25ی ئەیلوولی 2017 بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان

25ی ئەیلوولی 2017  بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان

 

 

«بە خوای خۆم دەڵێم. بە ئێوەش دەڵێم. من ئەو كەسە نیم خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم بكەم»

سەرۆك مسعود بارزانی

24ی ئەیلوولی 2017

 

 

 هۆكارەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم

سەرەتای ئاڵۆزبوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئاداری ساڵی 2010وە دەست پێ دەكات كە تیایدا بە‌ بردنەوەی لیستی «ئەلعیراقیە» بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەللاوی (وەك لیستی سوننە) و دۆڕاندنی لیستی «دەوڵەتی یاسا» بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی (وەك لیستی شیعە) كۆتایی هات.

لایەنە سیاسییەكانی شیعە ئەوەیان پێ قبووڵ نەكرا كە ئاكامی هەڵبژاردن و دۆڕاندنی سندوقەكانی دەنگدان قبووڵ بكەن و بوار بە لیستی ئەلعیراقییە بدەن كە حكومەت پێكبهێنن. وێڕای دووبارە بژاردنەوەی دەنگەكانیش سەرەنجام ئاكامەكە هەر وەك خۆی مایەوە، بۆیە پەنایان بردە بە تەفسیرێكی تازەی بەناو «دادگای فیدڕاڵی»، بەوەی دەتوانرێت لەناو پەرلەماندا هاوپەیمانی بكرێت و هەر لەناو پەرلەمانیشدا فراكسیۆنی گەورە ڕابسپێردرێت، ئەم هەنگاوە نایاساییە كە بە گوشاری كۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوە، ئەمریكاش بە بێدەنگی سەری ڕەزامەندی بۆ لەقاند.

ئەم كێشمە كێشەی پێكهێنانی كابینەی دووەمی نووری مالیكی نزیكەی نۆ مانگی خایاند و سەرەنجام هەموو لایەك لەسەر ئەوە ڕێككەوتن بێنە هەولێر و لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی لەسەر پێكهێنانی كابینەیەكی تازە لە عێراقدا ڕێك بكەون و ئەم ڕێككەوتنە ناوی لێ نرا «ڕێككەوتنی هەولێر».

ئەم ڕێككەوتنە پێش هەموو شتێك لەسەر ئەو بنەمایە واژووی لەسەر كرابوو كە دەبێت چاوخشاندنەوە بە ئەقڵییەتی حوكمڕانی لە عێراقدا بكرێت و، هەموو لایەنەكان هەوڵ بدەن دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران كەم بكرێتەوە. هەروەها بەپێی ڕێككەوتنەكە بڕیار درابوو «ئەنجومەنێكی سیاسی» پێك بهێنرێت و سەرۆكەكەی د.ئەیاد عەللاوی بێت و دەسەڵاتەكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیران بەش بكات، لەمەش زیاتر ڕێككەوتنەكە 19 خاڵی دیاری كردبوو بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشەكانی عێراق، لەو چوارچێوەیەشدا كە جێبەجێكردنی دەستوور بوو، وەك یەك سەفقە تەواوی مافەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەبوون، بۆ چاودێریكردنی ئەم ڕێككەوتنەش خوالێخۆشبوو د.ڕۆژ نووری شاوەیس كە جێگری سەرۆك وەزیران بوو، وەك نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ چاودێریی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دانرا.

لەسەر ئەم بنەمایە لە 22ی كانوونی دووەمی 2010 كابینەی دووەمی نووری مالیكی ڕاگەیەندرا و هاوكاتیش لە سەرەتای ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئەمریكا و عێراق سەبارەت بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق «SOFA»، ئەمریكا هێزەكانی خۆی كشاندەوە، بەمەش بۆشاییەكی گەورەی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراقدا هاتە ئاراوە، حكومەتی عێراقیش بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی نەك هەر هیچ خاڵێكی لە ڕێككەوتنی هەولێر جێبەجێ نەكرد، بەڵكو كەوتە سەركوتكردنی هەموو سەركردەكانی سوننە لە چوارچێوەی یاسای تیرۆر و هەروەها دەستپێكردنی هەڕەشە بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و هەروەها هەڕەشەكردنیش لە هەرێمی كوردستان.

