غەفوور ئەحمەد مەلا سوار قائیمقامی مێرگەسۆر بۆ گوڵان: بە بڕی نزیكەی 7ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان لە مێرگەسۆر جێبەجێ كراوە

غەفوور ئەحمەد مەلا سوار  قائیمقامی مێرگەسۆر بۆ گوڵان:  بە بڕی نزیكەی 7ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان لە مێرگەسۆر جێبەجێ كراوە

 

 

قەزای مێرگەسۆر تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە ڕووی هەڵكەوت و سرووشتی ناوچەكەوە و بۆ تیشك خستنەسەر ئەو پڕۆژەیانەی بۆ ئەم قەزایە جێبەجێ كراون و ئەو پڕۆژە و خزمەتگوزارییانەش كە زۆر پێویستن جێبەجێ بكرێن، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ غەفوور ئەحمەد مەلا سوار قائیمقامی مێرگەسۆر ئەنجام دا.

 

* ئایا قەزای میرگەسۆر بە چی بەناوبانگە و لە ڕووی كارگێڕییەوە چەند ناحیە و گوند لەخۆ دەگرێت؟

- قەزای مێرگەسۆر لە سەنتەری قەزا و ناحیەكانی (مەزنێ، پیران، گۆڕەتوو، شێروان مەزن و بارزان) دایە و 165 گوند پێك دێت. لە ئێستادا تەنیا 100 گوند ئاوەدانن و 65 گوند لەبەر بوونی پەكەكە و تۆپبارانی توركیا ئاوەدان نەكراونەتەوە و چەند كیلۆمەترێك لەگەڵ وڵاتی توركیا هاوسنوورین و ناوچەیەكی شاخاوی و سەختە و خەڵكی ئەو ناوچەیە بەشێكی بە ئاژەڵداری و هەنگەوانی و ڕەز و باخەوە خەریكن و بەشێكی كاسبی ڕۆژانە دەكەن و بەشی زۆریشان فەرمانبەر و پێشمەرگەن.

* وەك دەزانین دەڤەری مێرگەسۆر ناوچەیەكی ڕەنگین و سەرنجڕاكێش و شاخاوی و سەختە، ئایا ڕێگاوبانەكانی چۆنە و لە چەند ساڵی ڕابردوو بەتایبەتی لەكابینەی نۆیەمدا چی بۆ كراوە؟

- قەزای مێرگەسۆر بە هەموو سنوورەكەیەوە یەكێك لەو شوێنانە بووە كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس وێران كرابوو، بەڵام لە دوای ساڵی 1992 لەسەر دەستی حكومەتی هەرێم ئەو ناوچەیە ئاوەدان كراوەتەوە، بێگومان گرنگی بە ڕێگاوبان دراوە، بەڵام ناوچەیەكی شاخاوی و سەختە و پێویستی بە گرنگیدانی زیاتر هەیە لە ڕووی پڕۆژەی ڕێگاوبان بەتایبەتی و لە كابینەكانی ڕابردوو و لەو كابینەیەش بەتایبەتی زۆر گرنگی بە بۆاری ڕێگاوبان دراوە، كە چەندین پڕۆژەی گرنگ و پێویست ئێستا لە بەرنامە و لەژێر جێبەجێكردندان، لەوانە ڕێگای سێركە مێرۆز كە 12 كیلۆمەترە تەواو بووە و ڕێگای بارزان بۆ باڵندا لە قۆناغی كۆتایی و قیرتاوكردندایە و پڕۆژەی ڕێگای پیران بۆ مێرگەسۆر كە 8 كیلۆمەترە ئەو ڕێگایەش بە شێوەیەكی سەردەمیانە چاك دەكرێتەوە، هەروەها ڕێگای گوندی باپكێ كە ئێستا قیرتاو دەكرێت و ڕێگای گوندی بنێبیاو ناو كۆڵانی گوندەكە ئێستا پڕۆژەی قیرتاوكردنی بۆ دەرچووە و چەندین پڕۆژەی دیكە لە بەرنامە و لەژێر كاركردندان. پڕۆژەی ڕێگاوبان لە دەڤەری ئێمە لە بەر شاخاوی و سەختی گوژمەی زیاتری پێویستە و چەندین پڕۆژەی ڕێگاوبانی دیكە بۆ ساڵی داهاتوو بە هاوكاری جەنابی مەلا مستەفا كە ڕەزامەندی لە ڕێزدار سەرۆكی حكومەت وەردەگرێت، لە بەرنامەدایە، لەوانە جووت سایدی گۆڕەتووە و ئەو بودجەی لە چەند ساڵی ڕابردوو لە رێگاوبانی دەڤەرەكە خەرج كراوە نزیكەی 7 ملیار دینار بووە.

