لۆڤەر جمەی دێت

لۆڤەر جمەی دێت

ئا/ تاریق كارێزی

ڕۆژی 3ی سەرماوەز/2722ی كوردی، ڕۆستەم ئاغالەی نیگاركێش و دامەزرێنەری گەلەریی ئاغالە، لە فەیسبووكی خۆیدا، بەدەم كۆمەڵێك وێنەی جوانەوە كە لە مۆزەخانەی لۆڤەردا گرتوونی، گوتی «مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس جمەی دێ، مۆزەخانەی ئێمەش لە كوردستان چۆڵ.» ئەم پرسیارە زۆر ڕەوایە، بارتەقای ئەو ڕەواییەش شرۆڤە و شی كردنەوەی دەوێت. بەر لەوەی لەو بارەیەوە قسەی خۆم بكەم، پێم خۆشە چەند كۆمێنتێك بخەمە ڕوو، كە هەر بەدەم پۆستەكەی ئاغالەوە نووسرا بوون:

لۆڤەر جمەی دێت

بەشی یەكەم/

جەوهەر جەلال دەڵێت «من و هاوسەرم چووین بۆ مۆزەخانەی سلێمانی، بە كارمەندێكم گوت ئەرك نەبێت، بێیت هەندێك زانیماریمان بدەیتێ و بەشەكانیمان پیشان بدەیت. گوتی ئێوە بڕۆن وا دێم. جگە لەوەی تاك و تەنیا لە ناو مۆزەخانەكە سەرگەمی سەیر كردن و خوێندنەوەی نووسراوەكان بووین، كاكی كارمەند هەر نەهات و نەهات.» ڕەنجی حەیدەر جووكل پێی وایە «كاكە ئێمەش حەز دەكەین ئەوها جمەی بێت، بەڵام كێشەكانی ئێمە هەندە زۆرن، نەك بیر لە كولتوور و هونەر ناكەینەوە، تاقەتی ژیانمان نەماوە، دەنا كورد مرۆڤی هونەر دۆستە ئەگەر لێگەڕێن، ئێمەش زۆر حەزمان دەكرد.» جەبار سابیر قادر گوتی «لای خۆمانیش چێشتخانەكان جمەیان دێت. هەر لەبەر ئەو هۆیەشە دەرمانخانەكانیش جمەیان دێت.» هیوا ساڵح دەڵێت «مایەی بەراورد نییە ئاغالە گیان، وەك هەموو شتێكی دیكەمان.» نیڤەل نالی دەڵێت «لەبەر ئەوەی ئەو میللەتانە لە منداڵییەوە، لە باخچەی منداڵانەوە، لە قۆناغە جیاجیاكاندا دەستە دەستە و گرووپ گرووپ بۆ سەیر كردن و نیشاندانی مۆزەخانەكانیان دەبردرێن، بۆیە (ئەو نەریتە) دەبێتە بەشێك لە حەز و ویستیان.» بێژان محەمەد بە هەستێكی تەژی لە تووڕەییەوە دەڵێت «كورد حەزی لە مۆزەخانە و مێژوو. نییە، تا كەڵك و چێژی لێ وەربگرێت، حەزی لە چێشتخانە و كافێیە.»

لۆڤەر جمەی دێت

هەڵوەستەیەك كۆمێنتی هەموو ئەو بەڕێزانەی دەرهەق بە پۆستەكەی هونەرمەند ڕۆستەم ئاغالە گوتیان، ڕاستییەكی ڕێژەیی دەنوێنن، بەڵام ڕاستییەكی مەزن هەیە ئێمە هەوڵ دەدەین لە ڕێی ئەم وتارەوە بیخەینە ڕوو. بەر لەوەی بڕیار دەرهەق بە هەر كار و ڕواڵەتێكی ژیان بدەین، زانیاری و شرۆڤە و ڕوون كردنەوەی ورد و زانستی و بابەتیانە پێویستە. بەدەر لەوە، هەر قسەیەكی بیكەین، بەشێكی ڕاستی دەخاتە ڕوو، بەشە زۆرەكەی ڕاستی پەنهان دەمێنێتەوە. پۆستەكە لە بارەی لۆڤەرە و لەگەڵ مۆزەخانەی وڵاتی كوردستاندا بەراورد كراوە. بنەمای ئەم بەراوردە زۆر لە یەكدییەوە دوورە، دەكرێت بڵێین سەنگەلا و نادروستە. بۆ ئەوەی ڕوونی بكەینەوە، كارەكە وەك ئەوە وایە بە سەرسوڕمانەوە بڵێین، كورد لە نەورۆزدا لەو هەموو جۆش و خرۆشەدایە، كەچی نەورۆزی پاریس كش و مات تێپەڕ دەبێت! دە ئاخر ئەم بەرواردەش لاسەنگ و نادروستە. خەڵكی پاریس فڕیان بەسەر نەورۆزەوە نییە، بەشێك نییە لە میرات و كولتووری ئەوان، ئیدی لە پای چی یادی بكەنەوە و ئاهەنگی بۆ بگێڕن. بە هەمان شێوە، هونەری شێوەكاری هونەرێكی نوێباوە لە نێو كورد و تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتدا، كات و كاری زۆری دەوێت تا ئەو هونەرە دەبێت بە بەشێك لە میراتی ئێمە و دەبێت بە خواستێكی ژیاری لە ژیانی ئێمەدا. كۆمێنتەكانیش ئاماژەیان بەو شتە كرد. جێی خۆیەتی لێرەدا قسە لە بارەی مۆزەخانەی لۆڤەر (Musée du Louvre)ـەوە بكەین. لە بەشی دووەمی ئەم وتارەدا دێینە سەر ئەم باسە.

Top