ماوەی ساڵێكی تەواو 2011-2012 چاوەڕێ كرا بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا ڕاست بكرێتەوە، بەڵام ئەوەی لە سەرەتای 2012 بینیمان، ئەوە بوو حكومەتی مالیكی بە تەواوەتی بەرەو دیكتاتۆریەت لای داوە و ئەنجومەنێكی ڕاوێژكاری بۆ وەزارەتەكان دامەزراندووە و بێجگە لە نووسینگەی سەرۆك وەزیران هیچ وەزارەتێك خاوەن بڕیار نییە و هەنگاوەكانی حكومەتی عێراقیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو سەركوتكاریی زیاتر دەچوون.

لەناو ئەم پاشاگەردانییە سیاسییەی حكومەكەتەكەی نووری مالیكی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دروستی كردبوو، سەرۆك بارزانی لە نەورۆزی 2012 بە ئاشكرا بە هەموو جیهانی ڕاگەیاند: «گەلی كوردستان نابێتە بەشێك لە ڕژێمێكی دیكتاتۆر و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەنگی خەڵكی كوردستان و دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن». دوای ئەم پەیامەی سەرۆك بارزانی بە چەند مانگێك، گۆڤاری كاروباری دەرەوە «foreign affairs» توێژینەوەیەكی وردی بە ناونیشانی «چیمان لە دوای خۆمان بەجێهێشت: جیهان پێشوازی لە دەوڵەتێكی فاشیل دەكات» بڵاو كردەوە.

 

 سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش و

دواكەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆم

لە سەرەتای ساڵی 2013 عەرەبی سوننە لە عێراق كەوتنە ژێر هەڕەشەی دەسەڵاتی عەرەبی شیعە لە عێراقدا و لە سووریاش كەوتنە ژێر هەڕەشەی دەسەڵاتی ڕژێمی عەلەویی بەشار ئەسەد، كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش چۆن فاكتەرێكی سەرەكی بوو بۆ هێشتنەوەی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سووریا، بە هەمان شێوە لە عێراقیش كەوتە دروستكردنی میلیشیای چەكداری شیعەی هەمەجۆر لە ڕێگەی حزبوڵای لوبنانییەوە، لەناو ئەم بارودۆخەشدا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشابوونەوە، هەر بۆیە شەڕەكە بە تەواوەتی ببووە شەڕی «شیعە و سوننە» لە عێراقدا و ڕێكخراوی ئەلقاعیدە لقی عێراق ئیدی ئەو ئەركەی نەما كە شەڕ لە دژی ئیمپریالیزم بكات، بەڵكو كەوتە بەرانبەر دوو ڕژێمی «شیعە و عەلەوی» كە كۆماری ئیسلامیی ئێران و حزبوڵای لوبنانی بەرگرییان لێ دەكردن.

لەسەر ئەم بنەمایە ئەبوبەكر بەغدادی ستراتیژیەتی كارە تیرۆریستییەكانی ڕێكخراوی ئەلقاعیدەی گۆڕی و دوای ئەوەی بەندیخانەی ئەبو غرێبی گرت و بەندییەكانی ئازاد كرد، بۆیان دەركەوت كە دامەزراوەكانی هەر دوو دەوڵەتی سووریا و عێراق لەبەریەك هەڵوەشاون و توانای بەرگرییان نەماوە و لە هەر شوێنێك دەربكەون، عەرەبی سوننەی عێراق و سووریا پێشوازییان لێ دەكەن، هەر بۆیە لە سەرەتای 2014 ڕێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە ناوی خۆی وەك تیرۆریستانی داعش «دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام» ڕاگەیاند و هاوكاتیش شێوازی كردەوە تیرۆریستییەكانیشان لە كاری خۆكوژییەوە گۆڕی بۆ دەست بەسەردا گرتنی هەندێك شوێن لەناو شارەكاندا، بۆ ئەم كردەوانە خۆیان لە هەولێر و كەركووك تاقی كردەوە و لە هەولێر هەوڵیان دا بینایەی ئاسایشی هەولێر بگرن و لە كەركووكیش مۆڵێكی بازرگانی، بەڵام هەر دوو هەوڵەكەیان لەسەر دەستی پیاوانی ئاسایشی كوردستان پووچەڵ كرایەوە و بە كوشتنی سەرجەم تیرۆریستان كۆتایی هات.