* ئایا بۆ ئاوی خواردنەوە چ كار و پڕۆژەیەك جێبەجێ كراوە؟

- لە بواری ئاوی خواردنەوە كاری باش كراوە، پڕۆژەی ئاوی بەرگەری كە ئاو بۆ زیاتر لە 91 گوند دابین دەكات لە كابینەی پێنجەم جێبەجێ كراوە لە ساڵی 2008ـەوە تەواو بووە و پڕۆژەی ئاوی باڵندە – بارزان كە لە ساڵی 2013 بڕیار و ڕەزامەندی لەسەر درابوو، كە گوژمەكەی 110 ملیۆن دۆلار زیاترە،70%ی پڕۆژەكە جێبەجێ كراوە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و هاتنی پەتای كۆرۆنا كاركردن تێیدا وەستابوو و ئەمساڵ بە هاوكاریی جەنابی مەلا مستەفا و كۆبوونەوەی زۆر لەگەڵ چەندین لایەنی پەیوەندیدار و ڕەزامەندی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی بریاری دەستپێكردنەوەی ئەو پڕۆژەیە درا كە لە ماوەی ساڵێك و نیو بۆ دوو ساڵ تەواو بێت و بكەوێتە خزمەتی خەڵكی دەڤەرەكە، هەروەها پڕۆژەی ئاوی گوندی كەونەگوندمان هەبوو، كە ئەویش حەوت گوند لێی سوودەمەند دەبن، كە ئەو پڕۆژەیەش تەواو بووە، هەروەها پڕۆژەی ئاوی گوندی بیوو و كانی بۆت و چەندین گوندی دیكە ئەوانەش كەوتوونەتە خزمەتی خەڵكی گوندەكان و چەندین پڕۆژەی ئاوی دیكە ڕەزامەندییان هەیە، بەڵام وەرزی زستانە و ناتوانرێت كاریان تێدا بكرێت، تا دەگەینە وەرزی بەهار و هاوین و بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیانە 95%ی كێشەی ئاو لە سنوورەكە چارەسەر دەبێت.

* ئایا لە بواری خزمەتگوزاری و پڕۆژەی بواری تەندروستی چیتان بۆ كراوە؟

- لە بواری تەندروستی هەنگاوی باش نراوە و نەخۆشخانەی باش لە سنوورەكە هەیە كە لە ئاستی تمووحی خەڵكەكەشدایە، بەتایبەتی نەخۆشخانەی گشتیی بلێ و مێرگەسۆر و چەندین بنكەی تەندروستییش لە سنووری قەزاكەدا هەن كە خەڵكەكە ڕۆژانە سەردانیان دەكەن و سوودی باشی لێ وەردەگرن.

* ئایا لە كەرتی پەروەردە پێویستتان بە بینایەی زیاتری قوتابخانە و میلاكات نییە؟

- ئەمساڵ زیاتر لە 32 بینایەی قوتابخانە لە سنوورەكە نۆژەن كراونەتەوە و چەندین قوتابخانەش لەلایەن خێرخوازانەوە بەتایبەت لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی دروست كراون، چەند پڕۆژەیەكی دیكەش لە بواری پەروەردە لە بەرنامەدایە و بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیانەش كێشە و گرفتی پەروەردەمان زۆر كەم دەبێتەوە. لە ڕووی میلاكاتەوە لەبەر ئەوەی دامەزراندن نییە، هەموو میلاكاتەكان بە مامۆستای وانەبێژ پڕدەكرێتەوە، هەر بۆیە ئێستا ژمارەی مامۆستای وانەبێژمان زیاترە لە میلاكاتی مامۆستای دامەزراو. لەلایەنی خوێندی باڵاوە پەیمانگای تەكنیكی مێرگەسۆر كراوەتەوە و لە هەوڵی ئەوەشداین كە كولێژێك لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بكرێتەوە.

