خزمەتگوزاریی دەنگ بۆ زمانی کوردی (سۆرانی) لە وەرگێڕانی گووگڵ زیاد دەکرێت

خزمەتگوزاریی دەنگ بۆ زمانی کوردی (سۆرانی) لە وەرگێڕانی گووگڵ زیاد دەکرێت

خزمەتگوزاریی دەنگ بۆ زمانی کوردی (سۆرانی) لە وەرگێڕانی گووگڵ زیاد دەکرێت، بۆکان حەسەن، ئەو گەنجەی رۆڵی سەرەکی هەبوو لە زیادکردنی شێوەزاری سۆرانی لە وەرگێڕانی گووگڵ دەڵێت، کار لەسەر زیادکردنی سیستمەکە دەکەن و کۆمپانیای گووگڵ داوای لێکردووە هاوکارییان بکەن لە تۆمارکردنی زیاتر لە هەزار فایلی دەنگی وەکو تاقیکردنەوە، لە قۆناخی داهاتووشدا نزیکەی دوو ملیۆن وشە و رستە بەردەست دەبن بۆ ئەوەی بە کوردی بخوێندرێنەوە.
رۆژی 11-5-2022 شێوەزاری سۆرانی بۆ بەشی وەرگێڕان لە گووگڵ زیادکرا، بۆکان حەسەن، ئەو گەنجە هەڵەبجەییەی لەگەڵ چەند هاوڕێ و هاوکارێکیدا رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە زیادکردنی شێوەزاری سۆرانی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ لە بەرنامەی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی و سورەیا حەسەن پێشکێشی دەکەن باسی لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ تایبەت بە زمانی کوردی کرد، لەوانە زیادکردنی دەنگ.
بۆکان حەسەن ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای گووگڵ ماوەی 10 رۆژە رەزامەندی دەربڕیوە بۆ زیادکردنی چەند زمانێک بۆ بەشی وەرگێڕانی دەنگی لە گووگڵ، یەکێک لەو زمانانە کوردییە. بە گوتەی بۆکان جاف، کۆمپانیای گووگڵ ئەپڵیکەیشنی زیادکردنی ئەو زمانانەی بۆ 29 کەس لە وڵاتە جیاوازەکان ناردووە، یەکێک لەو کەسانە خۆیەتی کە گووگڵ داوای هاوکاریی لێکردووە.
بۆ زیادکردنی سیستمی وەرگێڕانی دەنگی لە گووگڵ پێویستە وشە و رستەی کوردی بە فایلی دەنگی لە سیستمی وەرگێڕانی گووگڵ تۆمار بکرێت، بۆکان حەسەن دەڵێت: دوای ئەوەی گووگڵ داوای فایلی دەنگی زیاتر لە 1000 کەسی لێکردم بە کوردی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوام لە خەڵک کرد کێ دەتوانێت هاوکاریمان بکات، لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 1000 کەس ئامادەیی خۆیان دەربڕی.
پێشتر دوو ملیۆن و 500 هەزار داتا بۆ وەرگێڕانی شێوەزاری سۆرانی لە گووگڵ تۆمارکراون. گووگڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو وشانە دەنێرێت بۆ ئەوەی بە دەنگ بخوێندرێنەوە، دەبێت زیاتر لە 600 کاژێر خوێندنەوەی دەنگی کوردی بۆ گووگڵ بنێردرێت تاوەکو سیستمی وەرگێڕانی دەنگی کوردی بۆ شێوەزاری سۆرانی کارا دەکرێت.
لە بەشی وەرگێڕانی گووگڵ تەنیا شێوەزارەکانی سۆرانی و کرمانجی زیادکراوە، بۆکان حەسەن دەڵێت، کاریان بۆ زیادکردنی شێوەزارەکانی دیکەش کردووە، یەکێک لەو شێوەزارانە هەورامییە کە لەگەڵ ئەندازیارەکانی گووگڵ لە هەوڵی زیادکردنیدان، بەڵام دەبێت کەسانی هەورامیزان هاوکارییان بکەن لە ناردنی وشە و رستەی هەورامی بۆ ئەوەی لە سیستمی وەرگێڕانی گووگڵدا تۆماری بکەن.

Top