بەشێوەیەکی گشتی یاری گۆڕەپان و مەیدان یارییەکی پشتگۆیی خراوە

بەشێوەیەکی گشتی یاری گۆڕەپان و مەیدان یارییەکی پشتگۆیی خراوە

ره‌جه‌ب عه‌بدول ره‌حمان یاریزانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان له‌ قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش

بەشێوەیەکی گشتی یاری گۆڕەپان و مەیدان یارییەکی پشتگۆیی خراوە
یاری گۆڕه‌پان و مه‌یدان تاكو ئێستا نه‌چۆته‌ قۆناغێكى باش له‌ شاره‌كانى كوردستان ئه‌ویش به‌هۆى نه‌بوونى پاڵپشتى دارایى باش و نه‌بوونى یاریزانى زۆر له‌م یارییه‌دا، ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌كانى كوردستانیش هه‌وڵی به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاریزانى ئاست به‌رز له‌م یارییه‌ دروست بكه‌ن، به‌ڵام نه‌بوونى پاڵپشتى یاریزان و كه‌سه‌ دڵسۆزه‌كانیش سارد ده‌كاته‌وه‌، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى ئه‌م یارییه‌ له‌ قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش ڕه‌جه‌ب عه‌بدول ره‌حمانه‌ له‌ دایك بووى ساڵى 1993ى قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌شه‌، پێشووتر بۆ یانه‌كانى زێره‌ڤانى و ئاڵا و زانكۆى زاخۆش یارى كردوه‌، خاوه‌نى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ى وه‌رزش، ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌ خولى خۆ به‌خش بۆ به‌هێزكردنى تواناى جه‌سته‌یی و ڕاهێنانه‌ به‌راییه‌كان، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیاریكمان لێ كرد ئه‌وه‌یش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌:كارزان كانه‌بی
*ئاستى یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
- بەشێوەیەکی گشتی یاری گۆڕەپان و مەیدان یارییەکی پشتگۆیی خراوە، چەند یانەیەک بەپەنجەى دەست دەژمێردرێن بوونیان هەیە لە کوردستان، بەڵام دوو یانە زیاتر ناسراون خزمەتى ئەم جۆرە وەرزشەیان کردووە، ئەوانیش (یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و سیروانی نوێی کچان)، هۆکار و فاکتەر گەڵێک هەن کە یانەکانى تریش وەکو پێویست نەتوانن خزمەتى وەرزش و وەرزشوانانى ئەو یارییە بکەن، وەک لەبەر نەبوونی پاڵپشتی دارایی و ڕاهێنەری بەتوانا و شوێنی گونجاو بۆ ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان.
*ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كه‌م تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌ووپێش نه‌چێت؟
- بێگومان کاریگەری نەرێنی زۆر دەبێت لەسەر ئاستی یاریزانان و وا دەکات یاریزان گرنگی بە ڕاهێنانەکانی نەدا لەبەر ئەوەی یاریزان بەردەوام مەشق و ڕاهێنانەکانی ئەنجام دەدات، وە لەبەرامبەردا پاڵەوانێتی نەبێت یان چەند ساڵێك جارێك ئەنجامبدرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانا یاریزان دەکات و حەز و خولیایی یاریزان ڕوو لە لاوازبوون لەناوچوون دەکات.
*پێت باشه‌ چى بكرێت ، بۆبه‌ره‌ووپێشبردنى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى بگاته‌ ئاستێكى به‌رز به‌ تایبه‌ت بۆ ئافره‌تى وه‌رزشكار؟
- پرسیارێکی جوانە، ئەگەر بمانەوێت یاری گۆڕەپان و مەیدانی کچان بەرەوپێش بەرین لەکوردستان وا پێویستە ساڵانە پاڵەوانێتی ئەنجام بدرێت، وە یەکەم ئەرکمان هەڵبژاردنی کەسایەتێکی ڕەوشت بەرز بێت بۆ ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان دواتر متمانە بۆ دایك و باوکان دروست بکەین، کە كور و کچەکانیان لە دەستێکی ئەمین دایە، دواتر کۆمەڵگەی ئێمە تاڕادەیەكی زۆر بیرکردنەوەی باشی نییە بۆ ئەداکردنی وەرزشی کچان لەهەمانکاتدا پڕوپاگەندەی خەلك کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر ئاستی یاریزانی ئافرەت، هەروەها لە میدیاکاندا سیمایەکی ناشرین پێشکەش دەکەن، بۆ بەرەوپێش بردنی وەرزشی ئافرەتان پێویستە کەشێکی گونجاو بۆ یاریزان فەراهەم بکرێت و یاریگای تایبەت هەبێت بۆ یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان وە دابینکردنی لایەنی دارایی، ئەم یاریزانە سەرجەم کات و ئەرکەکانی پشتگۆیی دەخات و پێشکەشی ئەم یارییەی دەکات، بۆیە پێویستە لەبەرامبەردا پاداشتی ماندووبوونی خۆی وەربگرێت بەداخەوە لەکوردستان زۆر ئەستەمە پشتگیری بکرین.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
