بە بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە مامۆستای پەروەردەی تایبەت بۆ قوتابیانی خاوەنپێداویستیی تایبەت دابین دەكرێت  

بە بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە  مامۆستای پەروەردەی تایبەت بۆ قوتابیانی خاوەنپێداویستیی تایبەت دابین دەكرێت   

 

بەشی پەروەردەی تایبەت بۆ خزمەتی چینی خاوەن پێداویستیی تایبەت ساڵانێكە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، دەرچووانی ئەو بەشە لە قوتابخانەكان دەتوانن وەك مامۆستای پەروەردەی تایبەت وانە بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بڵێنەوە. بە خۆشحاڵییەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە بڕیاری وەزیری پەروەردە مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەكان بۆ خزمەتی قوتابیی خاوەنپێداویستی تایبەت دابین كراون. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان زیاتر تاوتوێی ئەو پرسە دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

زیاتر لە ملیارێك كەس لە جیهاندا بە شێوەیەك لە شێوەكان خاوەن پێداویستیی تایبەتن كە 15%ی دانیشتووانی جیهان پێك دەهێنن. 110تا 190 ملیۆن كەسیشیان لە كاركردندا ئاستەنگی گەورەیان دێتەبەردەم.

منداڵانی ئەو توێژە شیمانەی نەچوونە قوتابخانەیان زیاترە لە منداڵانی ئاسایی. لە هەموو ژینگە جۆراوجۆرەكان و لەسەرجەم تەمەنەكانیشدا ئەو توێژە كەموكورتی و كەلێنی فێركاریی گەورەیان هەیە، بەڵام لە دەوڵەتە زۆر هەژارەكان كەموكورتییەكانیان زیاترن، لەو دەوڵەتانەش كە منداڵە ئاساییەكان هەموویان دەچنە قوتابخانە، هەموو منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئەوەیان بۆ مەیسەر نابێت. بۆ نموونە لە پۆلیڤیا نزیكەی 98%ی منداڵانی ئاسایی دەچنە قوتابخانە، بەڵام كەمتر لە 40%ی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەچنە بەر خوێندن. لە ئەندەنوسیا 80%ی منداڵانی ئاسایی دەچنە بەر خوێندن، كەچی 25%ی منداڵانی خاوەن پێویستیی تایبەت دەچنە قوتابخانە.

