ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان:   لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بارودۆخی كەركووك نادەستووری و نایاساییە و هەر بڕیارێكیش دەردەچێت هیچ بەهایەكی نییە

ڕێبوار تاڵەبانی  سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان:     لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بارودۆخی كەركووك نادەستووری و نایاساییە و هەر بڕیارێكیش دەردەچێت هیچ بەهایەكی نییە

 

 

بارودۆخی ئێستای كەركووك و ئەو هەڕەشە و مەترسییە بەردەوامەی ڕووبەڕووی ئەم شارە دەبێتەوە، بە تایبەتی لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و ئەو بارودۆخە نائاسایی و نایاساییەی لەو شارەدا لە ئارادایە، بوونە تەوەری سەرەكیی دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و دووبارە گەڕانەوەی هێزەكانی عێراق بۆ ناوچەكانی ماددەی140، بارودۆخی ئەو ناوچانە بە گشتی و كەركووك بەتایبەتی لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریدایە و هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی سیمای كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بسڕێتەوە. بە شێوەیەكی گشتی چۆن سەیری بارودۆخی ئەو ناوچانە بە گشتی و كەركووك بە تایبەتیش دەكەن؟

- كەركووك مێژوویەكی سەد ساڵەی سیاسەتی گۆڕانكاریی دیمۆگرافییەكەی هەیە، لە دواسەرژمێری دانیشتووانەكەی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانلیدا لە ڕاگەیاندنی مەعاریفی عوسمانلیدا دەڵێت كەركووك ئەو شارەیە 93%ی لە كورد پێكدێت و 7%یشی پێكهاتەكانی دیكەن. لەپاشان لە ساڵی 1937 و 1957 سەرژمێریی دیكە كرا و هەموو ئەو حكومەتانەی كە لە عێراق هەبووە، كاریان لەسەر ئەوە كردووە كە چۆن ناسنامەی كوردستانییەتی لێ بكەنەوە، هەروەها لە دوای ئەوەش لە ساڵی 1927 نەوت لە كێڵگەی باوەگوڕگوڕ لە كەركووك دۆزرایەوە، بۆیە چاو و تەماحی هەموو وڵاتانی دەرەكییش كەوتە سەر كەركووك، هاوكات حكومەتەكانی عێراقیش لە مەلیكییەوە تا كۆتایی ڕژێمی بەعس و لە پاشانیش لە ساڵی 2003 هەر چەند سیستەم لە عێراق گۆڕا و دەستوور بوو بە فیدڕاڵی و دەبووایە لە 31/12/2007 ماددەی 140 بە تەواوی جێبەجێ بكرایە و بارودۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ئاسایی ببنەوە، بەڵام لەم لایەنەشەوە بەداخەوە كورد سازشی كرد، چونكە خەڵكی كەركووك و كوردستان پێیان خۆش نەبوو كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بخرێتە ناو ئەو هاوكێشەیە بۆ مفاوەزات لە نێوان ئێمە و حكومەتی عێراق لەبەر ئەوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە بەشێك بوون لە خاك و سنووری كوردستان، بەڵام بە ناچارییەوە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ڕازی بووین و شانسێكی دیكەیان بە حكومەتی تازەی عێراق دا كە كێشەكان چارەسەر بكات، ئەگەرچی كێشەكانیان چارەسەر نەكرد و هەتا ئێستا هەمان سیاسەتی حكومەتەكانی پێشتریان بەكارهێناوە، واتە سیاسەتی تەعریب و هەمان سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە كەركووك پیادە دەكەن، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەیە بەس ناسنامەی كوردستانی بەسەر كەركووكەوە نەمێنێت.

بارودۆخی كەركووك لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە گۆڕانكارییەكی گەورەی پێ دەوترێت لە مێژووەدا، چونكە لەكاتی خۆی كە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە كە تەعریب و تەبعیس دەكران، بە سیمایەكی سوننی بوو، بەڵام ئێستا تەعریب و تەشییع دەكرێت بە ڕەنگی شیعی كە ئەمە مەترسیدارترە.

