تاران ... فڕی فڕی مەندیلت فڕی

تاران ... فڕی فڕی مەندیلت فڕی



دەسەڵاتدارانی تاران ، وایان دانابوو لەدوای چلەی ژینا ئەمینی کچە قارەمان و شۆخ وشەنگەکەی سەقزی ، بە هەڕوگیف وچاوسوورکردنەوە وترس وتۆقاندن شەقامی شارەکانی ئێران هێور دەکەنەوە و داخوازییەکانی جەماوەری تێکۆشەری شارە ڕاپەڕیوەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کپ و خامۆش و سەرکوت دەکەن . کەچی بەپێچەوانەی خواست و ویست و زەبروزەنگی ئاگروئاسنی تاران، دەنگی نارەزایی و خۆپێشاندەران نەک هەربەجۆش وخرۆشتربووەو دەربڕینی نارەزای هەرتەنیا بە وتاف و دروشم گوتنەوەی سەرشەقام و سوتاندنی تایە و بایکۆتکردنی کار و بازاری شاران نەوەستاوە، بەڵکوچەندین شێوازی دیکەی تازە ی گوزارشت کردن لە نارەزایی وبێزاری خە|ڵک و جەماوەری تێکۆشەری دژی سیستەم و رژێمی حوکمڕانی دەسەلاتی بە خۆوە گرتووە .
لە م جۆرە شێوازانەی کە لە دوای چلەی ژینا ئەمینی لە نێو شارەکانی ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەریان هەڵداوە برتین لەمانەی خوارەوە
رێپێوانی ئافرەتان وکچانی ئازا و جەسوور بە سەری رووت وگوتنەوەی دروشم و سروودی ئازادی لە لایەک و لە لایەکی تردا وەرزشکارانی تیپە وەرزشییەکانی ئێرانی کە بەشداری پێشبرکێ نێو دەوڵەتییەکان دەکەن بە نەگوتنەوەی سروودی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی لە رێورەسمەکاندا بەشداردەبن و گوزارشت لە ناڕەزاییەکانی خۆیان دەکەن ، هەروا هاتنی کچان وژنان و ڕژانە سەر شەقام بە تەنوورەی کورت و سەری رووتەوە ، هەمیدس فڕاندن و هەڵدانی مەندیلی مەلایان لە لایەک و پشتیوانی مامۆستایانی ئاینی لە گوتاری نوێژی هەینی وتەنانەت بە کارهێنانی بڵندگۆی مزگەوتەکانیش بۆ هاندانی خۆپێشاندەران و گوتنەوەی دروشم و سرودی نیشتیمانی لە پێناوباشترو زیاتر بۆ جۆشدان و خرۆشاندنی جەماوەری ڕاپەڕیوو. شێوازی تازەی خەبات و تێکۆشانی شەقام و گۆڕەپان و مەیدانی شارەکان دژی سیستەم و رژێمی تاران .
بوونی هەموو ئەو شێوە و شێوازە هەمەجۆرەی ناڕەزایی جەماوەری گوزارشت لەو حاڵەتە دەکات کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران لە سیستەم و حوکمڕانی تاران ناڕازین ونەمان و ڕووخانی و بەتاکە رێگای ئازادی و رزگاربوون و سەربەخۆ بوون دەزانن.
لە کاتێکدا لە دوای چلەی ژینا ئەمینی رۆژ بەرۆژ تاران شەقام و گۆڕەپانەکانی شاران و ناوەدەکانی خوێندن و زانکۆو مزگەوت و مامۆستایانی ئاینی مزگەوتەکان ئافرەتان و پیاوانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەستە بژێرانی کۆمەڵگا لەدەست دەدات لەلایەکەی تریش لایەنگرانی تاران ، پیاوانی رژێم رۆژ بەرۆژ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر دەبێتەوە ئەم شێوازە تازانەی دوای چلەی ژینا
گوزارشت کردنە لە قارەمانیەتی و بەرزی گیانی بەرخودان و پێشەنگی لە راپەڕین و ڕژانە سەرشەقامی کوردانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بۆداخوازی و داواکردنی مافی ڕەوایان بە رێگای ئاشتیانەی سەردەم و شارستانییانەی دوور لە تووندو تیژی و شەڕو کوشتن .
ئەو قوربانی و شەهیدانەی رۆژانە لە خۆپێشاندانەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش روودەن سەلمێنەری ئەوەن کوردانی ئێران وەک گەڵانی تر پێشەنگی راپەڕین وخەبات و تێکۆشانن ، شایەنی ئازادی و سەربەخۆیین .
دیارترین دیمەنی ئەم دواییانەی نێو کوچە وکۆڵان و شەقامەکانی نێو شارەکانی ڕۆژهەڵات ڕۆڵی مەلاو مامۆستایانی ئاینییە لە مزگەوت و میحراب و بڵنگۆکانەوە سڕوودی ئەی شەهیدان و ئەی ڕەقیب دەڵێنەوە و بە ئامۆژگاری و گوتارەکانیان گیانی هاندان و بەرخودان بەرزو پیرۆز رادەگرن و ڕۆڵی رابەران و پێشەنگ و قارەمانان دەبینن .
لە شارەکانی دیکەی ئێران دیمەنی تر دەبینرێن کە دیارترینیان دیمەنی فڕاندن وفرێدانی مەندیل ومێزەری مەلایان و سەرکۆتکردنیانە .
ئەم دیمانە کە بە جۆرەها شێوە بینراون و دەبینرێن ولە شارو شارۆچکە و کوچە وکۆڵانان دووبارە وچەند بارە دەبنەوە هەموو مانا شاراوەکەی لەوەدا دەبینێتەوە کە ( مەلا ، موللا ) هێماو رەمزی دەسەڵاتی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، مەندیل ومێزەر بەسەران بوونەتە سیمبولی سیستەمە داپڵۆسێنەرەکە بۆیە وا بەم شێوازە وبەتووندی کەوتوونەتە بەرڕک و تووڕەیی و نارەزایی خەڵکی تێکۆشەر.
ئەمە راستییەکە دەسەڵاتدارانی تارانیش تێیگەیشتوون و بۆیە لەبەرامبەری دا فلیم و ڤیدیۆی سیناریۆی ماچکردنی مێزەرومەندیلی مەلایان لە لایەن گەنج و لاوانەوە لە تاران داهێناوە تاهەرهیچ نەبێ تۆزێ لە خەمی مێزەرسزبوونی مەلایان کەمکاتەوە
و چیتر مەندیلیان وەک قەل نەفڕی ونەکەوێتە ئەو گوڕەی و بە عاردی وەرنەبێ .
هەولێر 17-11-2022

Top