ئەندریا پێشڕەو خاوەنپێداویستی تایبەتە و لە ئێستادا قوتابی زانكۆیە، ئەو هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە بەرز دەنرخێنێت و دابینكردنی مامۆستا بۆ قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە كارێكی گرنگ دەزانێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: «بە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆری خاوەن پێداویستیی تایبەت، حاڵەت و جۆری نەخۆشییەكانیان قورسە و بە تەنیا ناتوانن لە پڕۆسەی فێربوون سوودمەند بن، تەنیا مامۆستای تایبەت و شارەزا دەتوانن یاریدەدەریان بن و ئاسانكارییان بۆ بكەن». وتیشی: «نەبوونی مامۆستای پەروەردەی تایبەت بۆ ئەو خوێندكارانەی كە یەكەم ساڵیانە و دەچنە ناو پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و تانوانن خۆیان بە تەنیا پشت بە خۆیان ببەستن و پێویستیان بە یارمەتی و پاڵپشتیی مامۆستای دووەمە، كێشەیەكی زۆر گەورە و خەمێكی قورسە بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان، لەبەر ئەوەی ڕێگا پێ دراو نییە و دایك و باوك ناتوانن لەگەڵ منداڵەكانیان لە قوتابخانە بمێننەوە، تەنانەت لە چوونە تەوالێت و ڕۆیشتن بۆ فرۆشگای قوتابخانەكە گرفتیان هەیە، زۆری دەوێت تا لەگەڵ ژینگەی كۆمەڵایەتیدا ڕادێن و هاوڕێیان دەبێت. بە دڵنیاییەوە لەو كاتەدا كە مامۆستای وانە بابەتێك دەڵێتەوە و ئەو خوێندكارە گەورەترین كێشەیە و لەو كاتەدا كە ناتوانێت وەك پێویست لە وانەكانی تێ بگات و پێویستیی بە دووبارەكردنەوە هەیە، یان توانای نووسینی نییە، هەروەها نەبوونی مامۆستای دووەم زۆر جار دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەو منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتە لە بچووكترین مافی خۆی كە خوێندنە بێبەش بێت و لە خوێندنگا وەری نەگرن، چونكە مامۆستای وانە نە دەتوانێت ئەو كاتەی كە ئەو پێویستیەتی پێی ببەخشێت، نە ئەو كۆزانیاریی زانستی و كردارییان خوێندووە كە بە هەمان شێوازی دەرچوویەكی پەروەردەی تایبەت شارەزا بن لە چۆنیەتی ڕەفتاركردن بەپێی جۆر و حاڵەتە جیاوازەكانی منداڵانی پەروەردەی تایبەت، بەتایبەتی كە هەر نەخۆشییەك پێویستی بە جۆرێك لە ڕەفتاركردن هەیە و هیچ یەكێكیان لە یەك ناچێت، هەندێكیان پێویستیان بەوەیە مامۆستای دووەم كە مەبەستم مامۆستای پەروەردەی تایبەتە، جارێكی دی و بە شێوازێكی جیاواز وانەكانیان بۆ بڵێتەوە لە ژووری سەرچاوەكان، یان لە نووسیندا یارمەتیدەریان بن». پێشنیاریشی كرد «وەزارەتی پەروەردە هاوكاریی قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بكات، بە وەرگرتنیان لە قوتابخانەكان و دابینكردنی مامۆستای پەروەردەی تایبەت تا ئەوانیش بتوانن لە خوێندن بەردەوام بن و لەو مافە بێبەش نەبن.» وتیشی: «بە ڕاستی زۆربەی منداڵانی كەمئەندام لە خوێندن بێبەشن، یان لە قۆناغێكدا بە هۆی نەبوونی هاوكاریی پێویست بۆیان واز لە خوێندن دەهێنن».

شاخەوان فاتیح ڕاهێنەرو مامۆستای پەروەردەی تایبەت، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە بەوەی كە مامۆستای پەروەردەی تایبەت بۆ قوتابیانی خاوەنپێداویستیی تایبەت دابین دەكرێت، «دەستپێكێكی گەورە و سەرەتایەكی گرنگە بۆ ئاوڕدانەوە لە سێكتەری پەروەردە بەگشتی و پەروەردەی تایبەت بە تایبەتی، كە دەبوو چەند ساڵ لەمەو پێش ئەم كارە بكرایە، بە هەر حاڵ ئێستاش هەر هەنگاوێكی لەم جۆرە ئیش و كاری منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە قوتابخانەكان دا زۆر بەرەو پێش دەبات و جێگەی دەست خۆشی یە كە وەزیری پەروەردە لەهەموو كارەجوانەكانی پەروەردەدا لەهەرە پێشەوەی كابینە یەك لەدوای یەكەكان دا لە پێشی پێشەوە بووەو وەك مێژوویەك ئەم كارەی بۆ خۆی تۆمار كردو زۆرێك لەخەمی مناڵی تایبەتی كەم كردەوەو دایك و باوكی منداڵی تایبەت دەتوانین بڵێین هەتا ڕادەیەكی باش ئاسودە بوون و هەموو بار قورسیەكانی سەر شانیان سووك و ئاسان بوو خەمی چەند ساڵەیان ڕەوێندرایەوە و ئەمە كارێكی هەتا بڵێی لەم كاتەدا گرنگ بوو، چونكە منداڵانی تایبەت ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە زیاد بوندایەو زۆر پێویستیان بەو مامۆستایانە هەیە لە ناوەندەكانی خوێندن دا هەروەها تەخەروجێكی باشیش لە ئێستادا هەیە پێویستە دابمەزرێن و پێویستی ئەو منداڵانە پڕ بكەنەوە لە ناوەندەكانێ خوێندن دا.