* بە شێوەیەكی گشتی بارودۆخی ئەو ناوچانە ناسەقامگیرە و ئەوەی كە زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە نابێت ئەو بارودۆخە فەرزكراوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، شەخسی سەرۆك بارزانییە، وەك دەشبینین لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو ڕازی نەبووە كە بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بگەڕێنەوە بۆ كەركووك، ئایا چۆن سەیری هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی و پێداگرییەكانی لەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟

- هەڵبەتە ئەو هیوایەی ئێستا كە گەلی كورد ماویەتی و هەگبەی مێژوویی و خەباتی قورسی خستووەتە كۆڵیەوە، تەنیا جەنابی سەرۆك بارزانییە كە بتوانێت ئەو ئامانجانەی كە ڕێبازی شێخ عەبدولسەلام بازرانی لە كاتی خۆی دایناوە، كە دەفەرموێت: «خاكناسی و خواناسی و مرۆڤناسی»، ئەو سیمایە كە گوازراوەتەوە بۆ ئەو بنەماڵەیە، دەیەوێت بیگەیەنێتە كۆتایی و دیاریشە كە جەنابی سەرۆك خەمیشیەتی كە لە مێژووی خۆیدا ئەو كارەساتە بە سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە هاتووە، تەئكیدم ئەو بارودۆخە لای جەنابی زۆر قورسە، چونكە جەنابیان نەیدەویست بگاتە ئەو ئاقارە و 50%ی خاكی كوردستان لە جیاتی ئەوەی بگەڕێتەوە سەر كوردستان و خەونی 100 ساڵەی كورد بەدی بێت، بەداخەوە 50%ی خاك و نیشتمانی كوردو كوردستان لە دەستی نەیارانە، هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە چاودێری و خەمخۆریی جەنابی سەرۆك بارزانی بەردەوام بووە و جێگای شانازییە هەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تا دەگاتە ئەو بەرگرییانەی كرا لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە لایان هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە پردێ و مەحموودیە و سحێلا و مەخموور كە ئەگەر ئەم ئیرادە و بەرگرییانە نەبووایە، ئەوە بۆی هەبوو شتێك نەمێنێت بە ناوی كوردستانەوە. بەڵكو لەناو عێراقەوە دەگەڕاینەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم بە بێ ماف و كورد دەبووە نەتەوە و هاووڵاتی دووەم كە هیچ بایەخێكی نەبێت. بەڵام بە بوون و ئیرادە و حەكیمیی جەنابی سەرۆك بارزانی و پشتگیری میللەتی كورد و كوردستان توانیمان ئەوانەی ماوەتەوە جارێ پارێزگاری لێ بكەین. بێگومان لە ڕێككەوتنی ئازار خواڵێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ سەدام حوسێن نیوەی كەركووكیشی پێ درا، بەڵام بارزانیی نەمر سازیشی نەكرد و ڕازی نەبوو و فەرمووی نەوەك كورد دوای خۆم بە خائینم بزانن، هەر لەم مێژووەوە جەنابی سەرۆك بارزانی ئەزموون و تێڕوانینی قووڵ و گەورە و سەروەریی بۆ گەلی كورد و كوردستان هەیە و دەیەوێت خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەش هەر وەك خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك و هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان بە سەربەرزی بژین. هەر لەم سۆنگەیەوە جەنابی سەرۆك بارزانی قبووڵی نییە پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەك بگەڕێتەوە كەركووك كە بارودۆخی كەركووك ئاسایی نەكرێتەوە و پارێزگارەكەشی كورد نەبێت. ئینجا ئێمە كە ناسنامەی كورد و كوردستانیمان هەیە، چۆن دەتوانین لە بارودۆخێكی نائاسایی لە كەركووكدا بژین؟

* سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای كەركووك كە دەبوو زۆر پێشتر ئاسایی بكرایەتەوە و پارێزگارێكی كوردیشی بۆ دابنرایە، بەڵام ئەوە ماوەی پێنج ساڵە جێگری پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت پارێزگارە و هەموو هەوڵەكانیشی بۆ ئەوەیە جارێكی دیكە كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری تەعریب بكاتەوە و موڵكەكان لە جووتیارانی كورد بسێنێتەوە و بیداتەوە بە عەرەبە هاوردەكان، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی لایەنی كوردستانی لە ئاستی ئەم ڕەفتارانەی پارێزگاری كەركووك كەمتەرخەم و دەستەوەستانن؟

- بەردەوام گوتوومە بارودۆخی كەركووك دوای 16ی ئۆكتۆبەر نادەستووری و نایاساییە و هەر بڕیارێكیش دەردەچێت، هیچ بەهایەكی نییە، بەڵام پارێزگاری ناشەرعیی كەركووك بە تەنیا نییە و دیارە بارودۆخەكە بۆی دەگونجێت و لە هەموو كارو بڕیارەكانیان مەبەستیان ئەوە بووە كە ناسنامە كوردستانییەكە لە كەركووك بسێننەوە. هاوكات ئەو میلیشیا چەكدارانەی لە كەركووكن و ناسنامەی عێراقیان نییە و بە ئەجیندای دەرەكی كار دەكەن، ئەوانیش هەمان ئامانجیان هەیە كە سڕینەوەی ناسنامەی كوردستانییە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە و هەندێ پێكهاتەش لە كەركووك هەیە كە بە ئەجیندای دەرەكی دەجووڵێنەوە، ئەوانیش پێیان خۆشە كەركووك ناسنامەی كوردستانی نەبێت، هەرچی دەبێت، گرنگ نییە، هەموویان یەكیان گرتووە بۆ یەك ئامانج، ئەویش ئەوەیە كە پشتگیریی ڕاكان جبوری دەكەن، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەو گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەی كە 100 ساڵە حكومەتی عێراقی كاری لەسەر كردووە و ئەویش بۆی لواوە و بە جوانی ئیشەكە جێبەجێ دەكات، بەڵام ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە كە ماڵی كورد بێتفاقە و یەكڕیز و یەك ئامانج نییە لەسەر ئەو فشارەی لەسەر كەركووكە.

* لە دوای دەستبەكاربوونی دكتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا وەك كەركووكییەك بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی عێراق كۆمەڵێك هەنگاوی بۆ بەرژەوەندیی كەركووك ناوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن سەیری هەوڵەكانی شاخەوان عەبدوڵا دەكەن؟ ئایا فراكسیۆنی كوردستانی «ئەگەر یەكگرتوو بن» دەتوانن چی باشتر بۆ كەركووك ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكەن؟

- شوێن دەست و كاری بەردەوامی دكتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا لە پێناو پاراستن و ئارامیی كەركووك و كوردستانییەتی كەركووك و خەڵكەكەی پێش ئەوەی ببێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش دیار و جێگای شانازی و دڵخۆشییە كە خەمخۆرێكی زۆر بوێر و دڵسۆزی كەركووك و كورد و كوردستان بووە. هاوكات خەڵكی دیكەی باشمان هەیە هەر وەك جەنابیان كە كار بۆ پاراستن و بەرگری لە كەركووك و كوردستانییەتی كەركووك دەكەن، بەڵام كێشەكە زۆر لەوە گەورەترە و ئەو پیلان و ئامانجەی دژ بە كەركووك و كوردستانییەتی كەركووك و ناوچەكەیە نەخشەداڕێژراوە و ئامانجی سەدان ساڵی مێژووی ناحەز و دوژمنانی كورد و كوردستانە بە كار و هەوڵی تەنیا كەسێك، یان گرووپێك چارەسەر و كۆتایی نایەت، ئەگەرچی دكتۆر شاخەوان بە هەوڵ و كۆششی خۆی تەلەفۆن بۆ لایەنی پەیوەندیدار دەكات، بەتایبەت بۆ كێشە كشتوكاڵییەكان و بۆ ماوەیەك كێشەكان چارەسەر دەكەن، لە پاشان بە جۆر و ڕێگایەكی دیكەوە دووبارە كێشەكان سەرهەڵدەدەنەوە، چونكە كێشە و فشارەكان زۆر گەورەن و ئامانجی سەرەكیی سڕینەوەی ناسنامەی میللەتێكە كە میللەتی كورد و كوردستانە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە.

