به‌ شێوه‌یه‌كى گشتی یارى باله‌ به‌ره‌وپێشچوونى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌

به‌ شێوه‌یه‌كى گشتی یارى باله‌ به‌ره‌وپێشچوونى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌

شنیار سدیق یاریزانى تۆپى باله‌ى یانه‌ى ئه‌فرۆدێت

به‌ شێوه‌یه‌كى گشتی یارى باله‌ به‌ره‌وپێشچوونى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌
یانه‌ى وه‌رزشیی ئه‌فرۆدێت له‌ شارى سلێمانى كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یارییه‌كانى ئاستى كچان و ته‌نیا له‌م یانه‌یه‌ گرنگی به‌ تواناكانى كچانى شاره‌كه‌ ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین یاریزان له‌ یارییه‌ جیاوازه‌كان له‌ خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌، یارى باله‌ش یه‌كێك له‌و یارییانه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ى یانه‌كه‌ گرنگی پێویستى پێ ده‌ده‌ن، ئه‌فرۆدێتى سلێمانیش یه‌كێكه‌ له‌و یانانه‌ كه‌ گرنگى زۆر به‌ سه‌رجه‌م یارییه‌ وه‌رزشییه‌كان ده‌ده‌ن یارى باله‌ش گرنگى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ له‌ یانه‌كه‌ ، له‌ زۆربه‌ى چالاكیه‌ وه‌رزشییه‌كان ساڵانه‌ تیپه‌ جیاوازییه‌كانیان به‌شدارن، تیپى باله‌ى یانه‌كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین یاریزانى به‌توانایه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ خوله‌كانى كوردستان و عێراق به‌شدارن، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ى خوله‌كانى باله‌ یاریزانانى یانه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ كێبڕكێ دابوونه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ و شه‌ڕكردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى نازناوه‌كانى كوردستان و عێراق، یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فرۆدێت شنیار سه‌دیق-ه‌ ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 2000ى پارێزگاى سلێمانیه‌ و قوتابی كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشییه‌ ، ئێمه‌ش له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵى ئه‌نجامدا.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
* به‌ شێوه‌یه‌كى گشتی ئاستی یارى باله‌ له‌ كوردستان چۆن ده‌بینی ؟
- به‌ شێوه‌یه‌كى گشتی یارى باله‌ به‌ره‌وپێشچوونى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام پێویستى به‌ خزمه‌ته‌ له‌لایه‌ن كه‌سانى به‌رپرسى وه‌رزشییه‌وه‌.

*ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كه‌م كه‌ ته‌نیا یه‌ك جاره‌ له‌ سالێكدا تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌ووپێش نه‌چێت؟
- به‌ ڕاده‌یه‌كى زۆر ده‌بێـته‌ هۆى پوكانه‌وه‌ى یاریزانان، نه‌بوونى پاڵه‌وانێتى پێویست كاریگه‌رى له‌ سه‌ر ئاستى یاریزانى پێشكه‌وتووش هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نها یاریزانى تازه‌ پێگه‌یشتوو، تاكو پاڵه‌وانێتیه‌كان زیاتر بێت كاریگه‌رى ئه‌رێنى زیاتری له‌ سه‌ر به‌ره‌وپێشچوون و ئه‌زموونى یاریزان ده‌بێت.
* چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌رز بكرێته‌وه‌؟
- یه‌كه‌م شت پێویسته‌ لایه‌نى ماددی یانه‌كان كه‌ تایبه‌ت به‌ كچان باشتر بكرێت، دواتر پێویستى به‌ كردنه‌وه‌ى خول و پاڵه‌وانێتیه‌ بۆ هه‌موو ئاسته‌ جیاوازه‌كان به‌ به‌رده‌وامى تا یاریزانان ئه‌زموونى زیاتر په‌یدا بكه‌ن و به‌ره‌و پێش بچن.
* گرفتى وه‌رزشیى یارى باله‌ له‌ چى ده‌بینى ؟
- به‌ گشتى گرفتی تۆپى باله‌ له‌ شاری سلێمانیدا به‌ هۆى نه‌بوونى گۆڕه‌پانى گونجاو ده‌بینم یاریگاكانى به‌ گشتى گونجاو نین، وه‌ بڕى پاره‌ى پێویست بۆ ئه‌م یارییه‌ سه‌ر ناكرێت.
*به‌ نیازی چى بۆ داهاتووی خۆت وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-كۆڵ ناده‌م تا ده‌گه‌مه‌ باشترین یاریزان به‌ پشتیوانى خوداى گه‌وره‌.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كانى كوردستان په‌نا بۆ هێنانى یاریزانى بیانى ببه‌ن؟
- به‌ بۆ چوونی من نه‌خێر ته‌نها پێویسته‌ ڕاهێنه‌رانى به‌ ئه‌زموونی زیاتر بكه‌ن له‌ پێگه‌یاندنى یاریزانان.
*چۆن بوو یانه‌ى ئه‌فرۆدێت هه‌ڵبژارد؟
- هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ست پێكردنم له‌م یانه‌وه‌ بووه‌ لێره‌وه‌ فێری یاری باله‌ بووم، دڵخۆشم به‌ هاوڕێ و ڕاهێنه‌ره‌كه‌م زۆر پشتگیرمن، زۆر سوپاسى مامۆستا سه‌نگه‌ر ده‌كه‌م هه‌میشه‌ ماندوو نه‌ناسانه‌ هه‌وڵده‌دات تا بگه‌ینه‌ باشترین ئاست.
*پلانى داهاتووت چییه‌؟
-به‌رده‌وام بوونم له‌ وه‌رزش كردن و بوونم به‌ ڕاهێنه‌رى مه‌له‌وانى.
*پاڵه‌وان بوون چى ده‌گه‌ینێ لاى تۆ؟
- پاڵه‌وان بوون واته‌ به‌رده‌وام بوون، به‌رگه‌ گرتن له‌گه‌ڵ شكسته‌كان، له‌گه‌ڵ رێگرییه‌كان و كۆڵنه‌دان و دڵسۆزبوون دواجار گه‌یشتن به‌ ئامانج.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا.
- ده‌ستخۆشى له‌ گۆڤاری گوڵان ده‌كه‌م كه‌ به‌به‌رده‌وامى خزمه‌تى وه‌رزش و وه‌رزشكارانى كوردستان ده‌كه‌ن به‌ بێ جیاوازی.

 

 

 

 

Top