بۆ پاڵنەرەكانی پشت خواستی بەدەستهێنانی بڕوانامە ڕوانگەی جیاواز هەیە

بۆ پاڵنەرەكانی پشت خواستی بەدەستهێنانی بڕوانامە  ڕوانگەی جیاواز هەیە

 

 

ساڵانە ڕێژەیەكی زۆری قوتابییان قۆناغی زانكۆ و پەیمانگە تەواو دەكەن و بەدەستهێنانی بڕوانامە خواستی زۆرینەیانە، وێڕای زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكان ژمارەیەكی زۆری زانكۆ و پەیمانگەی ئەهلی لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، لە بەرامبەردا حەزی دووبارە خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەلایەن هەردوو ڕەگەز بە شێوەیەكی بەرفراوان لە هەڵكشاندایە. هاوكات دامەزراوە ئەكادیمییەكانمان لەو ئاستەدان كە ببنە یارمەتیدەری پرۆسەی پێشخستن و گەشەپێدانی تاكەكانی كۆمەڵگە بە گشتی، بەڵام ئایا لە سەردەمی ئێستادا پرسی بەدەستهێنانی بڕوانامە بۆ چ ئامانجێكە، كە بووەتە باو لەناو خەڵك؟ ئایا بۆ تێكەڵبوون بە بازاڕی كارە؟ ئایا بۆ بونیادنانی داهاتووە؟ ئایا تەنیا بۆ خۆدەرخستنە، یان چاولێكەری؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ڤیان مەحموود زامدار مامۆستای زانكۆیە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی گوڵاندا كە پاڵنەرەكانی پشت خواستی بەدەستهێنانی بڕوانامە چین؟ دەڵێت: «ئەمە جۆرە پرسیارێكە دەبێت بە داتا وەڵام بدرێتەوە و لە قاڵبی توێژینەوەیەكی زانستیدا و بەڕاپرسی لەسەر قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان و قوتابیانی خویندنی باڵا تاوتوێ بكرێت. هەر بۆیە كاتێك لە كوردستان شتێكی وەكو وەڵامی ئەم پرسیارە بە سیفەتگەلی وەكو (باو، دیاردە و.. هتد) وەسف دەكرێت، پێموایە پەلەكردنێكی ڕوونە و پشت ئەستوور نییە بە توێژینەوە و داتا.

تێكۆشان بۆ باشتركردنی گوزەران لە هەموو كایەكاندا، بەجێیە و جیهانییە. ئەمە جێگای ڕەخنە نییە بە شێوە گشتییەكە. سەبارەت بە بەشەكەی دیكەی پرسیارەكەتان، بەپێی توێژینەوە زانستییەكان، پێگەی كۆمەڵایەتی و ناوبانگ لە پاڵنەرە هەرە بەهێزەكانی بیركردنەوە و ڕەفتارەكانی مرۆڤن. لەم بارەیەوە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ توێژینەوە زۆرەكانی (David M. Buss) و (Michael Shermer). لە كۆمەڵگەیەكی وەكو كۆمەڵگەی كوردیشدا، كە تاڕاددەیەكی زۆر نەریتی و داخراوە و داب و نەریت و تێڕوانینی دەستەجەمعی سەردەستەیە، هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە بابەتی خوێندن و ڕشتەی خوێندن و بڕوانامەش بەدەر نابێت لە لاساییكردنەوە و چاولێكەری. بەڵام ئەمە ناكرێت بگشتێنرێت، چونكە هەمیشە كەسانێك هەن بە دوای هێنانەدی خەونی خۆیانەوەن و بە مەعریفە و زانست هەوڵ دەدەن لەو هەژموونە كۆمەڵایەتییە و لەو ڕیزی مێگەلییە دەرچن. سەرلەنوێ، بۆ دەرچوون لەم هەڵە لۆژیكی و پەلەكردنە، باشترین شتێك بیكەین، ئەوەیە بە داتای هەڵێنجراو لە توێژینەوەی زانستی و سەرچاوەی تایبەتمەند لێكدانەوەكانمان بونیات بنێین، كە ئەمەشمان لە كوردستان نییە».

دكتۆر ڕێبین عەزیز بەرزنجی، نەقیبی سەندیكای پزیشكانی ددانی كورستانە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بابەتی بەدەستهێنانی بڕوانامە لەناو خەڵك بووەتە دیاردەیەك و دەتوانین بەدوو لایەن لێكدانەوەی بۆ بكەین.

