پەیام مەحموود: دڵخۆشم كە بێ بەرامبەر خزمەتی خەڵكی دەكەم و سوودیان پێ دەگەیەنم

پەیام مەحموود:  دڵخۆشم كە بێ بەرامبەر خزمەتی خەڵكی دەكەم و سوودیان پێ دەگەیەنم

 

 

مایەی دڵخۆشییە هەرێمی كوردستان وەك ناوەندێكی گرنگی گەشەسەندنی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەرەوپێشچووندایە، لەم نێوەندەشدا خانمانی كورد هەنگاو بە هەنگاو لە كێبڕكێی خۆپێگەیاندندان و چالاكیی گەورە ئەنجام دەدەن. پەیام مەحموود خانمە ڕاگەیاندنكارێكی بەئەزموونە و ساڵانێكە لەم بوارەدا كار دەكات و شانبەشانی كاری ڕاگەیاندن لە یوتوب بۆ فێركاری و دروستكردنی خواردن و كارە دەستییەكانی كەڵك وەردەگرێت. لەم دیمانەیەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە هەوڵ و تەقەڵا و سەركەوتنەكانی خۆی دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

پەیام مەحموود خانمە ڕاگەیاندنكارێكی بەئەزموونە و وەك خۆی دەكات، ماوەی 20 ساڵە لە بواری ڕاگەیاندندا بە هەموو بوارەكانیەوە كارم كردوە (تیڤی، ڕادیۆ و ڕۆژنامە). هەر لە بارەی كارەكانی خۆیەوە دەڵێت: «لە ئێستادا بەرنامەیەكی ڕۆژانەی هەمەڕەنگم لە ڕادیۆ هەیە، لە سۆشیال میدیاش لە هەموو تۆڕەكان چالاكیم هەیە، بەتایبەت چەناڵی یوتیوبەكەم بە ناوی crafty payam و لە تیكتۆك كاری خواردن و شیرینی و كاری دەستی دەكەم.

هۆكاری سەرەكیی دەستكردنم بە كاری یوتیوب حەز و خولیای خۆم بوو، چونكە پێشینەشم هەر بواری ڕاگەیاندن بووە، زۆر حەزم دەكرد چەناڵ دابنێم و ئاسانكاری و فێركاری بۆ خانمان بكەم، هەر چەند ماوەیەكی زۆر نییە دامناوە، بەڵام بەردەوام كاری بۆ دەكەم، زۆریش گەشبین و دڵخۆشم بە كارەكەم، لە ئێستاشدا هەموو كارەكانم تەنیا فێركارییە، لە داهاتووشدا خوا پشتیوانم بێت ئامانجم كاری بزنێس دەبێت».

كاتێك پەیامنێری گوڵان پرسیاری لە بارەی كاركردنی لە بواری بزنێس كرد، لە وەڵامدا وتی: «بێگومان هەوڵم بۆ داوە و بەردەوامم، شتێك هەیە لە كاری یوتیوبدا كە پێویستە ڕەچاوی بكەی، ئەویش ئارامگرتنە، چونكە كارێكی قورسە و درەنگ دەكەوێتە سەرپێی خۆی، منیش بەتەمام كۆڵ نەدەم، تا دەگەم بە تەواوی ئامانجەكانم و زۆریش دڵخۆشم كە لە ڕێی ڤیدیۆكانمەوە بێ بەرامبەر خزمەتی خەڵكی دەكەم و سوودیان پێ دەگەیەنم».

سەبارەت بە هاوسەنگی لە نێوان ژیانی خێزانی و كاری دەرەوە و بەهرەكانیشی وتی: «سوپاس بۆ خوا خێزاندارم و دایكی دوو منداڵم و تا ڕاددەیەكی باش توانیومە لە نێوان كارەكانم و ماڵداری و پەروەردەی منداڵ هاوسەنگی ڕابگرم، سپاس بۆ خوا هاوسەرەكەم زۆر هاوكارمە، چونكە هاوپیشەین و لەیەكتر تێ دەگەین، هیچ كاتێكیش كارەكانم كێشەی بۆ دروست نەكردوم، هەروەها كاری ماڵەوەش ڕێگر نەبووە، تا لە بوارەكەی خۆم سارد ببمەوە. ئەگەر مرۆڤ پشتی بە خودا بەست و لە كارەكانی و بەردەوام بوو، هیچ كات هەست بە ماندووبوون و ساردبوونەوە ناكات، بەتایبەت ئەگەر كارەكەت خزمەت بێ بە خەڵكی، بەتایبەتیتریش كاتێك پۆستێك دەكەم، كۆمێنتێكی زۆرم بۆ دێ لە دەستخۆشی و باس لەوە دەكەن سوودی زۆریان لێ وەرگرتووم، چ لە ڕادیۆ و چ لە سۆشیال میدیا، باوەڕ بكەن چی ماندووبوونم هەیە، نامێنێت، بۆیە بۆ گەیشتن بەو مەبەستانەی هەمە زیاتر خۆم ماندوو دەكەم».

سەبارەت بە ڕوانگەشی لە بارەی كاری بزنێسی خانمان وتی: «زۆر لە سەرەتایە و سادەیە و گەشەی نەكردووە، جارێ زۆری ماوە و خەباتی زۆری دەوێت تا ببنە جێگەی باس و خواست و هیوادارم خانمان هەوڵی زیاتر بدەن و ڕێگە ڕاستەكان بگرن بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگی باش لە بواری بزنێس و پێش بكەون.

 

Top