سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا كرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا كرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا كرد و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی گرنگ لەگەڵ ئەمریكا واژۆ دەكرێ".

ئەمڕۆ چوارشەممە 21/9/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەمریکی كرد بە سەرۆکایەتیی سێلیست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و ئەو یاداشتی لەیەکتێگەیشینە کرا، کە ئەمڕۆ لەنێوان ھەردوولادا تایبەت بە بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و ھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنیی واژۆ دەکرێت.

سەرۆکی حکوومه‌ت سوپاسی پشتیوانیی ئەمریکای کرد بۆ ھێزی پێشمەرگە، بە تایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش، بە تایبەتی کە ئەمڕۆ ئەو یاداشتی لەیەکتێگەیشتنە گرنگە لە نێوان ھەردوولادا واژۆ دەکرێ، خواستی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی ھەمەلایەنە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردەوە.

یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان نیشان دا و ئاماژەی بەوە دا: "جێی شانازییە ئەمڕۆ لێرەم بۆ واژۆکردنی ئەو یاداشتە لەیەکتێگەیشتنە کە نیشانەی بەھێزیی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکایە".

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، کە ئەلینا رۆمەناوسكی باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق و ئیرڤین هیکس، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاندووه‌: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و ئەو یادداشتی لەیەکتێگەیشینە کرد کە ئەمڕۆ لە نێوان ھەردوولادا تایبەت بە بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و ھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنیی واژۆ دەکرێت، ئەمڕۆش ئەو یادداشتی لەیەکتێگەیشتنە گرنگە لە نێوان ھەردوولادا واژۆ دەکرێ".

Top