سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەند پرسێک لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنەکان تاوتوێ دەکات و بەهۆی رووداوەکەی دهۆکەوە سەردانەکەی کورتدەکاتەوە و هەر ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

بەیانی رۆژی سێشەممە 22-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو یەکەم سەرکردەی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پرس لەو کۆبوونەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی عێراق و سێ سەرۆکایەتییەکە تاوتوێ دەکرێن .

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندەکە بۆ بەغدا بە رووداوی راگەیاند: "یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت [ئێستا لە کۆبوونەوەدایە] دواتر لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبێتەوە، دوای ئەو دوو کۆبوونەوەیەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری عێراق کۆدەبێتەوە، بڕیاربوو لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی تووشبوونی سەرۆکی پەرلەمان بە کۆرۆنا ئەو کۆبوونەوەیە ناکرێت."

دڵشاد شەهاب راشیگەیاند: "جگە لە سێ سەرۆکایەتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هەر سێ هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا، فەتح، نەسر و هاوپەیمانیی سەروەری و فالح فەیاز و هادی عامری، کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پرسە جیاوازەکان دەکەن."

Top