له‌ ئێستادا تێڕوانینى كۆمه‌ڵگه‌ باشتره‌

له‌ ئێستادا تێڕوانینى كۆمه‌ڵگه‌ باشتره‌

نارین ره‌حمان یاریزانى تۆپى باله‌ى پێشووى یانه‌ى ته‌ق ته‌ق
له‌ ئێستادا تێڕوانینى كۆمه‌ڵگه‌ باشتره‌
ناحیه‌ى ته‌ق ته‌قی سه‌ر به‌ قه‌زاى كۆیه‌ یه‌كێك له‌م شارانه‌ى كوردستانه‌ كه‌ گرنگیى زۆر به‌ یارى تۆپی باله‌ى ده‌دات هه‌موو كات كچه‌ یاریزانانى ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ به‌رده‌وام ڕكابه‌رى سه‌رسه‌ختى یانه‌كانى ترى كوردستانن، له‌ زۆربه‌ى چاڵاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان ساڵانه‌ تیپه‌ جیاوازییه‌كان به‌شدارن له‌ خوله‌كانى عێراق و كوردستان، یانه‌ى ته‌ق ته‌قیش گرنگیى زۆر به‌ بوارى وه‌رزشى ده‌ده‌ن له‌ سه‌ر ئاستى كچان ، تیپى باله‌ى یانه‌كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین یاریزانى به‌توانایه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ خوله‌كانى كوردستان و عێراق به‌شدارن ، كچانى ته‌ق ته‌ق له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ى خوله‌كانى باله‌ به‌رده‌وام له‌ كێبڕكێ دابوونه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ و شه‌ڕكردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى نازناوه‌كانى كوردستان و عێراق، یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئاستى كوردستان نارین ره‌حمان-ه‌ ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 2002ى قه‌زاى كۆیه‌ و قوتابی په‌یمانگاى ته‌كنیكی كۆیه‌ به‌شى كارگێڕى كار، پێشووتر بۆ هه‌ردوو یانه‌ى كۆیه‌ و ته‌ق ته‌ق یارى كردوه‌ و ئێستا له‌ هیچ یانه‌یه‌ك یارى ناكات ، ئێمه‌ش له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵى ئه‌نجامدا.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
* ئاستى یارى باله‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان ؟
- ئاستێكى مامناوه‌ندى هه‌یه‌، چونكه‌ گرینگیه‌كی زۆری پێ نادرێت به‌ تایبه‌ت یارى باله‌ى كچان.
*كردنه‌وه‌ى كه‌مى پاڵه‌وانێتى ئێوه‌ سارد ناكاته‌وه‌ له‌م یارییه‌؟
- كاریگه‌رییه‌كى زۆرى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستى یاریزانان، چونكه‌ به‌هۆى نه‌بوونى پاڵه‌وانێتى یاریزان ناتوانێت ئه‌و ئاسته‌ پێشكه‌ش بكات كه‌ هه‌یه‌تى.
* چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌رز بكرێته‌وه‌؟
-بودجه‌یه‌كى باش ته‌رخان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره‌یه‌كى باشتر به‌ یاریزانه‌كان بدرێت، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆى به‌ره‌وپێشوونى یاری باله‌ له‌ كوردستان.
* گرفتى وه‌رزشیى یارى باله‌ له‌ چى ده‌بینى ؟
-نه‌بوونى بودجه‌یه‌كى ته‌واو و نه‌بوونى یاریگایه‌كى باش و نه‌بوونى خوله‌كان ئه‌وانه‌ هه‌مووى گرفته‌ بۆ ئه‌م یارییه‌.
*تۆپی باله‌ چى ده‌گه‌ینێ لاى تۆ؟
-به‌ شێكه‌ له‌ ژیانم و یه‌كێكه‌ له‌ خولیا گه‌وره‌كانى من.
*به‌ نیازى چی بۆ داهاتووى خۆت وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-هه‌وڵى ته‌واوى خۆم ده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ى ببم به‌ یاریزانێكى باش له‌ داهاتوودا.
*چۆنه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ بڕیارى یارى كردنت نه‌داوه‌ له‌ یانه‌یه‌ك؟
-له‌ به‌ر هه‌ندێك هۆكار رێك نه‌كه‌وتووه‌ یانه‌یه‌ك هه‌ڵبژێرم.
*تێڕوانینى كۆمه‌ڵگه‌ بۆ وه‌رزش؟
- له‌ ئێستادا تێڕوانینى كۆمه‌ڵگه‌ باشتره‌ له‌ چاو پێشتووتر سه‌باره‌ت به‌ وه‌رزش زیاتر رێگه‌ به‌ كچه‌كانیان ده‌ده‌ن كه‌ بێنه‌ ناو وه‌رزش.
*داواكاری وپێش نیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشیی؟
-داواكاریم له‌ به‌رپرسانى وه‌رزش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خولى زیاتر بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاریزانان دانه‌بڕێن له‌ وه‌رزش كردن و ئاستى خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-ببم به‌ یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانه‌كانى عێراق.
*پلانى داهاتوو وه‌كو وه‌رزشكارێك چیه‌؟
-پلانم ئه‌وه‌یه‌ هه‌وڵ بۆ ئامانجه‌كانم بده‌م و به‌دییان بهێنم له‌ داهاتوودا.
*پاڵه‌وان بوون چ واتایه‌ك ده‌گه‌ینێ لاى تۆ؟
-پاڵه‌وان بوون ئه‌و مانایه‌ ئه‌گه‌یه‌نێت كه‌ دواى چه‌ند ساڵ له‌ ماندووبوون گه‌یشتووی به‌و شته‌ى كه‌ هه‌وڵت بۆ داوه‌.
*به‌چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامیت؟
-كچه‌ یاریزانى به‌رازیلی (Keyt alves)
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاره‌كه‌تان كه‌وا پشتگیری یایزانه‌كانى كوردستان ده‌كات به‌ بێ جیاوازی له‌ شاره‌كانى كوردستان

 

Top