من وەك خۆم وەك مامۆستایەكی تایبەت زۆر خۆشحاڵم و دەرچوونی بڕیارێكی لەو شێوەیە لەم كاتەدا زۆر بەپێویست و زەرور دەزانم بۆ پڕ كردنەوەی ئەو كەلێن و بۆشایی یەی لە ناوەندەكانی خوێندن دا دروست بوو بوو سەبارەت بە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت، كە چەند ساڵ بوو ئەو منداڵانە لە ناو ناوەندەكانی خوێندن دا وەك پێویست ئاوڕیان لێ نەدرابوەوەو بەمافە یاسایی یەكانی خۆیان نەگەیشتبوون بەڵام لە ئێستادا ئەتوانین بڵێین هەتا ڕادەیەكی باش ئەتواندرێت بە مافەكانی خۆیان ئاشنا بن و لە تەنیشت منداڵی ئاسایییەوە درێژە بەخوێندن بدەن و ئەم وانەبێژانەی كە تازە داندراون كەمێك لە خەم ئازارەكانیان بڕەوێننە و ئاستیان بەرەو پێش ببەن و

ئیتر لەمڕۆ بەدواوە ئەم مامۆستایانە لە ناو ناوەندەكانی خوێندن دا ببن بە داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی ئەو منداڵانەو چی پێویست بێت بۆیان بەدی بهێنن و بۆیان دابین بكەن

 هاوناز عەبدولكەریم مامۆستای پەروەردەی تایبەت:

 ئەو هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە هەنگاوێگی گرنگ و پێویست بوو، لە ئێستاشدا گرفتەكان هاوشێوەی ڕابردوو بوونیان هەیە و وەكو پێویست چارەسەر نەكراوە، لەوانە نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ لە قوتابخانەكان و نەبوونی پڕۆگرام و مەنهەجی تایبەت بە منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت، كە بۆ ئەو توێژە بە تایبەت داندارابێت، هاوكات گرفتی بینا قوتابخانەكان تایبەت بۆ ئەو قوتابیانەی كە گرفتی جەستەییان هەیە، لەمپەرمان لە قوتابخانەكاندا نییە، بەداخەوە بەڕێوەبەرەكان هاوكاریان نین و لە كاتی وەرگرتنیان كارئاسانیان بۆ ناكەن، بۆ ئەمساڵ كە سەردانی قوتابخانەكانمان كرد ئەوەمان بینی كە زۆربەی بەڕێوەبەرەكان ئامادە نەبوون منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەت لە قوتابخانەكانیان وەربگرن، تەنانەت لەلایەن بەڕێوەبەر و مامۆستاكان ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبینەوە، هەروەها لە كاتی تاقیكردنەوەكان چاودێریان بۆ دابین ناكەن، هاوكات بە هۆی زۆریی ژمارەی قوتابیان و نەبوونی زانیاری لەسەر پەروەردەی تایبەت مامۆستاكانیش ناتوانن بەپێی پێویست هاوكاریی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بكەن، لەبەر ئەوە پێویستە بۆ ساڵی تازەی خوێندن واتا بۆ ئەمساڵ مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت هۆشیاری لە ناو قوتابخانەكان بڵاو بكەنەوە، زانیاری ببەخشنە دەوروبەر و حاڵەتەكان باس بكرێن بۆ ئەوەی هەمووان كێشەكان بناسن و ئەو كات چارەسەری ئاسانتر دەبێت، زۆریش گرنگە مامۆستای پەروەردەی تایبەت پەیڕەو و پڕۆگرام و پلانی پێویستی پێ بێت، هەروەها كۆنتاكتێكی بەهێزی لەگەڵ مامۆستایانی قوتابخانەكە هەبێت، ئەگەر وا نەبێت، منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكە سوودی لێ وەرناگرێت، هەروەها پێویستە هۆشیاری لە نێو خێزانەكاندا و لە نێو قوتابیاندا بڵاو بكرێتەوە، چونكە زۆرجار قوتابی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەلایەن قوتابیانی ئاسایی ڕووبەڕووی تانە و توانج دەبنەوە، بە پێچەوانەوەش زۆر منداڵ هەن كە لە خێزانێكی باش پەروەردە كراون، رەچاوی قوتابیی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكەن و لە كاتی پێویست هاوكاریشیان دەكەن».

 

Top