وشە لەنێوان ئەرێنی و نەرێنیدا .؟!

وشە لەنێوان ئەرێنی و نەرێنیدا .؟!

زمان ئەندامێکی ھەستیاری لەشی مرۆڤە کەڕۆژانە بۆ چەند مەبەستێک بەکاری دەھێنێت گرنگترینی دەربڕینە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خۆی و کەسی بەرامبەری دەبێت بەلایەنی ئەرێنی و نەرێنیدا کە ئەویش دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری خودی ئەو کەسەی چۆن ھەڵسەنگاندن لەنێوان بەکارھێنانی وشە دروستکەر و ڕووخێنەرەکاندا بکات، مرۆڤ لەڕێگای مێشکییەوە فرمان بە چەند ئەندامێکی لەشییەوە دەکات کە قورگ و جولەی زمان و لێوەکانییەتی جۆرە دەنگێکی لێوە دەردەچێت سەرەتا لەپێتک دەست پێدەکات بۆ دروستکردنی وشە و ڕستەکان .
زۆرێکمان ئەو چەمکە ھەستیارەمان فەرامۆشکردووە بەبێ گرنگیدان بەوەی چیمان لەدەم دەردەچێت و دەیڵێین دەکەوینە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر زۆرجار وشەکان ئەوەندە کاریگەریان بەسەر مرۆڤدا ھەیە لە شوێنێکی بەرز دەیانخاتە ناو گێژەلۆکێکی ڕووخێنەر و شەرمەزاربووندا بەھەمان شێوەش مرۆڤ بەرزدەکەنەوە بۆ ئاستێک کەسەرکەوتنێکی پێوانەیی ببڕێت ، ئەگەر زیاتر لەڕامانی وشە وردببینەوە وشە لەبنەڕەتدا لەچەند پیتێک پێکدێت کە ھەریەکەیان جۆرە دەنگێکی ھەیە بەیەکەوە لێکدەدرێن وشەیەکی لێ دروست دەکرێت و دواتر بەلێکدانی چەند وشەیەک دەکرێت بەڕستە و ڕستەکانیش دەکرێن بەوتار و کتێب ، مرۆڤ پێویستە پێش ئەوەی بکەوێتە گفتوگۆکردن لەگەل لایەنی بەرامبەر بیربکاتەوە دەیھەوێت چ دەرببڕێت و چ بگەیەنێتە لایەنی بەرامبەر ئایە وشەکان وشەی دروستکەرن یان ڕووخێنەر لەسەر چ بابەتێک دەیھەوێت قسەبکات گرنگە مرۆڤ زیاتر گوێڕایەڵ بێت لەوەی زۆرترین وشە دەربڕێت ئەگەری شەرمەزاری بەدواوەیە بۆیە زیاتر بیرت لەلای ئەوەبێت کە دەتەوێت چی بلێیت و چیت لەدەم دەردەچێت، چونکە گەر وشە لەسەر زمان دەرچوو گەڕانەوەی نییە کەواتە وشەکان چەکێکی بێدەنگن ئەگەر ئاگاداری چۆنییەتی بەکارھێنان و دەربڕینیان نەبین ئەوا دەبێتە ھۆی ڕوخاندن و ناشرین کردنی خۆی یان لایەنی بەرامبەر.
کاریگەری وشە نەرێنییەکان ئەوەندە زۆرە تائاستی کوشتن و داگیرکاری و ڕووخان و ئازاردان و بریندارکردنی ھەستی تاک و کۆمەڵی بەدواوەدێت ئەم لایەنە کاریگەریەکی بەدو شووم بەدوای خۆی دەھێنێت ، کاریگەری وشە ئەرێنییەکان ئەوەندە بەرز و سەنگینە لەنرخاندنی ڕاستەوخۆ پێچەوانەی لایەنی نەرێنییە و زۆر بەزووی دەتوانێت کەسەکان دروستبکات و ئاشتی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگە بگەڕێنێتەوە ، دەربڕین ھەمیشە پێناسەی خاوەنەکەی دەکات کەکێیە و ئاستی ڕۆشنبیری و بیرکردنەوەی چەندە ، کەسایەتی نەبە جل و بەرگەو نەبەڕێکی باڵایە بەڵکوو تەنیا دەربڕین و جووڵە و کردەوەکانی مرۆڤ دەتوانێت مرۆڤ دروستبکات و سەرکەوتووی بکات لەھەمان کاتیش دەتوانێت شەرمەزارت بکات تائاستی داڕووخان و توانای ھەڵسانەوەشی نەمێنێت، لەسەر ھەموو تاکێک پێویستە پێش دەربڕین بیر لەچۆنیەتی دەربڕینی وشەکان بکاتەوە کەسایەتی خۆی و لایەنی بەرامبەری ڕاچاوو بکات، کەسی وتار بێژ زۆر گرنگی بەڕێکخستن و چۆنییەتی دەربڕین و گونجاوی وشەکان دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت زاڵبێت بەسەریان و توشی شەرمەزاریان نەکات زۆرترین کەسیش سوودمەند بێت و سەرەنجیان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت ، لەکۆتایدا پێویستە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشەنگ ئاستی ڕۆشنبیری و مرۆڤ دۆستی و گرنگی بەڕێکخستنی وشەکانمان بدەین لەخۆمانەوە وشە فرێنەدەین پێش ئەوەی بزانین چ وشەیەک لە چ بارودۆخێک و کاتێکدا بەکاردێنین ھەروەک پێشینان گوتوویانە ( شوێنی گولە ساڕێژ دەبێت بەڵام ھەرگیز شوێنی وشە ( قسە) ساڕێژ نابێت ) بۆیە دەبێت زۆر ئاگاداری دەربڕینەکانمان بین و گرنگترینەکانیان ھەڵژێرین و دەریانببڕین، لەیادت نەچێت ( ژیان ڕاگرتنی ھاوسەنگییە لەنێوان دوو جەمسەردا ) وشەکان وەک شوشە ھەستیارن ھەرچەندە جوانیشبن ئەگەر ئاگاداریان نەبین ئازارمان پێدەگەیەنن.

ھێمن شێخ زادە

Top