هیوادارین پشتگیری بكرێن

هیوادارین پشتگیری بكرێن

یادی محه‌مه‌د گۆڵپارێزی تیپى تۆپى ده‌ستى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق
هیوادارین پشتگیری بكرێن
تیپى تۆپى ده‌ستى یانه‌ى وه‌رزشیی هه‌ولێر یه‌كێك له‌ تیپه‌ به‌هێزه‌كانى سه‌رئاستى كوردستان و عێراقه‌ و هه‌مووكات ڕكابه‌رى یانه‌ به‌هێزه‌كانى سه‌ر ئاستى خوله‌ به‌هێزه‌كانى كوردستان، كارگێڕى یانه‌كه‌ به‌رده‌وام گرنگى به‌ یاریزانانى ده‌دات، وه‌ ساڵانه‌ بۆ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ وه‌كو خولى یانه‌كانى عه‌ره‌بی به‌شدار ده‌بن، كارگێڕى یانه‌ى هه‌ولێر به‌رده‌وام گرنگی به‌ كچه‌ یاریزانانى یانه‌كه‌ى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى له‌وپه‌ری ئاماده‌ باشیدابن بۆ خول و پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان، كچانى یانه‌كه‌ش له‌ كچه‌ به‌هێزه‌كانى كوردستان و عێراقن و یه‌كێك له‌ گۆڵپارێزه‌ هه‌ره‌ به‌تواناكانى كوردستان و عێراقیش كچه‌ گۆڵپارێز یادی محه‌مه‌د-ه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ به‌رگری له‌ تۆڕى گۆڵى یانه‌ى هه‌ولێرى پایته‌ختى كوردستان ده‌كات، ناوبراو له‌ دایك بووى 1989شارى هه‌ولێره‌ و خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌، جگه‌ له‌ یانه‌ى هه‌ولێر بۆ یانه‌كانى قه‌ڵا و ئافره‌تانى هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ى عێراقی یارى كردوه‌ ، گۆڤاری گوڵانیش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ كرد، ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*تۆپى ده‌ست لاى تۆ چى ده‌گه‌ینێ ؟
-تۆپى ده‌ستى لاى من حه‌ز و ئاره‌زووی خۆمه‌.
*بۆچى به‌رده‌وام ملمڵانی هه‌یه‌ له‌ نێو یاریزانانى شارى هه‌ولێر هۆكارى چییه‌؟
-له‌ ناو هه‌موو وه‌رزشێك كێبڕكێ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م ساڵ جیاواز له‌ ساڵانى پێشوو زیاتر، چونكه‌ یانه‌كانى ئه‌م ساڵ ئاستى یاریزانه‌كانى نزیك له‌ یه‌ك بوون.
*كه‌می ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئێوه‌ى یاریزان؟
-تۆپى ده‌ستى له‌ شارى هه‌ولێر پشتگوێ خراوه‌ زۆر دره‌نگ دره‌نگ تایبه‌ت به‌م یارییه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى ده‌بێ له‌ سه‌ر ئاستى یاریزانان.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
- به‌هۆى نه‌بوونى تواناى دارایى و پاڵپشتى دارایى زۆربه‌ى یانه‌كانى نه‌یانتوانى به‌شدارى بكه‌ن ئه‌وه‌ش ئاسته‌كه‌ى به‌هێز نابێت.
*بۆ پێشكه‌وتنى ئاستى یارى تۆپى ده‌ست چی بكرێت باشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى؟
-بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و یارییه‌ پێشبكه‌وێت یاریزانى تازه‌ پێگه‌یشتوو بهێنن ڕاهێنانیان پێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ ڕووى ماددییه‌وه‌ هاوكارى یانه‌كان بكرێت.
*گرفتى ئێوه‌ى ئافره‌ت له‌ شارى هه‌ولێر زیاتر له‌ چى ڕه‌نگده‌داته‌وه‌؟
-له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ خانه‌واده‌كان رێگر بن بۆ هاتنى كچه‌كانیان بۆ نێو یانه‌ یان یاریگا ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆكار بۆ دروست نه‌بوونى یاریزانى تازه‌.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كه‌ یاریزانێك؟
-خه‌ونى وه‌رزشیی هه‌موو یاریزانێك ئه‌وه‌یه‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ كه‌ بتوانێت وه‌كو یاریزانى پیشه‌گه‌ر یارى بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات بكات.
*ئامانجت له‌ وه‌رزش كردن چیه‌؟
-ئامانجم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئاسته‌ پێشكه‌ش بكه‌م ببمه‌ جێی سه‌رنج بۆ هه‌مووان.
* به‌ چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامیت له‌ نێو یاریگا؟
-سه‌رسامم به‌ گۆڵپارێزى هۆله‌ندی (Tess wester).
*پلانى داهاتووت چییه‌؟
- ئینشاللا له‌ داهاتوو خولى گۆڵپارێزى به‌شدارى بكه‌م و ببمه‌ ڕاهێنه‌رى گۆڵپارێز.
*داواكاریت له‌ به‌رپرسانى وه‌رزشی؟
-هیوادارین پشتگیری بكرێن له‌ ڕووى هه‌موو شتێكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاته‌كانى یاریمان بۆ دیار بكرێت و كه‌ له‌ سالێكدا دووجار بڕوات نه‌ك له‌ چه‌ند سالێك یه‌ك پاڵه‌وانێتى بكرێته‌وه‌ به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌ و پاڵپشتى بۆ یانه‌كان.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان هیوادارم هه‌موو كات پاڵپشتى وه‌رزشكارانى كوردستان بن.

 

Top