مۆنۆدرامای / نوكتەچی ...

مۆنۆدرامای / نوكتەچی ...

كارێك تەواو جیاواز لەو نمایشانەی كە بینیومە .. مەریوان زەنگەنە وەرگێڕ و نواندن و دەرهێنانی خۆی بوو .. نمایشێك كاتژمێرێك بەردەوام بوو، پڕ لە جووڵەی جوان و نواندن .. دیكۆرێكی سادە بە داتاشۆ دروست كرابوو .. كۆمەڵە تەختە و كەواریسێكی لەسەر تەختەی شانۆ جێگركردبوو .. بەڵام بەڕاستی بەشێوازێك جووڵەی لەگەڵ دیكۆرەكاندا دەكرد هەستت بەوە نەدەكرد داتاشۆیە .. جووڵەی جوانی لەگەڵ كەواریس و تەختەكانی سەر شانۆ دەكرد، كەرەستە ئاساییەكانی بەردەستی لە جلوبەرگ و كڵاوی سیحراوی و دارە بچووكەكەی دەستی و تفەنگەكەی و جانتا ژنانەكان و نامەكانی ناو جانتاكە و چاوەڕوانی ژنێك بۆ خۆشەویستەكەی و گەڕانەوەی ڕۆژی دووشەم .. دایكی سەربازێكی وون بوو لە چاوەڕوانی لاوێك بەكرێ ببێتە كوڕی .. كوڕەكە دووبارە سەربازێك بوو.. لە ڕێگەی دەرگای گۆڕێكەوە هاتبوو بۆكوڕێتی .. دیارە ئەویش ئامادەكراوە بكرێت بەقووربانی جەنگێك كە بەزۆر سەپێنراوە بەسەریاندا، گومانی پیاوێك لە دەرگای ماڵەكەی ئەدات وائەزانێ ژنەكەیەتی .. بەڵام دواتر تەنها دارێكی بیابان دەبینێت و ژنەكەی لە ماڵەوە خەوتووە .. ترس لە ئاوێنەكەی ماڵی خۆی كە سیمای ئەگۆڕێ .. جەنگ و خوێن و نوكتە مەرگەساتەكان لە جەنگ و برسێتی و ترس .. جگە لە خۆی كەس پێنەئەكەنی چونكە هەموو لەو كارەساتانەدا دەترسان، گۆڕینی لە نوكتەوە بۆ سیحر و ڕەقس و سەما و فڕین بۆسەر هەورەكان و دواتر هەورە تریشقە و باران و كەوتن .. لەوێوە پێی ئەگوتین ئێمە ئەگەر وریا نەبین بشفڕین و لە ئاسمانیش تێپەڕبین هەر ئەكەوین چونكە ئێمەی مرۆڤ لە مرۆڤی خۆمان ون بووینە. !!
ئەوەی ماوە ئاماژەی پێ بكەم كڵاوە سیحریەكەی سەری بوو، كە فڕێیدایە سەر شانۆ و تا ئەو كاتەی نمایش كۆتایی هات، هەڵی نەگردەوە لەوێوە پێی وتین ئەوە هێزی زلهێزەكانە ئەم هەموو نوكتەیەمان پێ دروست دەكەن و یاریمان پێ دەكەن و دوایش كڵاو ئەكەنە سەرمان، ئەو دارەی كە بۆ بڵندگۆی دەنگ بەكاری هێنا، دوایی چەند جوان بەكاری ئەهێنا و نمایشی پێ دەكرد ..
بەڕاستی مەریوان لەم نمایشەدا توانی سەما وگریان و پێكەنین و ترس بخاتەوە یادی ئێمە ..
نمایشێك یەك كاتژمێر بەردەوام بێت و ماندوونەبێ مەگەرتەنها بەمریوان كرابێ ..
بەڕاستی میوزیك و تەكنیكی ڕووناكیش ڕۆڵێكی گەورەیان هەبوو لە سەرخستنی ئەم نمایشە، نمایشەكەیان هێندەی ترجوان كردبوو .
بۆیە بەزەروری ئەزانم هەموو هونەرمەندان و جەماوەر لە ڕۆژانی نمایش ئامادە بن بۆئەوەی بزانن كەركووك هونەر و هونەرمەندی ئاوا گەورە و مەزنی تێدایە .
بەڕاستی ئەم ئێوارەیە لەكەشوهەوایەكی ساردی باراناویدا مەریوان زەنگەنە و ستافەكەی بەشانۆ و میوزیك پشوویەكی گەورەیان بە مێشكی من دا .سەركەوتووبن دەستان خۆش و ماندوو نەبن.

 

ئەسوەد فایەق

Top