هونەری نەخش

هونەری نەخش

لە كوردەواریدا دەگوترێت «نەخش و نیگار»، ئەم دوو هونەرە زۆر لە یەكەوە نزیكن. نیگار لە ڕووی بابەت و تەكنیكەوە، وابەستەی گەلێك ڕێسایە، بە هەمان شێوە هونەری نەخش (زەخرەفە)، ئەویش بەرحوكمی كۆمەڵێك ڕێسایە. ڕێژنەیەك خاڵ و هێڵ و فۆرمی هەمەجۆر، بنەمای هونەری نەخشن. ئەم هونەرە بۆ جوانكاری داهێندراوە، قاپ و قاچاخ و پۆشاك، بینا و دراوی وڵاتان و گەلێك شتی دیكە، بە نەخش دەڕازێندرێنەوە.

ئا/ تاریق كارێزی

هونەری نەخش

گەڕان بە دوای جوانی لە ناخی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. بەوەی نەخش هونەری جوانكارییە، ئیدی لە بەرەبەیانی مێژووەوە مرۆڤ خولیای ئەم هونەرە بووە. لە هەموو شارستانیەتێك و لە لای هەموو گەل و نەتەوەیەك، ئەم هونەرە بە گەلێك شێوە و لە زۆر بوارەدا خۆی نواندووە.
لە پاڵ ئەوەی نەخش هونەری جوانكارییە، گەلێك واتاش دەگرێتە خۆ، یاخود بۆ گەلێك ئامانج خۆی تەرخان دەكات، بە نموونە ئێمە باسی هەندێكیان دەكەین:
-بیرۆكەی سادە: مرۆڤی دێرین و بەرایی مێژووی مرۆڤایەتی، خاڵ و هێڵی سادەی بۆ جوانكاری بەكار هێناوە.
-بیرۆكەی هێمادار: كاتێك مرۆڤ هەستی كرد هێزی شاراوە و پەنهان لە گەردووندا هەن، ویستی بە نەخشی هێمادار لەو هێزانە نزیك بێتەوە.
-نووسینی هیمادار: یەكەمین شێوەی نووسینە، لە كوردستان و دووچۆمان و میسر و چین لە شێوەی نووسینی مێخی، هیرۆگلۆفی و چینی پەیدا بوو. نووسینی وێنەدار سەرەتای نووسین بوو، گۆڕا بە هێما، پاشان بوو بە ئەلف و بێ.
-خولیای گیانداران: سەرەتا مرۆڤی دێرین حەز و خەونی پەیوەست بە گیاندارانی لە نێو ئەشكەوتدا، لە شێوەی نیگاری گیاندار بەرجەستە دەكرد، لە لایەن هەندێ نەتەوەش وێنەی گیاندار بوو بە ئارمی وڵاتەكە. هەڵۆ هێمای سەڵاحەدین بوو، ئێستا هێمای حوكمەتی كوردستان و چەند وڵاتێكی عەرەبە. هەژدیها هێمای چینە.
-هێمای ئەندازە: هێڵ و شێوەی ئەندازەیی، بنەمایەكی سەرەكین لە هونەری نەخشدا.
-هێمای بێ سەروبەر: ئەمە لە ئەوروپا، بە تایبەتیش لە فەرەنسا، باو بوو.
-فۆرمی ڕووەك: لق و گەڵا و بەری چەندین جۆرە دار و ڕووەك، بە فراوانی لە نەخشدا بەكار دێن.

هونەری نەخش

-هێمای ڕووتەڵ: لەم تەرحە نەخشەدا، هێمای زەق و ئاشكرا بزر دەبێت، هێمای پەنهان جێی دەگرێتەوە.
خەسڵەتی هونەری نەخش لە چەند خاڵێكدا چڕ دەبێتەوە:
-هاوسەنگی: هەموو بەرهەمێكی نەخش دەبێت هاوسەنگ بێت، لە ڕووی دابەش بوونی فیگەر و پێكهاتەوە، بە هەر چوار ئاراستەی ڕاست و چەپ، سەر و خوار، چەشنی تەرازوو هاوسەنگ بێت.
چونیەكی: لە زۆربەی بەرهەمی نەخشدا، چونیەكی مەرجە، كاتێك لە ناوەڕاستەوە لێی دەڕوانیت، دەبێت لای ڕاست و چەپی نەخش چون یەك (وەك یەك) بن. ئەمەش دوو جۆرە، یەكەم نیوەیان نیوەكەی دیكەیان تەواو دەكات، یان ئەوەتا هەردوو نیوەی لای ڕاست و چەپی، فیت چون یەكن.
-پەل هاویشتن: نەخشی ڕووەك وا باوە پەل دەهاوێت، ئەو پەل هاویشتنەش تەواوی نەخشەكە یان بەشێكی زۆری پێكەوە گرێ دەدات. پەل هاویشتن جاری وا هەیە لە خاڵێكەوە دەست پێ دەكات، جاری واش هەیە لە هێڵێكەوە سەرچاوە دەگرێت، كە بە هەردوو دیودا پەل دەهاوێت.
-گونجان: سروشت بەو هەموو هەمەڕەنگییەی خۆییەوە، گونجانی تێدا باڵادەستە، لە نەخشدا گونجانی نێوان بەشەكان، گرنگترین ڕیسای ئەم هونەرەیە.
-تێك چڕژان: فیگەر و پێكهاتەی نەخش، لە تێك چڕژاندا جوانی و قووڵییەكی زیاتر دەخەنە ڕوو، پتر مایەی سەرنج و ڕامان دەبن.
-دووبارە: بنەمایەكی سەرەكیی هونەری نەخشە، دابەش دەبێتە سەر (3) جۆر: دووبارەی ئاسایی (دووبارەیەكی نەگۆڕ و دوا بە دوای یەكە)، دووبارەی پێچەوانە (یەكەی نەخش بە لای ڕاست و چەپ، سەر و خواردا دووبارە دەبێتەوە)، دووبارەی دووسەرە (دوو یەكەی جیاواز لەگەڵ یەكدا ڕاست و چەپ، خوار و ژوور دەكەن).

Top