زستان و قڵیشانی لێوەكان

زستان و قڵیشانی لێوەكان

  قڵیشانی لێوەكان Chapped lips باوە لە وەرزی زستاندا لەبەر بەركەوتن بە با و هەوای سارد و وشك، لەگەڵ گەرمیی هەوای ناوماڵدا، چونكە كیراتین Keratin كە چینی هەرە سەرەوەی پێستە، نەرمێتی لەدەست دەدات و دەبێتە هۆی قڵیشانی لێوەكان، كە هاوكاتە لەگەڵ سووتانەوە و ئازار و تفركردندا، رووپۆشی لێوەكان وەكو پێستی دەموچاو و بەشەكانی دیكەی لەش نییە، لێوەكان جۆرێكی تایبەتی پێستی تەنك و ناسكن، بۆنموونە 10 جار خێراتر لە پێستی بەشەكانی دیكەی دەموچاو دوچاری وشكبوون دەبنەوە، چونكە گلاندی چەوری تێدا نییە، كە لە كاریگەرییەكانی دەرەكی بیپارێزێت، بۆیە چاودێریی زیاتری پێویستە، بەتایبەتی لە وەزری زستاندا. لە لایەكی دی، كەمبوونەوەی رێژەی شلە لە لەشدا لەگەڵ كەمیی رێژەی شێداریی هەوا و بەركەوتن بە تیشكی خۆر، هۆكاری دیكەن بۆ قڵیشانی لێوەكان، بەتایبەتی لە بەساڵاچوواندا. تەڕكردنی لێوی قڵیشاو بە زمان حاڵەتەكە خراپتر دەكات، چونكە لیك چەند ئەنزیمێك لەخۆدەگرێت كە شانەی لێوەكان لاواز دەكات. بەكارهێنانی ئامێری شێداركەرەوەی هەوا لە ناوماڵدا، بەكارهێنانی چەوركاری لێو Lip balm، بەستنی ملپێچ (لەفاحە) كە لێوەكان داپۆشێت لەكاتی چوونە دەرەوە لە كەشی سارد و بوونی بای سارددا، هاوكات لەگەڵ رۆژانە خواردنەوی بڕێكی باشی ئاو، باشترین هەنگاون بۆ چارەسەركردن.

 

Top