سنوور كەریم: پەیامم بۆ هەموو خاوەن پێدوایستییەكان ئەوەیە متمانەیان بە خۆیان هەبێت و لە هەوڵەكانیان بۆ داهاتووی باشتر بەردەوام بن

سنوور كەریم:  پەیامم بۆ هەموو خاوەن پێدوایستییەكان ئەوەیە متمانەیان بە خۆیان هەبێت و لە هەوڵەكانیان بۆ داهاتووی باشتر بەردەوام بن

 

 

سنوور كەریم، خانمە دەستڕەنگینێكی خاوەنپێداویستیی تایبەتە، بە هاوكاری و پاڵپشتیی ڕێكخراوێكی مرۆیی بۆ بەهێزكردنی تواناكانی كەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت، لە خولێكی فێركاری بەشداری دەكات و لە ماوەیەكی كەمدا توانی چەندین كاری دەستی هەمەجۆر نمایش بكات و لە بەرانبەردا ببێتە خاوەنی بڕوانامەی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتی بۆ كاری دەستی و دیزایین. لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باس لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەكانی ژیانی تایبەتی خۆی بۆ خوێنەران دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

سنوور كەریم ساڵی 1992 لە باریكەی سەر بە قەزای سەیدسادق لە دایكبووە، وەك خۆی باسی دەكات، لە خانەوادەكەی تەنیا ئەو كورتەباڵایە و لە ئێستادا ئەو ئەندامی كۆمەڵەی كورتە باڵاكانی كوردستانە، هەروەها بە هۆی بارودۆخی تەندروستی لە پۆلی چوارەمی ئامادەیی بە ناچاری وازی لە خوێندن هێناوە. لە بارەی ژیانی تایبەتیی خۆشیەوە دەڵێت: « ژیانی منداڵیم وەك باسی دەكەن، منداڵێكی زۆر جوان بووم، خێزانەكەم هیچ كات هەستیان بەوە نەكردووە كە خاوەن پێداویستی تایبەتم، تەنانەت كاتێك كە بچووك بووم دكتۆرێكی ئەمریكی كە پزیشكی خێزانی بووە، داوای لە خێزانەكەم كردووە كە هەموو ڕۆژ من ببینێت، زۆریشی لە دایك و باوكم كردووە، من بدەن بە ئەو، بەڵام ماڵەوەمان ڕەتیان كردووەتەوە. لە كاتێكدا ئەو دكتۆرێكی گەورە و بەئەزموون بوو، كەچی ئەویش هەستی بەوە نەكردبوو، كە من خاوەن پێداویستی دەبم». گوتیشی: «لە دوای ئەوە من تووشی چەند نەخۆشییەك بووم و بڕیكی زۆر دەرزی و دەرمانیان بۆم بەكار هێنا. بە بۆچوونی ماڵەوەمان بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە گەشەم وەستاوە و بووم بە خاوەن پێداویستیی تایبەت لە جۆری كورتەباڵا»، سەبارەت بە خوێندنیشی گوتی: «تا پۆلی چواری ئامادەییم خوێندووە، ئەویش بە هۆی ئەوەی ژیانی خویندن و چوونە قوتابخانە بۆ ئێمەی خاوەن پێداویستیی تایبەت زۆر قورس بوو، بە تایبەت لە ڕووی كورسیی دانیشتن زۆر زەحمەت بوو، زۆرجار قوتابخانەكان دووقات بوون، دەبوو چەندین پلیكانە ببڕی تا دەچیتە سەرەوە. بەداخەوە لە ڕابردوودا ئێمەی چینی خاوەن پێداویستییەكان لەلایەن كۆمەڵگەوە زوو ئازار و ناڕەحەتیمان چەشتووە. بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا زۆربەی خەڵك هۆشیار بوونەتەوە».

