گواستنەوەی سییەكان تا چەند سەركەوتووە؟

گواستنەوەی سییەكان تا چەند سەركەوتووە؟

   گواستنەوەی سییەكان Lung transplant بریتییە لە لابردنی ئەو سییەی كە دوچاری نەخۆشیی سەخت بووە و جێگیركردنی سییەكی تەندروست لە شوێنیدا، كە لە كەسێكی خۆبەخش وەردەگیرێت پاش مردنی. دەكرێت كە نەشتەرگەریی گواستنەوەی سییەكان لە نزیكەی هەموو تەمەنێكدا ئەنجام بدرێت، هەر لە منداڵی تازەبووەوە تا دەگاتە تەمەنی 65 ساڵی و هەندێك جار زیاتریش. لەبەر ناسكیی شانەی سییەكان، رێژەی سەركەوتن و ژیانی ئاسایی پاش گواستنەوەی سییەكان وەكو ئەندامە پتەوەكان بەرز نییە و بە تێكڕایی دەگاتە نزیكەی 5 ساڵ بە رێژەی تەنیا 50-60%، ئەگەرچی كەسێك بە ناوی پۆول Paul لە كالۆیفۆرنیا پاش ئەوەی كە گواستنەوەی یەكێك لە سییەكانی بۆ ئەنجام درا، تا 30 ساڵ ژیانێكی تەندروستی بەسەربرد. هۆكاری سەرەكیی سەختی و سنوورداربوونی نەشتەرگەیی گواستنەوەی سییەكان بریتییە لە كەمیی ژمارەی كەسانی خۆبەخشی سییەكان، كە پێش مردن بڕیاری فەرمیی بەخشینی ئەندامەكانیان دابێت و پشكنینی شانەزانییان بۆ كرابێت، بە مەبەستی گونجان لەگەڵ كەسانی نەخۆش، كە پێویستییان بە یەك یان دوو لە سییە تەندروستەكان هەیە. بەراورد لەگەڵ گواستنەوەی ئەندامەكانی دیكەی لەشدا، رەتكردنەوەی درێژخایەن Chronic rejection گەورەترین گرفتە پاش نەشتەرگەریی گواستنەوەی سییەكان.

Top