* ئایا بە هۆی هەبوونی پەكەكە و تۆپبارانی توركیا لەو سنوورە چەند گوند ئاوەدان نەكراوەتەوە و تا چەند مەترسی لەسەر ژیانی گوندنشینەكانی سنوورەكە بە گشتی هەیە؟

- بە هۆی جموجووڵی پەكەكە و فڕۆكە و تۆپبارانی توركیا جگە لەوەی 65 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە، مەترسیی زۆر لەسەر ئەو گوندانە هەیە و تا ئێستا لە سەرووی 21 هاووڵاتی لەو سنوورەدا شەهید بوون و كەس بۆی نییە لەو گوند و سنوورانە نزیك ببێتەوە، چونكە بەر گوللە و تۆپباران دەكەون و زەرەر و زیانی زۆری لە خەڵكی ئەو گوندانە داوە لە ڕووی ئابوورییە كە ناتوانن كاری كشتوكاڵی و باخداریی خۆیان بكەن و خەڵكی ئەو گوندانە هانایان بردووەتە بەر كۆمەڵگە نیشتەجێبووەكانی شاری سۆران و هەولێر و شوێنی دیكە، لە كاتێكدا گوندەكانیان ئاوەدان بكرێتەوە و ئەو بارودۆخەكە ناسەقامگیرە نەمێنێت، دەتوانن بۆ گوندەكانیان بگەڕێنەوە و خەریكی پیشە و كاری خۆیان بن. لە هەقیقەتدا پەكەكە بەهانەیەكی سەرەكییە و كارتێكی گوشارە لە دەستی توركیا و بارودۆخێكی زۆر خراپیان بۆمان دروست كردووە، كە گۆڕەپان و خەباتی ڕاستەقینەی خۆیان باكووری كوردستانە كە بەجێیان هێشتووە و هاتوونەتە باشووری كوردستان و سەرئێشە بۆ حكومەتی كوردستان دروست دەكەن.

* وەك دیارە دەڤەری مێرگەسۆر بە گشتی بۆ گەشتیاری گونجاوە، ئایا هیچ پڕۆژە و ماستەرپلانێك بۆ گەشتوگوزار لە ناوچەكە هەیە؟

- پڕۆژەی گەشتیاری كەمن و دەتوانین بڵێین پڕۆژەی گەشتیاریمان تا ئێستا نییە، ئەگەرچی شوێنی گەشتیاریمان لە هەموو وەرزەكان زۆرە، بەتایبەت لە بەهار و هاویندا و لە وەرزی دیكەش دەتوانرێت شاخەوانی تێدا ئەنجام بدرێت، بەڵام پلان هەیە كە كەرتی گەشتیاری ڕێك بخەینەوە و چەند پڕۆژەیەكیش جێبەجێ بكەین كە خزمەت بە گەشتیاران بكات و دەبێت ئەو گەشتیارانەی دێنە ئەو سنوورە، ڕێز لە ڕێسا و یاسای سنوورەكە بگرن، بەتایبەت لە ڕووی ژینگەپارێزی، ئەگەرچی زۆربەی گەشتیارەكان هۆكاری پیسكردنی ئەو ژینگەیەن كاتێ سەردانی دەكەن. لەلایەكی دیكەوە ئەو گوند و شوێنانەی كە جموجووڵی پەكەكەی لێیە، شوێنی زۆر باش و گونجاوی گەشتیارین كە بە هۆی ئەوانەوە ناتوانرێت هیچ پڕۆژەیەكی گەشتیاری لەو گوند و سنوورانە جێبەجێ بكرێت.

* یەكێك لەو تایبەتمەندییانەی كە دەڤەری بارزان و مێرگەسۆری پێ ناسراوە و كاریگەری لەسەر تەواوی گەلی كورد و كوردستانیش هەیە، ژینگەپارێزییە، ئایا بۆ ڕێزگرتن لەو لایەنە پیرۆزە و پابەندبوونی خەڵك چی كراوە؟

