ئاكامەكانی شیزۆفرینیا

ئاكامەكانی شیزۆفرینیا

شیزۆفرینیا Schizophrenia نەخۆشییەكی گەورەی دەروونییە و كاریگەریی مەترسیدار دەكاتە سەر تەندروستی، شیزۆفرینیا جگە لە نیشانە دەروونییەكان كە مایەی ناڕەحەتین بۆ تووشبوو و كەسانی دەوروبەری، ئەگەری توندوتیژی و خۆكوشتنیش زیاد دەكات. شیزۆفرینیا بەمەشەوە ناوەستێت، بەڵكو هۆكارە بۆ كۆمەڵێك گرفتی جەستەیی (فیزیكی) وەكو: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان، لاوازبوونی ئێسك، هەروەها گرفتەكانی دەم و ددان. هۆكارەكانی كاریگەریی نەرێنی شیزۆفرینیا لەسەر تەندروستیی جەستەیی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كەسی تووشبوو لای قورس دەبێت كە پابەند بێت بە رێكخستنی خۆراك و پاكوخاوێنی و ئەنجامدانی مەشقی وەزرشی...تاد، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی كۆرتیسۆڵ لە لەشی تووشبوواندا كە بە هۆرمۆنی سترێس Stress hormone ناسراوە، هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی كێشی لەش و ئەگەری نەخۆشیی شەكرە. لە لایەكی دیكەوە زیانی لابەلای ئەو دەرمانانەی كە بۆ كۆنترۆڵكردنی شیزۆفرینیا بەكاردەهێنرێن، هۆكارن بۆ گەلێك گرفتی فیزیكی، بۆنموونە زیادبوونی كێشی لەش، بۆرژان، هەستكردن بە ناڕەحەتی و نائارامی.

Top