زیانەكانی خواردنەوەی چای لەسەر گەدەی بەتاڵ

زیانەكانی خواردنەوەی چای لەسەر گەدەی بەتاڵ

خواردنەوەی چای، بەتایبەتی چای رەش یان تۆخ لەسەر گەدەی بەتاڵ و، بەتایبەتی بەیانییان، هۆكارە بۆ هەستكردن بە هێڵنج و زیادبوونی ترشەڵۆكی گەدە و دڵەكزێ لەگەڵ تێكچوونی كرداری هەرس، چونكە ئاستی ترشێتی چای رەش و قاوە بەرزە، بۆیە دەبنە ئەگەری تێكدانی هاوسەنگیی ترشی و تفتیی ناو گەدە، هەروەها كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش، لەبەر ئەوەی كە چای رەش رێژەیەكی بەرزی كافائین و ماددەی تیۆفیللین Theophylline لەخۆدەگرێت، كە هاندەرە بۆ ونكردنی شلە لە كۆئەندامی میزەڕۆدا و هاوكاتە لەگەڵ قەبزی لەبەر كەمبوونەوەی شلەی لەش. لە لایەكی دیكەوە، خواردنەوەی چای تاریك لەسەر گەدەی بەتاڵ هاندەرە بۆ سووانی چینی مینای ددانەكان، بەهۆی بەكتریا كە شەكری ناو چای یان قاوە تێك دەشكێنێت و ئاستی ترشیی ناو دەم زیاد دەبێت، كە هۆكارە بۆ داڕووشانی چینی مینا، هەروەها كۆبوونەوەی گاز لە كۆئەندامی هەرسدا. بە رای پسپۆران 1-2 كاتژمێر پاش ژەمی بەیانی باشترین كاتە بۆ خواردنەوەی چای رەش، نابێت ئەمەش لەبیر بكەین كە رێژەی بەرزی كافائین هۆكارە بۆ چەند نیشانەیەكی لابەلای دیكەی وەكو: سەرئێشە، خەوزڕان، ناڕەحەتیی دەروونی، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، لەگەڵ دەست لەرزین Tremor.

 

Top