- ژینگەپارێزی لە سنووری بارزان و مێرگەسۆر مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە و لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی درێژ دەبێتەوە بۆ شێخ ئەحمەدی بارزانی و بارزانیی نەمر و ئێستاش كە جەنابی سەرۆك بارزانییە، گرنگییەكی زۆر و تایبەت بە ژینگە و پاراستنی ژینگە دراوە. ژینگە و مرۆڤ لەو دەڤەرە بوونەتە دۆستی یەكتر و ژینگەپارێزی بووەتە كەلتوور لەلای خەڵكی دەڤەری بارزان و لە كاتی خۆی لەلایەن ڕژێمی بەعس چۆن جینۆساید بەرانبەر بە مرۆڤەكان كرا، بە هەمان شێوە بەرانبەر بە ژینگەكەشی كرا، كە كانییەكان پڕكرانەوە و دار و درەخت سووتێنران و بڕدرانەوە و ئاژەڵە كێوییەكان هەمووی كوژران و نەمابوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ژینگەكە لە قۆناغێكی زۆر باشدایە و پارێزگاری لە هەموو شتێك دەكرێت و ئاژەڵە كێوییەكان جۆراوجۆریان زۆر بوون و پارێزگارییان لێ دەكرێت و لە ئەمن و ئاماندان و بۆ كەس نییە ڕاویان بكات. بە دروستكردنی ناشناڵ پاركێك لەو سنوورەدا لەسەر چیای شیرین ئەوە ناوچەكە تۆمار دەكرێت لە رێزبەند و ئاستی یەكەمەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو لەو بارەشەوە ئێستاكە كار دەكرێت.

* ئایا بۆ وەرزی زستان كە لە سنوورەكەتاندا زۆر سەخت و قورسە و داربڕینیش قەدەغەیە؟ ئایا پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت هەیە و لە چ قۆناغێكدایە تاوەكو خەڵك بۆ خۆگەرمكردنەوە سوودی لێ وەربگرن؟

- بێگومان وەرزی زستان لەو دەڤەرە زۆر سەخت و ساردە و بەفر زۆر دەكەوێت و داربڕین ڕاستە قەدەغەیە، بەڵام ئەو دار و درەختانەی وشك بوون، خەڵك دەتوانێت بیانبڕێتەوە و بەكاریان بێنێت. پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتیش بۆ ئەمساڵ زۆر باش بەڕێوەچووە و زۆربەی خەڵكەكە بەشە نەوتی خۆی وەرگرتووە و ئەوەی ماویشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نەوتەكەیان وەردەگرن.

* ئایا لە سێكتەری كارەبا چیتان بۆ كراوە و پێویستتان بە چی هەیە؟

- وێستگەی وەبەرهێنانی كارەبامان نییە، بەڵام وێستەگی 132 و 33ی گواستنەوەی كارەبامان هەیە كە كارەبا لە وێستگەكانی سۆران و هەولێر دێتە ئەو وێستگانەی دابەشكردنی سنوورەكەمان و لەوێشەوە دەگاتە ماڵەكان، ئەگەرچی وەك هەموو كوردستان لە كارەباكەدا كێشەی ڤۆڵتییەمان هەیە و ئەو ماوەیەی كارەباكەمان پێ دەدرێت، باش نییە و زۆر كەمە، بۆیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵین و دەمانەوێت بۆمان چارەسەری بكەن، بەتایبەت ماوەی پێدانی كارەباكەمان بۆ زیاد بكەن.

* ئەو پڕۆژانە چین كە زۆر گرنگن لە ماوەی داهاتوو بۆتان جێبەجێ بكرێن؟

 - پڕۆژەی بارزان – باڵندە كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە بە جێبەجێكردن و تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە كێشەی ئاوی خواردنەوەكە تا ئاستێكی زۆر چارەسەر دەبێت و كردنەوەی دەروازەی زێدی لە باكوور لە نێوان كۆماری توركیا و هەرێمی كوردستان كە ڕەزامەندی لەسەری دراوە، بە كردنەوەی ئەو دەروازەیە كە دەبێتە شادەمارێكی ئابووری بۆ دەڤەری مێرگەسۆر و هەموو هەرێمی كوردستانیش و جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی ڕێگاوبان كە زۆر پێویستن و لە بەرنامەشدایە بۆ ناوچەكە بەرەوپێشەوەچوونێكی دیكە بۆ گەشەكردنی سنوورەكە بەدەست دەهێنێت و داواكارین وێستگەی دیكەی 132 و كەی ڤی و 33 كەی ڤی لە دەڤەرەكە بۆ باشتركردنی كارەبا دابمەزرێنن، ئەو پڕۆژانە و چەندانی دیكەش لە هەموو سێكتەرەكان بۆ سنوورەكە پێویستە ئەنجام بدرێن.

Top