ژیان ئەحمەد: خوازبێنیكاری زۆرم هەبوو، بەڵام براكانم لە پێناو ئیسراحەتی خۆیان ڕێگرییان لێ دەكردم هاوسەرگیری بكەم

ژیان ئەحمەد:  خوازبێنیكاری زۆرم هەبوو، بەڵام براكانم لە پێناو ئیسراحەتی خۆیان ڕێگرییان لێ دەكردم هاوسەرگیری بكەم

 

 

گەورە كچان كە زیاتر بە «قەیرە» ناویان دەبەن، هەر كامیان هەڵگری هەنبانەیەك لە ئاریشە و ئاستەنگەكانی ژیانی ڕابردووی خۆیانن، زۆریشن ئەو كچە هەناسەساردانەی كە بە هۆی ستەمی كەسە نزیكەكانیان لە مافی دایكایەتی بێبەش دەكرێن، بەتایبەتی ئەو كچانەی بە مەبەستی چاودێریكردنی دایك و باوكیان پرۆسەی هاوسەرگیرییان دوادەخرێت، زۆر جاریش ڕێگرییان لێ دەكرێت، كە دایك و باوكیشی كۆچی دوایی دەكەن، ناچاری دەكەن بچێتە ماڵە برایەكی، ئەو كات براژن و برازاكانی تەحەكوم بە ئافرەتێكی كامل و هۆشیار دەكەن. ژیان ئەحمەد یەكێكە لەو گەورە كچانە ڕاشكاوانی باسی ژیانی ڕابردووی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

 

ئەگەرچی تەمەنی لە پەنجا ساڵ نزیك دەبێتەوە، بەڵام ڕوخساری وا نیشان نادات و چەندین ساڵ لە تەمەنی خۆی منداڵتر دیارە. سەرەڕای ئەوەی كە وەك خۆی باسی دەكات، لە لایەن براكانیەوە «غەدری زۆر»ی لێ كراوە. بە ژیان ئەحمەد خۆی دەناسێنێت و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «وەك كەلتوورێك لەناو بەشێكی خێزانەكان بۆ خزمەتی دایك و باوكی پەككەوتە كچ دەهێڵنەوە، تەنانەت ئەگەر كۆمەڵێك كوڕیشیان هەبێت، ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خزمەتكردنی تاكەكانی خێزان بە تایبەت نەخۆش و بەساڵاچووان خراوەتە ئەستۆی ئافرەت، نەك پیاو، لەو حاڵەتەدا واتە خزمەتكردنی دایك و باوكی پەككەوتە دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كچەی كە لەسەر ماڵە و هێشتا هاوسەرگیری نەكردووە، بۆیە بە ناچاری قوربانی بە خۆی دەدات، چونكە لەوە ڕاهاتووە ئافرەت قوربانیدەری سەرەكییە لە ناو خێزاندا.

ژیان ئەحمەد كچێكی تەمەن 48 ساڵەی دانیشتووی شاری هەولێرە، ئەو دەرچووی قۆناغی ئامادەییە و وەك خۆی باسی دەكات بەهۆی كۆمەڵێك بەربەست نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات و ببێتە خاوەنكار و داهاتی خۆی. لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بەمجۆرە باس لە ڕۆژە ناخۆشەكانی ژیانی ئێستا و ڕابردووی دەكات:

