سیما تەکیەخام: بەشێکی ئەو کارانەی بە ناوی هونەری هەورامان ئەنجام دەدرێن هونەرەکە ئەشێوێنن

سیما تەکیەخام: بەشێکی ئەو کارانەی بە ناوی هونەری هەورامان ئەنجام دەدرێن هونەرەکە ئەشێوێنن

سەرەڕای ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەسەر کاری ئافرەتان لە بواری هونەریدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام هەمیشە گروپی موزیکی سەرکەوتوو لە رۆژهەڵات هەن کە ژمارەی زۆر ئەندامەکانیان کچی خاوەن بەهرەی هونەرین لە بواری ژەنینی ئامێرەکان و گۆرانی گوتن، سیما تەکیەخام کچێکی تەمەن 29ساڵە، خەڵکی شارە جوان و دڵرفێنەکەی مەریوانە ئاهەنگساز و ژەنیاری تار و سێتارە، و لە زانکۆی هونەری تاران موزیکی بە شێوازی ئاکادیمی خوێندووە و شارەزاییەکی زۆری لەو بوارەدا هەیە، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێکی ئاڕاستە کرد ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دایە.

سیما تەکیەخام: بەشێکی ئەو کارانەی بە ناوی هونەری هەورامان ئەنجام دەدرێن هونەرەکە ئەشێوێنن

* لە چ گروپێکی موزیکی کاری خۆتان ئەنجامداوە؟
- سەرپەرشت و ئەرێنجێری گرووپی (زایەڵە) بووم و چەند کۆنسێرتێکمان لە باشووری کوردستان ئەنجامداوە، وەک ژن هەوڵمان داوە کە لە ئاستی پڕۆفێشناڵیدا کاری موزیک نیشان بدەین، هەروەها ئامانجمان ئەوەیە کە موزیکی ڕەسەن بپارێزین.
* وەک ئافرەتێکی رۆژهەڵاتی ئەو ئاستەنگانە چین کە رووبەڕووتان دەبنەوە؟
- ئافرەتانی هونەرمەند بەردەوام رووبەڕووی کێشەو ئاستەنگی جیاجیا دەبنەوە، زۆرجاریش بە هۆی جیاوازی ئاستی وشیاری فەرهەنگی و فکری بنەماڵەکەت و هەروەها رەنگە لەبەر ژانرێکی موزیکی دیاریکراودا بێت کە ئافرەت کاری تێدا دەکات، بۆ ئەو کێشانە جۆراوجۆرن. ئەگەر کەسێک بیەوێت کە موزیسیانێکی پڕۆفێشناڵ بێت پێویستە زۆربەی کات و ژیانی بۆ تەرخان بکات، بەڵام ژن هەمیشه بەرپرسیاریەتی و ئیش و کاری تریشی لەسەر شانە ئەمەش ئاسان نییە، من بۆ خۆم ئەو بەرپرسیاریەتیە زۆرجار ماندوم دەکات، ئەگەر کاتەکانم بە تەواوی رێک نەخەم دوور نییە لە موزیک دوور بکەومەوە.
* زۆر جار باس لە دواکەوتنی هونەری کوردی دەکرێت، پێتوایە هۆکارەکان چین؟
- دابەشکردنی کوردستان بۆ پارچە بۆتە هۆی نەبوونی بنەڕەتگەلێکی ئاکادیمیک لە بەشە جۆراوجۆرەکانی موزیکی کوردی دا، ئاشکرایە کە لە هەر ناوچەیەکی کوردستاندا جۆرێک لە موزیکی ڕەسەنمان هەیە، یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە ئەو جۆراوجۆریە بناسین و بە شێوازی ئاکادیمیک تەعریفی بکەین وەکو تەواوی میللەتانی جیهان، تا بتوانین لە هەنگاوەکانی تر دا گۆڕانکاری و نوێکاریان لەسەر بکەین.
* لە کام پارچەی کوردستان هونەری کوردی بە گشتی پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە؟
- بە ڕای من لە باکووری کورستاندا، هەم لە بواری تەکنیکی هەم لە بواری پاراستنی ڕەسەنایەتی و پڕۆفێشناڵیەوە پێشکەوتنی بەرچاو بەدی دەکرێت.
* هونەری دەڤەری هەورامان رەسەنایەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە شێواندنی هونەری هەورامی نییە؟
- بێگومان بەشێکی ئەو کارە هونەرییانەی ئێستا بە ناوی هونەری هەورامان ئەنجام دەدرێن هونەرەکە ئەشێوێنێ، چونکە ئەگەر سەرنجی بدەین تەنیا شیعرەکانیان هەورامین و موزیکەکەیان بە گشتی دوورە لە شێوازی موزیکی هەورامی تەنانەت ناتوانین بڵێن کە فیوژنیشن.
* لە خانەوادەکەت کەسی تر هەیە لە بواریدا کاری کردبێت؟
- هەر لە تەمەنی منداڵییەوە من ئاشنای هونەر و موزیک بووم، چونکە لە خانەوادەکەم هونەر بە گشتی بوونی هەبووە وەکو گرافیست، سکاڵێپچڕ، دەف ژەنی و دەنگ خۆشی و گۆرانی وتن.
* هاوسەرەکەت تا چەند هاوکارت بووە لە کارە هونەرییەکانتدا؟
من و هاوسەرەکەم لە بواری موزیکدا لە هەندێک شت دا بیرکردنەوەمان جیاوازە، لە زۆر شتیشدا هاوڕاو هاودەنگین بەڵام هەمیشە هەوڵمان داوە ئەو جیاوازیانەی یەکتر لەبەر چاو بگرێن و رێگریی لێ نەکەین .
* لە هونەرمەندە پیاو و ئافرەتەکان کامیان زیاتر کاریگەرییان بەسەر تۆوە هەبووە؟
- من لە هەر ماوەیەکدا سەرسامی هونەرمەندێک بووم و کاریگەری لە سەرم هەبووە، بەڵام لەم ساڵانەی سەرسامی هونەری میکائیل ئەسڵان و ئاینوور دۆگان بووم.

Top