وەفا ئەحمەد: هیوای سەركەوتن بۆ ئەو خانمانە دەخوازم  كە بوێرانە بژێوی ژیان پەیدا دەكەن

وەفا ئەحمەد:  هیوای سەركەوتن بۆ ئەو خانمانە دەخوازم  كە بوێرانە بژێوی ژیان پەیدا دەكەن

 

لە هەزارەی سێیەمدا، ئافرەتی كورد هاوشێوەی ئافرەتانی دونیا لەگەڵ سەختی و ناخۆشییەكانی ژیان كێبڕكێ دەكات و هەوڵ دەدات گرەو لە رێگرییەكان بباتەوە، بە كۆڵنەدان بوونی خۆی بۆ هەمووان دەسەلمێنێت و بە هەمووان دەڵێت (منیش هەم(. خۆشبەختانە خانمانی كورد لەم دواییانەدا بە شێوەیەكی خێرا و بە ئاستێكی سەرسوڕهێنەر تێكەڵ بە دونیای كار و سەرمایەداری بوون. وەفا ئەحمەد ناسراو بە (مینا خاتوون) خانمە شێفێكی ناسراوی شاری سلێمانییە و لە ئێستادا بە هاوكاریی هاوسەر و منداڵەكانی چێشتخانەیەكی گەورە بە ناوی (چێشتخانەی كوردەواری مینا خاتوون) بەڕێوە دەبات، ئەو خانمە لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی و خانەوادەكەی لە بەڕێوەبردنی چێشتخانەكەی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

وەفا ئەحمەد ناسراو بە (مینا خاتوون)، لە دایكبووی شاری سلێمانییە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە و هاوكات دایكی پێنج منداڵە، وەك خۆی باسی دەكات هەم وەكو حەز و خولیایەك بۆ چێشتلێنان و هەمیش بۆ باشتركردنی دۆخی دارایی خێزانەكەی چێشتخانەیەك دەكاتەوە، لەمبارەیەوە وەفا ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو: «چێشتخانەكەمان چێشتخانەی كوردەواری مینا خاتوون، كە دەكەوێتە سلێمانی بەرامبەر بازاڕی (شەوكەتی مەلا)، ماوەی سێ ساڵە بە شێوەی خێزانی، من و هاوسەرەكەم و كوڕێكم و بووكێكم بەڕێوەی دەبەین، خواردنەكانمان هەمووی كوردەوارین و بریتین لە ساوەر، قەرەخەرمان، بریانی، كفتە، یاپراخ، كەڵەشێر و مریشكی كوردی، قۆزی، گۆشتی بەرخ، گۆشتی قاز، سەروپێ، گەنمەكوتاو و پەڵپینە».

ئەو خانمە كابانە سەبارەت بە سەرەتای كاركردنی بۆ گوڵان گوتی: «سەرەتا ئێمە لە دوكانێكی بچووكدا كەبابخانەمان هەبوو، دواتر چێشتخانەیەكمان دانا، كاتێك زانیمان خەڵك خواردنەكانی ئێمەیان بەدڵە و لایان بەتام وبە چێژە، بڕیارماندا كەبابخانەكە لابەین و بە تەنیا چێشتخانەكە بهێڵینەوە، ئەمڕۆش زۆر دڵخۆشم بەوەی كە میوانەكانمان زۆر لە كارەكانمان رازین و پێشوازییەكی باشیش لە خواردنەكانمان كراوە، بە حوكمی ئەوەی ئافرەت خواردنەكان ئامادە دەكات، ئەوان بەلایانەوە گونجاو و پاك و خاوێنترە و هەمیشەش پێمان دەڵێن خواردنی دەستی ئافرەت بەتامترە».

سەبارەت بە سەرەتای كاركردنی وەفا ئەحمەد بەمجۆرە باس لە وێستگەكانی كاركردنی دەكات: «هەر لە سەرەتاوە خۆم حەزم لە خواردن دروست كردن بوو، هەمیشە بۆ خێزانەكەم و میوانەكانمان هەموو جۆرە خواردنێكم دروست دەكرد، دواتر بڕیارمدا چێشتخانەیەك بكەینەوە، ئەویش هەم وەكو حەز و خولیایەك بۆ چێشتلێنان و هەمیش بۆ باشتر كردننی دۆخی دارایی خێزانەكەم ئەو بڕیارەمدا، خودای گەورەش هاوكار و یارمەتیدەرم بوو، ئێستاش بە هاوكاریی هاوسەر و منداڵەكانم لە بەڕێوەبردنی چێشتخانەكە بەردەوامین.»

ئەو خانمە كابانە لە درێژەی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات: «بەنیازین لە داهاتوودا چێشتخانەكەمان گەورەتر و فراوانتر بكەین، ئەویش لە پێناو خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانی خۆشەویست و رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجەكانمان لە هەردوو رەگەز، ئەویش بۆ ئەوەی لە رێگەی چێشتخانەكەمان بژێوی خۆیان و خێزانەكانیان دەستەبەر بكەن، لە ئێستاشدا من لە چێشتخانەكەمان بەڕێوبەرم و هاوسەر و منداڵەكان یارمەتیم دەدەن لە دورست كردنەوە تا فرۆشتن و پاك كردنەوەی چێشتخانەكە. سوپاس بۆ خوای گەورە زۆر زۆر دڵم بەوە خۆشە كە توانیومانە ئەم چێشتخانەیە بكەینەوە و لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بین و شار و ڵاتمان بەرەو پێش ببەین، سوپاس بۆخوا خەڵك زۆر لە خواردنەكانمان ڕازیین و پێشوازییەكی باشیش لە كارەكانمان كراوە، زیاتریش لەبەر ئەوە كڕیارمان زۆرە، چونكە خواردنەكان ئافرەت دروستی دەكات و هەمیشە كڕیارەكانم پێم دەڵێن خواردنی دەستی ئافرەت بەتامتر و پاكوخاوێن ترە، شانازی بەوەوە دەكەم كە وەكو ئافرەتێك چێشتخانەیەك بەڕێوە دەبەم و خوازیارم ببمە پردێك بۆ ئەوەی ئافرەتانی دیكەش بهێنمە ناو بازنەی كار و پارە پەیدا كردن،.»

هاوكات لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: «سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ هەوڵ و ماندووبوونتان، سوپاس بۆ خوێنەرانی ئازیز و خۆشەویست هیوای ژیانێكی باشتر بۆ هەموو لایەك دەخوازم، لێرەوە هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ هەموو ئەو خانمانە دەخوازم كە كاردەكەن و لەسەر پێی خۆیان وەستاون و بوێرانە هاتوونەتە نێو مەیدانی كار و بژێوی ژیان پەیدا دەكەن، لێرەوە پێیان دەڵێم دەستتان خۆش بێ».

 

Top