- نەبوونی پاڵەوانێتی و نەبوونی یاریگا و نەبوونی ڕاهێنەری بەتوانا و نەبوونی متمانە بە کەسایەتییەکان.
*بۆچى له‌م یارییه‌ دووركه‌وتیته‌وه‌؟
-٥- دوای هەوڵدان و کۆششکردنی بەردەوام وەکو یاریزان، لە زیان زیاتر هیچمان دەست نەکەوت لەڕووی داراییەوە، لەکاتی هەبوونی چالاکییەکان زۆرینەی لەسەر ئەرکی خۆم دەچووم ئەمەش وایکرد کاریگەری بکەێتە سەر ڕاهێنانەکانم، دوای ئەوەی بووم بە فەرمانبەر کاتی گونجاوم نەبوو بۆ ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان لەبەر ئەوەی ژیان پێویستی بە لایەنی دارایی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان پێویستە داهاتت هەبێت، ئێمە زۆر کەم پشگیریمان دەکرا بۆیە ئێستا تەنیا ڕاهێنان دەکەم بۆ تەندروستی خۆم.
*به‌ نیازی چى بۆ داهاتووی خۆت وه‌كو پاڵه‌وانێكى ڕابردوو؟
- نیازی زۆرم هەبوو وەکو کردنەوەی ئەکادیمایی وەرزشی بۆ پێگەیاندنی یاریزانان لە سنووری قەزای بەردەڕەش، بەڵام بەداخەوە کەس پاڵپشتی نەکردم بۆ ئەوەی خزمەتی شارەکەم بکەم و ناوی شارەکەم ئاشنای هەمووان بکەم بە وەرزش بەڵام دەرفەتیان نەدا، وەکو خودی خۆم هەمیشە لەهەوڵدام خزمەتی وەرزشی قەزای بەردەڕەش و کوردستان بکەم ساڵانە چەندین قوتابی ڕاهێنانیان پێدەکەم، ئەوانەی ئارەزووی بەردەوامی دانیان هەیە لە زانکۆی پەروەردەی وەرزش و پەیمانگەی پەروەردەی وەرزشی لە کوردستان.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كانى كوردستان پشت به‌ ڕاهێنه‌رانى بیانى ببه‌ستن؟
- لەگەڵ ئەوەدا نیم لە هیچ یارییەك پشت بە ڕاهێنەری بیانی ببەستن کەسانی ئاست بەرزمان هەیە پشگیری بکرین لە ڕاهێنەری بیانی زۆر باشترن.
*داواكارى و پێش نیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشیی؟
-داواکاریم لە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان ئەوەیە تەنیان ویژدانیان ئاسوودە بکەن، چونکە کورسی بۆ کەس مال نییە، خەمێکی جدی لە وەرزش بخۆن بەڕاستی سیمایی وەرزشی کوردستان زۆر ناشرینکراوە، بۆیە زۆر پێویستە بەرپرسانی وەرزشی بۆ ئەم بابەتە بێنە سەر خەت کەم و کورتییەکان چارەسەر بکەن.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ وه‌كو وه‌رزشكارێك؟
- خەونی وەرزشیم ئەوە بوو ببم بە یاریزانێکی جیهانی بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیەکی دارایی و نەبوونی پاڵەوانێتی.
* ماوه‌یه‌كه‌ به‌ نیازی رێكخستنی په‌رتووكێكی وه‌رزشیی بوو پرۆژه‌كه‌ت به‌ كوێ گه‌یشت ؟
- پەرتووکەم بەناونیشانی یارییە بچووککراوەکان و بەشێک لە ڕاهێنانەکان لە قۆناغی کۆتایی دایە، تایپ و دیزاین پێداچوونەوەی هەمووی بۆ کراوە، پشتیوان بەخودا بەم نزیکانە بە چاپ دەگەیندرێت و دەکەوێتە بەر دەستی مامۆستایان و خوێنەران.
*به‌رنامه‌ت چییه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ى یاری گۆڕه‌پان ومه‌یدان؟
- بەرنامەم هەبووە و هەیە، بەڵام پشتگیریم نەبووە بۆیە وەکو خۆی ماوەتەوە، بەدڵنیاییەوە توانای پێگەیاندنی یاریزانم هەیە، ئایە ئەمە تەنها بە کەسێك ئەکرێت ئەگەر پاڵپشتیت نەبێت بێگومان نەخێر.
*گرێبه‌ستت پێشكه‌ش نه‌كراوه‌ له‌ یانه‌كانى تری كوردستان؟
- بەڵی یانەی وەرزشی بەردەڕەش هەولیدا بۆ ئەو یانەیە یاری بکەم، بەڵام ئەو داواکارییانەی من هەمبوون بەرجەستەیان نەکرد، بۆیە نەگەیشتین بە ئەنجام.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌، هیوادارم به‌م شێوه‌یه‌ خزمه‌تى وه‌رزشیی ناوه‌خۆ بكه‌ن.

 

 

 

Top