سنوور كەریم لە درێژەی باسكردنی ژیانی تایبەتی خۆیدا، باسی خاتوونێك دەكات، كە كاریگەری بەرچاوی لەسەر سەركەوتنەكانی بووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بە هۆی شارا خانەوە توانیم تێكەڵ بە دونیای دەرەوە ببم، ئەو خاتوونە بەڕێزە كار لەسەر تواناكانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكات و، جار جار كۆمان دەكاتەوە و دەمانبات بۆ گەشت و سەیران. لێرەوە زۆر سوپاسی خاتوو شارا دەكەم كە هەمیشە هاوكارمان بووە، ئەو لە هەموو كاتێك لە خۆشی و ناخۆشییەكانیشمان بەشدارە، لەگەڵ ئێمەی خاوەنپێداویستی زۆر ماندوو دەبێت و عەزیەتمان پێوە دەكێشێت، هیچ كاتێكیش دڵی نەشكاندووین، ئەوەی ئەو بۆ ئێمەی خاوەن پێداویستی دەیكات، هیچ كەس تائێستا بۆی نەكردووین و هەموو بۆشاییەكانی ڕۆحی و دەروونیی ئێمەی پڕ كردووەتەوە، تەنانەت بۆ كارە دەستییەكانمان زۆر هاوكار بووە، كارئاسانیمان بۆ دەكات بۆ بەشداریكردنمان لە خولەكان و پیشانگەكان تەنانەت بۆ ساتێكیش بە تەنیا جێی نەهێشتووین». گوتیشی: «شارا خان لە كاركردنم هەمیشە هاوكار و یارمەتیدەرم بوو، هەوڵی زۆری دا و پێی گوتم دەبێت كارێك بكەیت، ئیتر دەستم كرد بە كاری دەستی و تا ڕاددەیەك بەهرەكانی خۆمم تێیدا دۆزییەوە، هەر لێرەوە زۆر سوپاسی كاك شاسوار دەكەم بەڕێوبەری پڕۆژەی یەكسانی جێندەری و بەهێزكردنی ژنان لە چاودێریی كۆمەڵایەتیی سلێمانی، سوپاسی كاك هێمن محەمەد بەرپرسی نووسینگەی بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی كۆمەڵایەتیی سلێمانی دەكەم».

سنوور كەریم لەبارەی هەنگاوەكانی بەرەوە سەركێشی و تەسلیم نەبوون گوتی: «لە ڕێگەی مۆبایلەكەمەوە توانیم بەرنامەی كارە دەستییەكان و نەخش و نیگار و دروستكردنی پێداویستییەكانی ڕۆژانەی مرۆڤ بدۆزمەوە و خۆم لەگەڵ ڕەنگ و بەرد و شوشە و دروومان ڕابهێنم، پاشان لە ڕێگەی ڕێكخراوێكی مرۆیی لە خولێكدا بەشداریم پێ كرا، دەرەنجام توانیم چەندین كاری دەستی نمایش بكەم و شان بەشانی كۆمەڵێك خانمی دیكە كە ژمارەیان 15 كەس بوو، كە ئەوان بە جەستە ساغ و سەلامەت بوون، تەنیا من لە ناویاندا خاوەن پێداویستیی تایبەت بووم، توانیم ببمە خاوەنی بڕوانامەی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتی بۆ كاری دەستی و دیزایین، ئەوەش بۆ من هەنگاوێكی گەورە بوو».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا لە ڕابردوودا خێزانەكەی تا چەند هاوكار و یارمەتیدەری بوون؟ گوتی: «خێزانەكەم هەموو هاوكارمن و تا ئێستاش لە هەموو هەنگاوەكان لەگەڵمدان و لەگەڵ خوشك و براكانم هیچ جیاوازیم لەگەڵ نەكراوە، منیش هەر وەكو ئەوان كاری ڕۆژانەی خۆم ئەنجام دەدەم، بەداخەوە ژیانی منداڵی ئێمەی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەك ژیانی منداڵێكی جەستە ساغ نییە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی توانج و ناو و ناتۆرە دەبووینەوە و تووشی ناڕەحەتی دەبووین. هەر لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە وەرزشكردن بوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی خاوەنپێداویستی تایبەت بووم، ئەو یارییە بۆ من نەدەگونجا، چونكە شوێنێك نەبوو، بۆ ئێمە گونجاو بێت».

سنوور كەریم لە بەشی كۆتایی وتەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە «هەموو كەس ئاواتی جوان لە ناخیدا هەیە، هەیە بە ئاواتەكانی دەگات، هەشە پێیان ناگات، بەڵام بە هەوڵدان هەمووان دەتوانن بە ئاواتەكانیان بگەن»، گوتیشی: «ئاواتم ئەوەیە لە داهاتوودا ببمە خاوەن كاری خۆم و بتوانم لەسەر پێی خۆم بوەستم و تەنانەت هاوكاریی كەسانی خاوەن پێدوایستیی تایبەت بكەم، پڕۆژەی ئەوەشم هەیە لەگەڵ شاراخان هەوڵی ئەوە بدەین كارە دەستییەكانم بخەینە بازاڕ بۆ فرۆشتن. پەیامیشم بۆ هەموو خاوەن پێداویستییەكان ئەوەیە متمانەیان بەخۆیان هەبێت و لە هەوڵەكانیان بۆ داهاتووی باشتر بەردەوام بن».

Top