مۆندیال و قەتەر و كولتوور

مۆندیال و قەتەر و كولتوور

فەرهەنگ غەفوور

لەم سەردەمەدا مۆندیال لە رێی كولتوور و داب و نەریت و هونەر و شارستانییەت و پێشكەوتنەكانیانەوە، وێستگەیەكی گرنگی ناساندنی وڵاتان و گەلەكانیانیانە، لە مۆندیالەكاندا سیما و رۆحی وڵاتەكە و خەڵكەكەی بۆ گەلانی دیكەی دونیا دەردەكەوێت و دەبێتە هەنگاوێكی گرنگی خۆناسین.
ئەم مۆندیالەی ئەمساڵ، كە وڵاتی قەتەر میوانداریی كردووە، یەكەم مۆندیالە لە وڵاتێكی كەنداوی عەرەبیدا بكرێت، وڵاتێك، كە تا سەردەمێكی دوور نا، بەڵكوو سەردەمێكی نزیك، بیابانێكی كاكی بە كاكیی رووتەن بوو، كە كاتێ باهۆز تۆز و لمی هەڵدەگرت، خەڵك چاوەكانیان دەنووقان و هیچ شتێكیان نەدەدی، كەچی ئێستا بووە بە بووكی كەنداو و چاوی جیهانی لەسەرە و خەڵكی وڵاتان، چ ئەوانەی سەرمایەیان هەیە، چ ئەوانەی كرێكار و دەستی كاریان هەیە، بۆ ژیان و خۆشگوزەرانی رووی تێ دەكەن.
قەتەر، كە تا دوێنێ ناوی لە ناو ناواندا نەبوو و كەس لەسەر نەخشەش پێی نەدەزانی، ئێستا لە رووداوێكی گەورەی وەك مۆندیال و هەمیش لە راكێشانی سەرمایەداران و حەوانەوەیان لەو وڵاتەدا، بووە بە چەقی كۆكردنەوەی جیهان.
لە مێژووی وڵاتانی عەرەبیدا چەند وڵاتێك ناوبانگی شارستانی و پێشكەوتنیان هەبووە، لەوانە (میسر، مەغریب، لوبنان، عێراق و سعوودیە) هەر یەكەیان بە هۆكارێك و بە شێوازێك، بەڵام ناوی قەتەر هێشتا لە ناو لانكیشدا نەبووە، كە ئەوان ناودار بوون. میسری عیملاق و خاوەن شارستانییەتی دێرین، خاوەن هزر و بیر و هونەر، لوبنانی بووكی جوانیی جیهان و وڵاتی گەشتیاری و پێكەوەژیان، عێراقی داروسەلام و پێشكەوتوو.

مۆندیال و قەتەر و كولتوور


پێشان دەگوترا، بیرمەندان و نووسەران لە میسر دەنووسن و بەرهەمەكانیان لە لوبنان چاپ دەكرێ و لە عێراقیش دەخوێنرێنەوە، ئەمانە ئەو وڵاتە عەرەبییانە بوون، كە كولتوور و نەریتەكانیان ناوبانگیانی گەیاندبووە ئەوپەڕی دونیا، كەچی ئێستا بەهۆی تیرۆر و گەندەڵی و دەستی دەرەكی ئەو وڵاتانە بوونەتە وێرانە و پاشكۆی وڵاتان، كەچی لەولاوە قەتەری تازە ساوا سەری بەرز كردووەتەوە و بەسەر هەموویاندا بانگ دەدا و، بەسەر هەموویاندا دەنازێ.
قەتەر لەم مۆندیالەدا كولتوور و روانگە و جوانییەكانی خۆی پیشانی هەموو جیهان دا، هەر لە مەراسیمی كردنەوەی مۆندیال، سەرەتا بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز لەلایەن مێرمنداڵێكی پەككەوتەی نیوە جەستە، پاشان بەو دیمەنە كولتووری و سەما و گۆرانییە میللییانە بە جیهانی گوت، من هەر لە بواری بیناسازی و دروستكردنی شاری جوان و خاوێندا پێش نەكەوتووم، بەڵكوو خاوەن رەسەنایەتییەكی عەرەبییم و ئەمە كولتوور و هونەر و دیدگامە، فەرموو بیبینن، كە بە هەق، دیمەنێكی زۆر باڵا و جوانی خستە ناو زاكیرەی ئامادەبووانی مۆندیال و ناو زاكیرەی هەموو جیهان.
ئەمە بۆ ئێمەی كوردیش وانە و پەندە، كە پێویستە قاچێكمان لەسەر شاڕێی پێشكەوتن بێت و قاچەكەی دیكەمان لە ناو كولتوور و رەسەنایەتیدا بێت و بە هەردوو قاچەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین و، رۆژێك دابێت كە سەربەست و ئازاد ببین و وەك ئەو گەل و وڵاتانە، ئێمەش كێبركێ لە هەموو بوارەكاندا بكەین، نەك هەر لە مەیدانی بەرگری و فیداكاریدا، بەڵكوو لە تەواوی كایەكانی دیكەی ژیاندا خۆمان بسەلمێنین.»

مۆندیال و قەتەر و كولتوور
Top