* بە هۆی نەمانی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، هەست دەكرێت بۆشاییەكی ئەمنی دروست بووە و بە ئاسانی ئەم بۆشاییە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئیستغلال دەكرێت، هەروەك چۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە نزیك قەرە هەنجیر بینیمان، لەسەر ئەم بابەتە زۆر باس لەوە دەكرێت كە هێزێكی هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە ئەو بۆ شاییانە پڕ بكاتەوە، بەڵام ئەم كارە پەلەی تێدا ناكرێت، ئایا هۆكارەكەی چییە؟

- من پڕۆژەیەكم پێشكەشی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بە ناوی پڕۆژەی ئیدارەی هاوبەش لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كە پڕۆژەكە لە 42 لاپەڕە پێكدێت و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و 13 وەزیری بەڕێزیش قسەم كردووە كە لە دوای 2005ـەوە تا جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەبووایە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بە هاوبەشی ئیدارە بكرێت و هەر وەزارەتێك بەپێی كار و پسپۆڕایەتیی خۆی، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەكرا، كە پێنج ڕەهەندم كردووەتە بابەتی سەرەكیی پڕۆژەكەی خۆم و هەریەكی ڕەهەندێكی دەستووری هەیە، كە پێی دەڵێن «كێشە لەسەر» كە هەر شوێنێك كێشەی لەسەر بێت، دەبێت دوو لایەن ئیدارەی بكات، بەڵام ئێستا بەداخەوە تەنیا حكومەتی فیدڕاڵی ئیدارەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دەكات و لە ڕووی داراییشەوە دەبێت لە بودجەی حكومەتی فیدڕاڵی لە كاتێكدا یەك ملیار تەرخان بكات بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان، ئەوە دەبێت لەو بڕە پارەیە حكومەتی فیدڕاڵی 500 ملیۆن خۆی خەرجی بكات بۆ كەركووك و 500 ملیۆنەكەی دیكە بە حكومەتی هەرێم بدات ئەو بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان لە پڕۆژەكاندا خەرجی بكات و لەمەدا ڕەهەندێكی هەیە سەربازی و ڕەهەندێكی هەیە ئیدارییە، لە كاتێكدا بۆ نموونە چوار كەس دادەمەزرێت لە كەركووك، ئەوە دوو لە كەسەكان دەبێت هەرێم بڕیاریان لەسەر بدات، لە ڕووی سەربازییەوە نابێت و دەستووریش نییە كە ڕازی بین بە دوو لیوای هاوبەش بۆ ئەو ناوچانە، بەڵكو بە درێژایی 1051 كیلۆمەتر پێویستە بە هاوبەشی هێزی سەربازی فیدڕاڵی و هێزی پێشمەرگە بە یەكەوە كەركووك و ئەو ناوچە كوردستانییانە بپارێزن، لەلایەكی دیكەوە چۆن بەغدا لەسەر یاسای نەوت و غاز سكاڵا دەكات و هەرێمی پێوە سەرقاڵ كردووە، ئەوە پێویستە هەموو وەزارەت و وەزیرەكانی هەرێم سكاڵا لە دژی حكومەتی فیدڕاڵی بەرز بكەنەوە لە دادگای فیدڕاڵی و بە هۆی ئەو پێشێلكردنە دەستوورییەی لە 2005 بەو لاوە دەرهەق بە كەركووك و هەرێمی كوردستان كراوە، كە بۆی هەیە یەك تریلیۆن دۆڵار بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە، كە ئەمە وەك ئەو قەرەبوویەی كە كوەیت پاش ئەوەی ئازاد كرا، لە عێراقی وەری گرتەوە و هەر پێشمەرگەیەك لە بۆشایی ئەمنی شەهید دەبێت، ئەوە دەبێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە قەرەبوو بكرێتەوە و خانەوادەكەی سەربەرز بن.

 

Top