بەڵام لە مووسڵ كاتێك هەوڵیان دا بەندیخانەی بادوش بگرن و چەند زیندانییەكی خۆیان ئازاد بكەن، كەچی لە پڕ و لە ڕووداوێكی زۆر چاوەڕوان نەكراودا بینیمان پێنج فیرقەی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق چەكەكانیان دانا و لە بەردەم تیرۆریستانی داعش هەڵاتن و تەواوی پارێزگای نەینەوا بە شاری مووسڵیشەوە بە جێیان هێشت و دوای ئەویش پارێزگاكانی دیكەی سوننە هەموویان كەوتنە ژێر دەسەڵاتی داعش و تیرۆریستانی داعش لە سنووری بەغدا نزیك بوونەوە.

تیرۆریستانی داعش لە سووریاش ناوچەیەكی زۆریان كۆنترۆڵ كردبوو، بەڵام بە كەوتنی مووسڵ لە 10ی حوزەیرانی 2014، ڕۆژی دواتر ئەبوبەكر بەغدادی لە مزگەوتی نووری شاری مووسڵەوە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بە ڕاگەیاندنی ئەم خەلافەتەش هەرێمی كوردستان بە درێژایی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئەو دەوڵەتە تیرۆریستیە بۆ دروست بوو و نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و پەنابەری سووری ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەولەوییەتی سیاسەت و ستراتیژیەتی هەرێمی كوردستانیش لە چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی دەستوور و ڕیفراندۆم گۆڕا بۆ بەرگریكردن و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

لە یەك دوو مانگی یەكەمی دەوڵەتی خەلافەتی داعشدا، هەرێمی كوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی هەوڵی دەدا دەوڵەتانی هاوپەیمان بە گشتی و ئەمریكا بە تایبەتی بگەیەنێتە قەناعەت كە تیرۆریستانی داعش بڕی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار چەكی پێشكەوتوویان لە سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق دەست كەوتووە و ئەوەندەی دیكەشیان لە سوپا و پۆلیسی سووریا دەست كەوتووە، هەر بۆیە ئەگەر تیرۆریستانی داعش هێرش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان ئەوا كوردستان دەكەوێتە بەردەم مەترسیی نەمان، هەر بۆیە ستراتیژیەتی سەرۆك بارزانی ئەوە بوو كە تەنیا شەڕی بەرگری بكرێت و هەر چۆنێك بێت خۆمان لە هێرشی تیرۆریستانی داعش دوور بخەینەوە، بەڵام بێدەنگیی ئەمریكا و هاوپەیمانان و ئەو غروورییەی تیرۆریستانی داعش دوای كەوتنی مووسڵ و شارەكانی دی هەیان بوو، هانیدان ئاراستەی هێرشەكانیان بەرەو هەولێر و شنگاڵ بگۆڕن.

لە هێرشیی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال بە حوكمی ئەوەی لە نێوان شنگال و هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی بەرفراوان هەیە كە شنگال لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە، بۆیە بڕیارەكە بەو جۆرە بوو كە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بكشێتەوە و لە قەدپاڵی چیای شنگال شەڕی تیرۆرستانی داعش بكەن، لە گوندەكانی دەوروبەری شنگالیش تیرۆریستانی داعش گوندی «كۆچۆ»یان گەمارۆ دابوو، بەڵام هێشتا كۆمەڵكوژی و ژینۆساید دژی خوشك و برایانی ئیزدی ئەنجام نەدرابوو، ئەوەی بووە هۆكاری ئەنجامدانی ژینۆساید دوو هۆكار بوو:

1. بەڵێنی هەندێك لە سەرۆك هۆزە عەرەبەكانی ئەو ناوچەیە كە بەڵێنیان بە خوشك و برایانی ئیزدی دابوو بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و ئەوان دەیانپارێزن، پاشانیش بەڵێنەكەی خۆیان شكاند و تێكڕای خوشك و برا ئیزدییەكانیان تەسلیمی تیرۆریستانی داعش كرد.

