هه‌موو وه‌رزشێك هیلاكه‌تى و كاتى ته‌رخانكراوی ده‌وێت

دڵخۆش عه‌بدوللا ڕاهێنه‌رى له‌شجوانى له ده‌ڤه‌رى ڕاپه‌رین
هه‌موو وه‌رزشێك هیلاكه‌تى و كاتى ته‌رخانكراوی ده‌وێت
یارى له‌شجوانى بۆ ئاستى ئافره‌تان تاكو ئێستا له شاره‌كانى كوردستان نه‌گه‌یشتۆته قۆناغێكى باش، به‌ڵام به‌شێك له ئافره‌تانى شاره‌كانى كوردستان ده‌یانه‌وێ له پاڵ وه‌رزشه‌كانى تر گرنگى زیاتر به یارى له‌شجوانى ئافره‌تانیش بده‌ن و چه‌ندین هۆڵیش له شاره‌كانى كوردستان كرایته‌وه بۆ په‌ره‌پێدانى زیاتر ئه‌م یارییه، یه‌كێك له یاریزانه به‌تواناكانیش له یارى له‌شجوانى و به‌رزكردنه‌وه‌ى هێزى له‌ش یاریزان دڵخۆش عه‌بدوللا-یه ئه‌و یاریزانى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی و ڕاهێنه‌رى له‌شجوانییه له قه‌زاى ڕانیه، ناوبراو له دایك بووى ساڵى 1991ى شارى ڕانیه و خاوه‌نى چه‌ندین بڕوانامه‌یه له بوارى ڕاهێنه‌ری له‌شجوانى، ئێمه‌ش له نزیكه‌وه چه‌ند پرسیاریكمان لێ كرد ئه‌وه‌یش به‌مجۆره وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه.
دیمانه:كارزان كانه‌بی
*بۆچى ڕووت كرده بوارى له‌شجوانى؟
- له به‌ر ئه‌وه‌ى به پێویستم زانى سوود و خزمه‌تێك بگه‌ینم به خه‌ڵكانێك، بۆیه وه‌ك ڕاهێنه‌رێك گرنگى به بواره‌كه‌م ده‌ده‌م بۆ گه‌یاندنى زۆرترین خزمه‌ت.
* هه‌ست ناكه‌ى وه‌رزشی ئاسن قورسه بۆ ئافره‌تان؟
-بێگومان هه‌موو وه‌رزشێك هیلاكه‌تى و كاتى ته‌رخانكراوی ده‌وێت به‌تا یبه‌ت له‌شوانى وه تایبه‌تتر بۆ ئافره‌ت، ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆى ئه‌نجام بدرێت.
*دوو وه‌رزش ئه‌نجام ده‌ده‌ى له‌شجوانى و هێزی له‌ش له كامه‌یان سه‌ركه‌وتووتری؟
-ئه‌وه‌ندى توانیبێتم هه‌م له‌شجوانى و هه‌م هێزی له‌ش له هه‌ردووكی ئامانجه‌كه‌م پێكاوه، به‌ڵام خولیاى سه‌ره‌كیم له‌شجوانییه.
*هۆكارى چییه ئافره‌تان گرنگی به‌م یارییه ناده‌ن؟
- له‌وانه‌یه هۆكاره‌كان زۆر بن له‌وانه خۆ ته‌رخانكردن به هه‌ندێ شتى لاوه‌كی و نه‌بوونى متمانه به خوود ئه‌وانه هۆكارن.
*به شێوه‌یه‌كى گشتی ئاستى ئه‌م یارییه چۆن ده‌بینى له كوردستان؟
- ئه‌گه‌ر گرنگی و حه‌قی ته‌واوه‌تى پێ بدرێت به‌دڵنیایی ئاستى به‌ره‌وو پێشه‌وه ده‌چێت.
*پێت باشه چى بكرێت بۆ هێنانه پێشه‌وه‌ى ئافره‌تانى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه؟
- ده‌بێت ڕۆشنبیری تاك به‌رز بكرێته‌وه له ڕووى تێگه‌یشتن و گرنگى و سوودی وه‌رزش.
* به‌رنامه‌ت چییه بۆ داهاتووى خۆت؟
-هه‌وڵدانه بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى زیاتر.
. * ئامانجت له نێو ئه‌م وه‌رزشه؟
- گه‌یشتنم به زۆرترین ده‌ستكه‌وتى باش.
*گرفتى ئه‌م وه‌رزش له چى ڕه‌نگده‌داته‌وه؟
- نه‌بوونى ستافێكى شاره‌زا له به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌م وه‌رزشه و بێ پلانى به‌لارێدا بردنى.
*خه‌ونى تۆ وه‌كو ئافره‌تێكى وه‌رزشكار؟
- خه‌ونم ئه‌وه‌یه بگه‌مه ئه‌و ئاسته‌ى كه هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌م.
* خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن بۆ وه‌رزش كردن له نێو یارى له‌شجوانى؟
-خێزانه‌كه‌م به‌شێكن له پشتگیری كردنم له‌م وه‌رزشه.
*بڕیارت نه‌داوه تیپێكى له‌شجوانى كچان دروست بكه‌ى بۆ ده‌ڤه‌رى ڕاپه‌رین ؟
- دروست كردنى تیپ و گروپ كارێكى ئاسانه، به‌ڵاگ گرنگ به‌رده‌وامى و پێشخستنی ئه‌و تیپه‌یه له به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى باش.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه له كۆتایدا؟
-به‌هیوام گرنگى زیاتر بدرێت به وه‌رزش به گشتى و دانانى كه‌سانى شاره‌زا له هه‌موو ئاسته‌كان و، سڕینه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك كه وه‌رزش بۆ مه‌رامی تایبه‌تى و لایه‌نێك به‌كار دێنێت، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خه‌مخۆرییه به‌رده‌وامه‌ى بۆ سه‌رجه‌م وه‌رزشه جۆراوجۆره‌كانى كوردستان.