربەخۆیی ئەم بانكە دەكرێت، ئەمە تەنیا ڕووكەشە و ڕاستەقینە نییە، بەڵكو بانكی ناوەندی لە ڕێگەی حزبە باڵادەستەكانەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، هەر ئەمەشە وای كردووە بانكەكە و عێراق سیاسەتی نەختینەییان نەبێت، سەبارەت بە بوونی نوێنەری كورد لەو بانكە، ئەویش ڕووكەشە و هیچ دەسەڵاتێكی نییە و تا ئێستا كاروبارەكانی ئەم بانكە جێگای گومان و پرسیارە.

* باسی نەبوونی سیاسەتی نەختینەیت كرد، ئایا نەبوونی ئەم سیاسەتە لەلایەن حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندییەوە تاچەند كاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق كردووە؟

- سیاسەتی نەختینەیی كۆمەڵێك ئیجرائاتی حكوومییە بۆ جێگیركردن و بەهێزبوونی بەهای دراوی نیشتمانی، هەر دراوێك بەهاكەی جێگیر نەبێت، ڕێز و تەقدیری لە ناو بازاڕە جیهانییەكان و بەرامبەر دراوە بیانییەكان نابێت، هەر كابینەیەكی وەزاری كە دێت، بە لانی كەمەوە دەبێت چوار ساڵ لە تەمەنی كاركردنی نەختینەیی و دارایی جێگیر بێت، بە پێچەوانەشەوە لەلایەن خەڵك و حكومەتەكانی دراوسێ و جیهان ڕێزی لێ ناگیرێت و متمانە لەدەست دەدات و بەهای دراوەكەی دەشكێت. جوانترین نموونە بۆ نەبوونی سیاسەتی نەختینەیی ئەوەیە تەنیا لێدوانی پەرلەمانتارێك، یان سەركردەیەكی سیاسی ڕاستەوخۆ دۆخی دراوەكە و بەهاكەی تێك دەدات، ئەگەر سیاسەتی نەختینەیی هەبووایە، ئەم هەموو لێدوان و قسەزل و نەزانانە بەرامبەر دۆخی دارایی و ئابووری و دراو نەدەدرا، لە عێراقدا زەمینەیەكی ناجێگیر هەیە و هەر سیاسەتمەدارێك قسە بكات، دۆخەكە دەشڵەقێت، بۆیە دەبێت بانكی ناوەندی سەربەخۆ بێت، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە و كەس بەمە بڕوا ناكات، بۆیە بە لێدوانێك بازاڕ ناجێگیر دەبێت و لەم هەڵبەز و دابەزەی دۆلار هەمووان زیانیان بەردەكەوێت. 

* هۆكاری چییە كە لە بازاڕەكانی كوردستاندا بەهای دۆلاری ئەمریكی بەراورد بە بازاڕەكانی عێراق بەرزترە؟

- لە مامەڵە بچووكەكاندا ئەم جیاوازییە كەمە و زۆر هەستی پێ ناكرێت، بەڵام لە مامەڵەی گەورەدا هەستی پێ دەكرێت، ڕەنگە بوونی وەبەرهێنانی زیاتر و ئارامی و دیموكراسی و بوونی فەزای ئازاد بۆ ئیشپێكردن، وا بكات بەهای دۆلار بەرزتر بێت، چونكە تا جووڵەی بازاڕ خێراتر و گەورەتر بێت، لەسەر بنەمای خواست و خستنەڕوو بەهای ئەو دراوەی مامەڵەی پێوە دەكرێت، لە مامەڵە گەورەكاندا بەرزتر دەبێتەوە. لە بەغدا حزبی سیاسیی زۆر هەیە و نائارامی و ناسەقامگیریی زۆرتریان دروست كردووە، تا بارودۆخی هەرێم سەقامگیرتر و ئارامتر و پارێزراوتر بێت، كار و وەبەرهێنان و بارودۆخی كاسبكاری و پیشە باشتر دەبێت و جووڵەی بازاڕ كە زۆربەی مامەڵە گەورەكان بە دۆلارە بەهای دۆلار بەرزتر دەبێت.

* دوا پرسیارمان لەوەدایە حكومەتەكەی كازمی زۆر زیرەكانە بۆ بەدەستهێنانی داهات و پێدانی مووچەكان بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار شكاند، بەڵام لە بەرامبەردا دۆخی بازاڕ گرانیی لێكەوتەوە، چاودێرانی سیاسی دەڵێن حكومەت ناچارە بۆ كەمكردنەوەی هەژاری و هەڵاوسانی نرخ و ڕازیكردنی شەقام دەستكاریی بەهای دۆلار بكات، وەكو شارەزایەكی دارایی و نەختینەیی چۆ دەڕوانیتە ئەم بۆچوونە؟

- بۆ بەڕێكردنی كاروباری حكومەت و دابینكردنی مووچە و باشكردنی دۆخی دارایی، حكومەتەكەی كازمی بەهای دۆلاری بەرز كردەوە، بەمەش دراوێكی زۆری دەستكەوت و توانی دۆخەكە ڕاگرێت، چونكە زۆرینەی داهاتی عێراق پترۆدۆلارە و لە گۆڕینەوەیدا پارەیەكی زۆری دەست كەوت و، یەدەگی بانكی ناوەندی بەرز بووەوە، بەڵام كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی خەڵك هەبوو، بەتایبەتی كە عێراق لە 80%ی شمەك و كەلوپەلەكانیان هاوردەیە بە نرخی دۆلار، بەڵام زۆر زەحمەتە بەم نزیكانە و بەو ڕاددەیە بەهای دۆلاری ئەمریكی بشكێت و جارێكی دیكە دۆخێكی ناسەقامگیری هەڵبەزودابەزی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ڕوو بدات.

Top