2. هۆكاری دووەمیشیان وەك بابەكر زێباری «ئەو كات سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بوو» چەندین جار ئاماژەی پێ كردووە، پلانی ڕزگاركردنی خوشك و برایانی ئێزدی لە گوندی كۆچۆ بەو جۆرە داڕێژدرابوو كە بە هاوكاریی هاوپەیمانان هێزێك بە فڕۆكە لەناو كوچۆ بهێنرێنە خوارەوە و ئەو خەڵكە ڕزگار بكرێت، بەڵام پەكەكە ڕێگری لە ئەنجامدانی ئەو پلانە كرد و نەیهێشت جێبەجێ بكرێت، دوای ئەوەش بە چەند ڕۆژێك تیرۆریستانی داعش كۆچۆ دەگرن و هەموو خوشك و برایانی ئێزدی كە ژمارەیان لە سەرووی هەزار كەس بووە، پیاوەكانیان كۆمەڵكوژ كرد و ژنەكانیشیان كردن بە كەنیزەك.

بەڵام ئەو هێزەی پێشمەرگە كە لە قەدپاڵی چیای شنگال بوو، نەك هەر تەسلیمی تیرۆریسستانی داعش نەبوو، بەڵكو بۆ ماوەی زیاتر لە یەك ساڵ و نیو كە تیرۆریستانی داعش لەناو شنگال بوون و زیاتر لە 100 هێرشی ڕێكخراویان كردە سەر مەرقەدی شێخ شەرەفەدین كە لەناو شنگالە نەیانتوانی یەك بست لەو مەزارە نزیك ببنەوە و هەتا شنگال ئازاد كرا، ئەو مەزارە هەر بە دەستی پێشمەرگەی كوردستانەوە بوو. لە هێرشیشیان بۆ سەر هەولێر كە تیرۆریستانی داعش توانییان بۆ چەند ڕۆژێك شاری مەخموور بگرن، بەڵام كە لە هێرشی پێچەوانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانرا دووبارە شاری مەخموور لە تیرۆریستانی داعش پاك بكاتەوە، دوای ئەوەش جیهان گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە هێزێك لەسەر زەوی هەیە ناوی هێزی پێشمەرگەیە و دەتوانێت ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكاتەوە. ئەمە وای كرد كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە گشتی و ئەمریكا بە تایبەتی لە ئاسمانەوە هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بووە سیمبول بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە جیهاندا.

هاوكات لەگەڵ درێژەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، سیاسەتی نێودەوڵەتییش كەوتە ناو گێژاوێكی گەورەوە لەوانە:

1. ڕووسیای فیدڕاڵی لە ساڵی 2014 هەرێمی «كریما»ی ئۆكرانیای لكاند بە خۆیەوە، ئەمە وەك داگیركردنی كوێت بوو لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی 1990، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانی كاردانەوەی هەبێت.

2. لە 2014 دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی دامەزرا كە جیهان نەیدەتوانی وەك دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ بكات.

3. لە 2015 ڕووسیا هاتە ناو شەڕی سووریا و نەیهێشت ڕۆژئاوا ڕژێمی سووریا بڕووخێنێت.

4. لە كۆتایی ساڵی 2015 و سەرەتای 2016 دەنگۆی سەرهەڵدانی كاندیدێكی پۆپۆلیستی ترسناك «دۆناڵد ترەمپ» بوو، كە هەڕەشەی كشانەوەی ئەمریكای لە ناتۆ و تەواوی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەكرد، هەروەها لە بەریتانیا خۆ ئامادە دەكرا بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمێك بكرێت بۆ مانەوە، یان هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا، بۆ ئەمەش لە حوزەیرانی 2016 بەریتانییەكان دەنگیان بۆ دەرچوونی وڵاتەكەیان لە یەكێتیی ئەوروپا دا و لە یەكەم سێ شەممەی نۆڤمبەری 2016 ئەمریكییەكان دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ دا.