«ئێمە چوار برا و سێ خوشك بووین، من منداڵی چوارەمی دایك و باوكم بووم، كاتێك لە قۆناغی ئامادەیی بووم، باوكم جەڵدەی دڵ لێی دا و چەند ساڵێك كەوتە سەر جێگە، تەواوی خوشك و براكانم لە خوێندن و خۆپێگەیاندنی خۆیان بەردەوام بوون، بە بیانووی ئەوەی كە باوكم منی خۆش دەوێت و لەگەڵ من ئاسوودەیە بە زۆر و زۆرداری منیان لە خوێندن دەرهێنا، ئەگەرچی دایكیشم لە ژیاندا مابوو. ڕۆژان هاتن و تێپەڕین هەموو خوشك و براكانم خوێندنیان تەواو كرد و ژیانی هاوبەشیان پێكهێنا، لەم ماڵە گەورەیەی كە ساڵانێك جمەی دەهات لە خوشك و برا، من و دایكم و باوكم بە تەنیا ماینەوە، زۆری نەبرد دایكیشم بەهۆی پیری و نەخۆشییەوە كەوتە سەر جێگە و دوای ماوەیەك لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكەی ئەمری خوای كرد، من و باوكم بە تەنیا ماینەوە، خوشك و براكانم لە كاتی نەخۆشیی دایكم و هەم باوكم هەقیان بەسەر هیچەوە نەبوو، ڕۆژانی هەینی ئەگەر بۆیان بكرابا سەردانێكی یەك دوو سەعاتیان دەكردین و دەڕۆشتنەوە، ئەوان خەریكی خۆشگوزەرانی و گەورەكردنی منداڵەكانیان بوون، بەوەش نەوەستان، ببووم بە دایەنی منداڵەكانی خوشك و براكانم كە دەچوون بۆ دەوام و بازاڕ و لای دكتۆر منداڵەكانیان دەهێنا بۆ لای من، هەر ڕۆژەی یەكێكیان بە ناوی دەعوەتكردن و نانخواردن ئێمەیان دەبردە ماڵی خۆیان و بە بیانووی ئەوەی منداڵم نییە و سەڵتم ماڵەكانیان بە من پاك دەكردەوە، لە ڕابردوودا خوازبێنیكاری زۆرم هەبوو، بەڵام براكانم لە پێناو ئیسراحەتی خۆیان هەموویان ڕێگرییان لێ دەكردم هاوسەرگیری بكەم، برا گەورەكەم پێی دەگوتم تازە مێردیش بكەی منداڵت نابێ، تەمەنت زۆر بووە و دەبێ مێرد بە پیرەمێردێك بكەی، لە جیاتی ئەوەی خزمەتی پیرەمێردی خەڵكی بكەیت، خزمەتی بابی خۆت بكەیت باشترە، ساڵی پاریش باوكم ئەمری خوای كرد».

ژیان ئەحمەد دوای كۆچی دوایی دایك و باوكی تووشی زۆر نەهامەتی دەبێتەوە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «دوای مردنی دایك و باوكم ژیانم ز‌ور خراپتر بوو، براكانم ڕێگەیان نەدام لە ماڵی خۆم بمێنمەوە، ئەویش بە بیانووی ئەوەی كە من كچی عازەبم و عەیبە بە تەنیا بژیم، هەر چوار ڕۆژ دوای مردنی باوكم براكانم خانووەكەیان هەڕاج كرد، دوو ساڵە بێ ماڵ و حاڵم دوو ساڵە هەر ڕۆژەی لە ماڵی برایەكمم، براژنەكانم تەحەكومم پێ دەكەن، برازا تەحەكومم پێ دەكات، ڕێگە نادەن بچمە دەرەوە و بچمە لای هاوڕێكانم، پێم دەڵێن: ئەوەندە مەچۆرە دەرەوە، دوایی خەڵك پێت دەڵێن لە مێردی دەگەڕێ، هەر ڕۆژێك لە ژیانم تێدەپەڕێ و خۆزگە بە مەرگ دەخوازم، دوای مردنی باوكم چەند خوازبێنییەكم هەبوو، بەڵام دیسان بوونە ڕێگر لە بەردەم ئەوەی منیش وەكو ئەوان ماڵێكم هەبێت و چیتر لەو دەرك و ئەو دەرك نەمێنمەوە، دەیانگوت ئەمە لە ئێمە ناوەشێتەوە، براكانم دەیانگوت ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ ئەوەش بكەی، ئابڕوومان دەچێت و دەڵێن بە كۆمەڵە برایەك خوشكێكیان پێ بەخێو ناكرێ».

 

Top