زیانەكانی خواردن درەنگانی شەو

زیانەكانی خواردن درەنگانی شەو

ئەمە سەلمێنراوە كە دواخستنی ژەمی ئێواران، یان خواردن لە كاتێكی درەنگی شەودا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. لە راپۆرتی توێژەرانی كۆڵێژی پزیشكیی هارڤارددا هاتووە،كە خواردن لە درەنگانی شەودا هاندەرە بۆ زیادبوونی ئارەزووی خواردن و كەمكردنەوەی سەرفكردنی وزە، دەرەنجام گۆڕان بەسەر میتابۆلزمدا دێت و رێژەی چەوریی لەش زیاد دەبێت و كێشی لەش زیاد دەكات. ئەمەش روون كراوەتەوە كە خواردن لە درەنگانی شەودا ئەگەری زیادبوونی كێش و قەڵەوی تا دوو هێندە زیاد دەكات، هاوكات لەگەڵ قورسبوونی دابەزاندنی كێش پاش پەیڕەوكردنی بەرنامەی ریجیم و مەشقی وەرزشی، یان تەنانەت ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ دابەزاندنی كێش Bariatric surgery. جگە لە هاندانی زیادخواردن كە گەلێك جار بڕی زیادی خۆراكی ناتەندروست دەگرێتەوە، خواردن لە درەنگانی شەو دەبێتە ئەگەری گرفتی تەندروستیی دیكەی وەكو: تێكچوونی هەرسكردنی خۆراك كە لە گەلێك حاڵەتدا هاوكات دەبێت لەگەڵ ئازاری گەدە یان سك و، زیادبوونی ترشەڵۆكی گەدە كە لەوانەیە بگەڕێتەوە بەشی خوارەوەی سوورێنچك تا دەگاتە قوڕگ و، كەسەكە لە خەو بیدار بكاتەوە، تێكدانی ریتمی كاتژمێری بایۆلۆژی لەش Circadian rhythm كە جگە لە زیادبوونی كێشی لەش، كاریگەریی نەرێنی دیكەی بۆ تەندروستی دەبێت، هەروەها زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و بەرزبوونەوی پەستانی خوێن.

Top