لەناو ئەو گێژاوەی كە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێی كەتبوو، سەرۆك بارزانی بە یاوەریی شاندێك لە ئایاری 2015 داوەتی فەرمیی كۆشكی سپی كرا و لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكای ئەو كات «باراك ئۆباما» و «جۆزیف بایدن» كە ئەو كات جێگری سەرۆك بوو، هەروەها لەگەڵ تەواوی ستافی ئیدارەی كۆشكی سپی كۆبووەوە و لەوێ ڕاشكاوانە لەگەڵ باراك ئۆباما باسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی كوردستانی كردبوو، لە وەڵامدا سەرۆك ئۆباما لەگەڵ ئەوەی دژی بیرۆكەی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی كوردستان نەبوو، بەڵام مەرجی ئەوە بوو ئەم پرۆسەیە بخرێتە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.

 

 كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش و

خۆئامادەكردن بۆ ڕیفراندۆم

دوای گەڕانەوەی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لە كۆشكی سپی بەو سەركەوتنە گەورەیە، ئیدی هەوڵەكان بۆ دژایەتیی سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەوڵەتانی ئیقلیمی دەستی پێ كرد و، لە حوزەیرانی 2015 پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرد، بەوەی نابێت سەرۆك ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، بەڵكو دەبێت لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئامانج لەم هەوڵەی پەرلەمانی كوردستان بە پلەی یەكەم بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لەناو گەرمەی شەڕی دژی داعش، بە پلەی دووەم بۆ دوورخستنەوەی سەرۆك بارزانی بوو كە خۆی فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لەناو سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە سەپەرشتی هەموو بەرەكانی شەڕی دژی داعشی دەكرد، ئەم هەوڵەی پەرلەمانی كوردستان دەقاودەق وەك ئەو هەوڵەی ساڵی 1964ی باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی بوو كە دەیانویست مەلا مستەفا بارزانی لە سەرۆكی دوور بخەنەوە. بەڵام هەروەك چۆن مستەفا بارزانی لە ساڵی 1964 لەناو ئەو پاشاگەردانی و پەرتەوازییە جارێكی دیكە جڵەوەكەی گرتەوە دەست و نەیهێشت كوردستان بكەوێتە دەستی داگیركەران، بە هەمان شێوە سەرۆك مسعود بارزانی لە ساڵی 2015 زۆر بە حەكیمی نەك هەر ئەو پاشاگەردانی و پەرتەوازییە سیاسیەی كپ كردەوە، بەڵكو لە كانوونی یەكەمی 2016 لە باشیكەوە كۆتاییهاتنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی ڕاگەیاند و، لە سەرەتای 2017 شەوە هەموو هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی بە كۆدەنگییەكی سیاسی بۆ بڕیاری ڕیفراندۆم بدرێت و ڕۆژەكەی بۆ دیاری بكرێت، بۆ ئەمەش لۆژیكی سەرۆك بارزانی توانی وا بكات لە 7ی حوزەیرانی 2017 بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدرێت و ڕۆژەكەی بە 25ی ئەیلوولی 2017 دیاری بكرێت.

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تەنیا پەند و وانەیەك نەبوو بۆ ئێمەی كوردستانی، بەڵكو پەند و وانەیەكی مێژوویی بوو بۆ دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق و دەوڵەتانی هەرێمی و تەواوی دەوڵەتانی جیهان، ئەو پەند و وانەیەش ئەوەیە كە گەلی كوردستان ئامانجیەتی عێراق نیشتمانی هەمووان بێت لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەی لە ساڵی 2005 هەموو لایەك دەنگیان پێ داوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ڕێز لەو دەستوورە نەگیرێت، ئەوا وەڵامی گەلی كوردستان هەر ئەو «بەڵێ»یە دەبێت كە لە 25ی ئەیلوول بە گوێی هەموو لایەكی دا.

 

Top