فاتمە شەمسەدین: سەرەڕای خاوەن پێداویستیی تایبەت بوونم، توانیم ببمە خاوەنی 29 بڕوانامەی نێودەوڵەتی

فاتمە شەمسەدین:  سەرەڕای خاوەن پێداویستیی تایبەت بوونم، توانیم ببمە خاوەنی 29 بڕوانامەی نێودەوڵەتی

 

 

فاتمە شەمسەدین، خانمە شێوەكارێكی دانیشتووی شاری كەركووكە و لە پاڵ كارە هونەرییەكانی كاری دروومانی جلوبەرگیش دەكات و، كارە دەستییەكانی وەكو دروستكردنی ئێكسسوارات خوازیاری زۆر بووە. وەك خۆی باسی دەكات، هەر بە زگماكی كەمئەندام بووە و توانای ڕێكردنی نەبووە. لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان پەردە لەسەر دیوە شاراوەكی ژیانی خۆی لادەدات و، ئاماژە بەوە دەكات كە پێداویستییە تایبەتەكانی هەرگیز نەبوونەتە بەربەست بۆ بەردەوامی لە ژیان، هەروەها جەخت لەوە دەكاتەوە كە ژیان زیاتر لە لەشێكی ساغ و ساخڵەم، پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

فاتمە شەمسەدین لەدایكبووی ساڵی 1993ی شاری كەركووكە، دوای ئەوەی لە خوێندن و چوونە قوتابخانە بێ ئومێد دەبێت، توانا و بەهرەكانی لە كاری شێوەكاری چڕ دەكاتەوە و، تا ئێستا دوو پیشانگای تایبەتی كردووەتەوە، بەشداریشی لە شەش پیشانگای هاوبەش كردووە. دواجار لە تەمەنی 26 ساڵی دەچێتەوە قوتابخانە و بە سیستەمی خوێندنی خێرا پۆلی شەشی سەرەتایی تەواو دەكات.

ئەو خاتوونە خاوەن ئیرادەیە بەمجۆرە باسی ژیانی تایبەتیی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات: «هەر لە زگماكییەوە خاوەن پێداویستیی تایبەت بووم، بەڵام ئەمە نەبووە بە بەربەست بۆ بەردەوامیم لە ژیان، چونكە ژیان پێویستیی بە ئێرادەیەكی بەهێز هەیە، نەك جەستەیەكی كامڵ. واتە هەر لە منداڵییەوە نەمتوانیوە وەك هەموو منداڵێكی ئاسایی بچمە قوتابخانە، ئەویش بە هۆی كەمئەندامیمەوە بوو، كە مامۆستا و بەرێوەبەرەكان منیان پێ قبووڵ نەبوو، لە قوتابخانە وەرم بگرن، ئەمەش وای كرد ساڵانێكی زۆر لە چێژی خۆیندن و فێربوون دوور بووم، لێرەوەش چیرۆكی شێوەكاریم دەستی پێ كرد».

فاتیمە نایشارێتەوە كە هەر لە هەڕەتی منداڵییەوە گیرۆدەی خەم و پەژارەیەكی زۆر بووە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «هەرچەندە كاتێك منداڵ بووم، زۆرم حەز لە خۆێندەن بوو، زۆریش بێزار دەبووم، كە ڕۆژانە منداڵانی هاوتەمەنی خۆمم بە جلوبەرگی قوتابخانەوە دەبینی، بۆیە هەمیشە داوای قەڵەم و دەفتەرم لە ماڵەوە دەكرد، ئەوانیش بەردەوام هاوكارییان دەكردم و لە ماڵەوە چەند پیتێكیان فێر كردم، بەڵام من لە پاڵ ئەوەوە، وێنەی ئاڵوز ئاڵۆزم دەكێشایەوە، تا وردە وردە شێوەی دەموچاوم كێشا، بەمەش نەوەستام كاتێك گەیشتمە تەمەنی 26 ساڵی گەڕامەوە قوتابخانە و لە بەشی خوێندنی خێرا، دوو ساڵم بە ساڵێك بڕی و توانیم بڕوانامەی پۆلی شەشی سەرەتایی بەدەست بێنم. بەشداریی چەندین چالاكیی جۆراوجۆرم كردووە و لە زۆربەی خولە تواناسازییەكان بەشدار بووم. توانیم ببمە خاوەنی 29 بڕوانامەی نێودەوڵەتی و بەشداریی چەندین پێشانگەی شێوەكاریی هاوبەش و تایبەتم كردووە، لە ئێستادا خەریكی ئامادەكاریم بۆ كردنەوەی پیشانگەیەك، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەیكەمەوە».

ئەو خاتوونە خۆڕسك و خاوەن متمانەبەخۆبوونە بە ڕاشكاوی باسی ژیانی خۆی دەكات و هاوكات دەڵێت: «ماوەیەكی زۆر لە كاری تابلۆ و وێنەكێشان دوور بووم، ئەویش بە هۆی سەرقاڵبوونم بە كارە دەستییەكانم، چونكە لە ڕێگەی دروستكردنی ئێكسسواراتەكان و فرۆشتنەوەیان توانیوم بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆم تا ئاستێك دەستەبەر بكەم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا لە منداڵییەوە زیاتر كێ هاوكارت بووە؟ وتی: «كەسوكارم و تێكڕای ئەندامانی خێزانەكەم، بەتایبەت دایك و باوكم هەمیشە لە پشتی هەموو هەنگاوەكانم بوون.»

كاتێك پەیامنێری گوڵان باسی ژیان و ئاریشە و گرفتەكانی سەردەمی منداڵیی خۆی لێ پرسی، لە وەڵامدا ڕاشكاوانە وتی: «بێگومان گەلێك سەختی و نەهامەتیم بینی. تەمەنی منداڵیم ئیرادەی لە پشت نەبوو، بۆیە زۆر گۆشەگیری كردبووم و حەز بە تێكەڵبوونی كۆمەڵایەتی و تەنانەت سەردانی خزمان نەدەكرد». بەڵام ئەوە شتێكی كاتی بووە بۆ فاتمە شەمسەدین، چونكە وەك خۆی باسی كرد، دواتر بەسەر ئەو خۆكەمبینییەدا زاڵ بووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «كە ڕۆژ بە ڕوژ گەورەتر دەبووم، وام بێر دەكردەوە كە چیدی گۆشەگیری بەسە، دەبێت من ببم بەو فاتمەیە كە بیركردنەوەی كۆمەڵگە بگۆڕێت، ویستم ببمە هیوایەك بۆ بێ هیواكان، ئەوەش وای كرد، هەنگاوەكانم بەرەو سەركەوتن زیاتر بكەم».

دەپرسین پەیامت بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی وەك خۆت چییە؟ بە بێ دوودڵی دەڵێت: «پەیامم بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەوەیە، خەونی جوان و خولیایان هەبێت، ئامانجی بەرزیان هەبێت، پشوودرێژ و خاوەن ئیرادە بن. لە هەنگاوەكانیان بۆ سەركەوتن پاشەكشە نەكەن». وتیشی: ژیان لە سووچێكدا ناوەستێت، ئێمەش چینێكین لە كۆمەڵگە و دەبێت خۆمان پێ قبووڵ بێت، چاوەڕێی ئەوەش لە كۆمەڵگە بكەین، ئەوانیش قبووڵمان بكەن، ئەگەریش قبووڵیان نەكردین، هەر ئەوە بەسە كە ئێمە هەوڵی خۆمان داوە».

Top