لایەنی یەكەم: تایبەتە بە دەستكەوتی كەسێتی، ئایا مەبەست بۆ بەرزكردنەوەی ناو و نازناو و ناوبانگە لە نێو خەڵك و كۆمەڵگاو دەستكەوتنی پێگە لەناو كایە ئیدارییەكان، یان برەودان و پێشكەوتنی لایەنی زانستی و لایەنی پیشەیی پسۆڕێتی دیاریكراو و سەرفكردنی هەموو تواناكانە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و كۆمەڵگە و پێشكەوتن و گەشەسەندنی دامەزراوەكانی دەوڵەت؟

لایەنی دووەم: تایبەتە بە دەوڵەت و دامەزراوەكانی میری. ئەمیش بە دانانی پرۆگرام و بەرنامەو پلانی دیراسەكراو بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ وەرگرتنی قوتابیان و دوای تەواوكردنی خوێندن بە جۆرێك بێت لە هەر دوو سێكتەری میری و تایبەتی كەڵك لە تواناكانیان وەربگیرێت و بخرێنە خزمەت كۆمەڵگەكەیانەوە و ژمارەیان پێویست بێت بۆ ئەم مەبەستە. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە مۆڵەت بە زانكۆ ئەهلییەكان بدرێت كۆلێژ و بەشەكانیان بكەنەوە، نەك لەسەر بنەمای دەستكەوتی ماددی بەتایبەتی دەبینین لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هەندێ لە زانكۆ ئەهلییەكان بەشی پزیشكیی ددان و دەرمانسازی دەكەنەوە، لە كاتێكدا دەزانین لە توانای حكومەتدا نەماوە دەرچووانی ئەم دوو بەشە دابمەزرێنن.

بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بۆ پاراستنی بەها زانستییەكان و بەرزكردنەوەی ڕانكی زانكۆكانمان لە ئاست زانكۆ جیهانییەكان هەندێ پێوەری زانستی سەردەمیانە دابنێن و بیكەن بە بنەما بۆ پێكانی ئەم ئامانجانە و لە ئەنجامیشدا بۆ سوود گەیاندن بە تاكەكانی كۆمەڵگە و تەواوی دامەزراوەكانی دەوڵەت.

د. نەزاكەت حسێن مامۆستای زانكۆیە و ڕای وایە: «خواستی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە خواستی مرۆڤەكانە و مافێكی ڕەوای تاكەكانە، ئەویش چ لە ڕووی بەدەستهێنانی زانست، یان دەستكەوتی ماددی بێت. وەرگرتنی بڕوانامە چەند پاڵنەری جۆراوجۆری هەیە و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دی جیاوازە، بەو پێیەی مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و سایكۆلۆژیایەكی ئاڵۆزی هەیە، بە شێوەیەكی گشتی پرسی دەستخستنی بڕوانامە لە هەرێمی كوردستان پاڵنەری جیاوازی هەیە، هەندێك لەوانە بۆ دەستكەوتی ماددی و زیادبوونی مووچەكەیانە، تاكیش هەیە بڕوانامە بە فاكتەرێكی گرینگی وەرگرتنی پۆستی سیاسی دادەنێت و دەیەوێ بەهۆی بڕوانامەكەی وێڕای پۆستی حكوومی پۆستێكی سیاسیی باش وەربگرێت، ڕەنگە كەسانێك بۆ دەستكەوتی مەعنەوی بڕوانامە بەدەست بهێنن، یان بۆ بەهێزبوونی پێگەی كۆمەڵایەتییان هەوڵی وەرگرتنی بڕوانامە دەدەن، لەبەر ئەوە دەكرێ بڵێین پاڵنەرەكان فرەڕەهەندن، لە هەمان كاتیشدا ئەو پرسە لە قۆناغێك بۆ قۆناغێكی دی جیاوازە، ڕەنگە لە قۆناغێك بە هۆی خراپیی دۆخی ئابووری بە ناچاری دەستیان لە خوێندن هەڵگرتبێت، دواجار بە هۆی باشبوونی باری داراییان دووبارە دەچنەوە بەر خوێندن، هەروەها بوونی هەلی خوێندن لە وڵاتانی دیكە ئارەزووی بڕوانامەی زیاتر كردووە.

 

Top