پەیكەرسازانی كورد

پەیكەرسازانی كورد

ئەو پیشانگایەی ڕۆژی 5/ئەیلوول/2022ز، بە ناوی (پیشانگای پەیكەرسازانی كورد) لە لایەن ناوەندی (7 ڕەنگە)وە لە مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەمنە سوورەكەدا لە سلێمانی كرایەوە، شایستەترین چالاكیی هونەری پەیكەرسازی بوو كە لە ماوەی دەیان ساڵدا لەو بوارەدا ڕێك خراوە. ڕەنگە بپرسن: چۆن، لەبەر چی؟ فەرموون بۆتانی ڕوون دەكەمەوە.

ئا/ تاریق كارێزی

لەم پیشانگایەدا 24 پەیكەرساز بەشدار بوون، بە گوێرەی ستایلی كارەكان، پەیكەرسازانی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان تێیدا بەشدار بوون. پیشانگایەكە دەری خست، هونەری پەیكەرسازی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، ڕێچكەیەكی دروستی گرتووەتە بەر. ئەو ڕێچكەیەی پەیكەرسازانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، جەخت دەكاتە سەر بەرهەم و بابەتی خۆماڵی. هەموو ئەمانە نیشانەیەكی دروستن لەوەی پەیكەرسازانی كوردستان بە ئەرك و پەیامی خۆیان ئاشنان. ئەمەش سەنگێكی زۆر بە هونەرەكەیان دەدات، بە ناسنامەیەكی ڕوونەوە دێنە مەیدان، دارای گوتارێكی بەرجەستە و ڕەوان دەبێت. گەورەترین گەواهی بۆ ئەم بۆچوونە، بایی 21 هەزار دۆلار پەیكەری پیشانگایەكە فرۆشرا. كاتێك هونەر وەك كاڵایەكی دانسقە و دەگمەن كڕیاری دەبێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، هونەر نیشانەی پێكاوە و بووەتە بەشێك لە میرات و ژیان و كولتوور و پێداویستی گەل. ئەمەش ئەنجامێكی هەستیار و كاریگەرە، پێویستە هونەر، ئەگەر هونەر بێت، پێی بگات.

پەیكەرسازانی كورد

هونەری پەیكەر، ئەرك و ئەشك و خەرجی و زەحمەتییەكی زۆری دەوێت، بۆ تەواو كردنی پەیكەرێك، تەكنیك چەند قۆناغێكی كار كردنی دەوێت. لە ناوەندی هونەریشدا، دەبینین ژمارەی پەیكەرساز زۆر لە نیگاركێش كەمترن، دروست كردن و بەرهەم هێنانی پەیكەر، (وەك گوتمان) كار و كات، ئەشك و خەرجیی زۆرتری دەوێت، هەموو هونەرمەندێكی شێوەكار شانی ناداتە بەر. ئەمەشە پاساوی ئەوەی پەیكەرساز كەمن. ئەوانەی خۆیان بۆ هونەری پەیكەرسازی تەرخان دەكەن، لەوە گەیشتوون پەیكەر هونەرێكە لە دەرەوەی هۆڵ و مۆزەخانەش جێی خۆی دەگرێت، لە نێو چەقی شاراندا وەك سیمبوڵ و هێما و ڕواڵەتی كولتوور و میراتی شارستانی، جێ دەگرێت، خۆی لە نێو شەقام و گۆڕەپاندا دەسەلمێنێت، وەك بەشێك لە دیمەنی شار بە ناسنامەوە، پەیكەر بە دەنگی بڵند، بەراتی جوانی و چێژ پەخشان دەكات.

پەیكەرسازانی كورد

كۆ كردنەوەی 24 پەیكەرتاش بۆ پایتەختی ڕۆشنبیریی كوردستان دەسكەوتێكی گەورەیە. خۆ ئەگەر لەو 47 پەیكەرەی لە پیشانگایەكدا نمایش كرا بوون، ورد ببینەوە، تێدەگەین (ناوەندی 7 ڕەنگە) لە چ ئاستێكی پێگەیشتوودا كاری كردووە. تەواوی پەیكەرەكان سیمای شوێن و زەمەن (جوگرافیا و مێژوو)یان لە خۆدا نواند بوو. دروست كردنی پەیكەر بۆ مەزنانی نەتەوە، تێكەڵ كردنی هونەر لەگەڵ بابەتی مرۆڤانەی بەرز، تراژیدیای نەتەوەیەك لە كاروانی تێكۆشانیدا، پەیوەست بوون بە ڕێچكەی ڕیالیست لە هونەردا، هەموو ئەمانە سەنگ و قورساییەكی زۆریان بەم چالاكییە ئاست بەرزەی هونەر بەخشی.
لە گۆشەنیگای ئەم پیشانگایەوە ئەگەر باسی هونەری پەیكەرسازی لە كوردستاندا بكەین، بەرهەم و داهێنانی سەنگین لە بەر دەستدایە، ئیدی كار ئەوە دەخوازێت، هەم كەرتی گشتی و هەم كەرتی تایبەت، لە ئاستی پرۆژەكانی حكومەت و وەبەرهێنەران و سەرمایەداراندا، كار بۆ تێكەڵ كردنی هونەری پەیكەرسازی بە هەموو پرۆژەیەكی ئاوەدانی بكرێت. ئامادە بوونی هونەر، بە تایبەتی پەیكەرسازی لە تەك هونەری تەلاسازیدا، ستاتیكای شوێن بەرز دەكاتە، هەستی جوانخوازانەی خەڵك دەلاوێنێتەوە، پەیام و گوتاری نەتەوە و نیشتیمانیش، بواری نمایش كردن و قسە كردنی دەبێت. شاریش ئەو شارەیە، هونەر زمانی ئاخافتنی بێت.

پەیكەرسازانی كورد
Top